ڤیستیڤاڵی میتان و گەڕانەوەی هیوا

دەرهێنەر و شۆڕشگێڕی عەفرینی محێدین ئەرسەلان باسی ئەوەیکرد، وێڕای بارودۆخی دژوار، ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی میتان کارێکی بەنرخە و وتی: "ئەمە بە مانایی ئەنجامدانی شۆڕشێکی هونەری دێت".

ڤیستیڤاڵی میتانی شانۆیی بە دروشمی "گەڕانەوە نزیکە، ئێمە بە هیواین" لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی کانوونی دووەم لە شەهبا بەڕێوەچوو. ئەم ڤیستیڤاڵە بۆ یەکەم جار لە سەڵی ٢٠١٤ لە عەفرین ئەنجامدرا و دواتر هەر لە عەفرین ٣ جاریتر ئەنجامدراوە. بەڵام ٥هەمین ڤیستیڤاڵی میتان لە شەهبا بەڕێوەدەچێت. لەم ڤیستیڤاڵەدا ٧ شانۆ لە ماوەی ٨ ڕۆژدا بەڕێوەدەچێت. چەندین شانۆکار لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون و کارە شانۆییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

ڕۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی گەل، ئەندامانی دامەزراوەکان، کۆمەڵێک میوان لە کانتۆنی جزیرە، فورات و ڕەقە هەروەها لە کەرکوکی باشوری کوردستانەوە ئامادەی ڤیستیڤاڵەکە بوون و شانۆیی 'تیرێژ'ی دەرهێنەر محێدین ئەرسەلان نمایشکرا.

شۆڕشی هونەری

دەرهێنەر و شانۆکاری عەفرینی محێدین ئەرسەلان باسی لە بەڕێوەچوونی ڤیستیڤاڵەکە و ئامانجی ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵەکە کرد ئاماژەی بەوەکرد ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵێکی لەم شێوە لە دۆخی شەڕدا کارێکی زۆر گرنگە و وتی: "ئەمڕۆ لە پێنجەهەمین ڤیستیڤاڵی میتان، لەگەڵ خەڵکدا پێکەوە دەژین دەژین. لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر شەڕ و داگیرکاریی و گۆشارێکی زۆردا، ئەنجامدانی ئەم ڤیستیڤاڵە هونەرییە بە مانای 'شۆڕشی هونەریی' دێت. هەرێمی شەهبا لە هەرچوار لاوە گەمارۆ دراوە، کەچی گروپە شانۆیەکانی ڕەقە، تەبقە،کۆبانێ، حەسەکە و هەروەها لە کەرکوکی باشوری کوردستانەوە هاتوون و کارە شانۆییەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن، ئامانجی ئەمەش بۆ ئاشناکردنی کلتور و هونەری یەکترە بە یەکتر.

هەروەها ئەرسەلان کە بە شانۆیی تیرێژ بە شداری ڤیستیڤاڵەکەی کردوە باسی لە شانۆکەی کرد و وتی: "شانۆی تیرێژ بەرخۆدانی ژن بەرامبەر بە سیستەمی دەسەڵاتدار دەرەخات، لە  کاتی بەرخۆدانی زیندانەکاندا. لەم شانۆیەدا باسی لە داگیرکارییەکانی سەر هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین، دەزانین هەموو ئەو دەسەڵاتدارانەیی کە کوردستانیان داگیرکردوە مەبەستیانە کە کولتور و هونەرمان قڕبکەن، لە بەرامبەر ئەوەدا گەلی کورد بەرخۆدان دەکات. ئەم ڤیستیڤاڵەش بەشێکە لەو بەرخۆدانە".