بە دیمەن

د. نیلی جەزرا: ژنانی کورد بە تەنها چەکیان هەڵنەگرتووە، هاوکات کۆمەڵگەش دەگۆڕن

د. نیللی جەزرا ئاماژەی بەوەدا لێگەڕینی ژنانی کورد بە تێکۆشانیان لە دژی داگیرکاریی بەڕێوەدەبرێت و گوتی: "ژنانی کورد بە تەنها چەکیان هەڵنەگرتووە، هاوکات کۆمەڵگەش دەگۆڕن. لە دژی بنەما ڕەگەزپەرستییە کۆمەڵایەتییەکان دەوستنەوە."

نیلی جەزرا

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک بە تەنها لە دژی نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیی، هەروەها لە دژی فشاری سیاسی، سەپاندنی کولتووری و سیاسەتە داگیرکارییەکانیش تێکۆشانێکی فرەلایەنە بەڕێوەدەبرێت.

لە جەزائیرەوە تا فەلەستین، لە ئێرانەوە تا بگات بە کوردستان لە پانتاییەکی بەرفراواندا لە پەروەردەکردنەوە تا نواندنەوەی سیاسی، لە تێکۆشانی ئازادی تا بگات بە بەرخۆدانی چەکداری لێگەڕینی ژنان بۆ دەستهێنانی مافەکانیان بەردەوامی هەیە. هاوکات ژنان داوای ئازادی دەکەن کە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ەوە ڕوونبووەتەوە. یەکێک لەو ژنە لێکۆڵەرانەی کە لە ئاستی ئەکادیمیدا لێکۆڵینەوە دەکات دکتۆر نیلی جەزرایە.

د. جەزرا ژنە ئەکادیمییەکی لوبنانییە لە ژێر چەتری کۆمسیۆنی ئەورووپادا کاردەکات، ماوەیەک پێش ئێستا پەرتووکەکەی بە ناوی 'تێکۆشانی ژنان' بڵاوکردەوە. لەم پەرتووکەیدا سەرنجی خستووەتەسەر بەرخۆدانەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریکراوی ڕۆڵی ژنانی کوردی ڕۆژئاوا.

د. نیلی جەزرا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و هەڵسەنگاندی بۆ تێکۆشانی ژنان کرد، هەروەها پەرتووکەکەی دیاری ژنانی کورد کرد کە بۆ پاراستنی خۆیان چەکییان هەڵگرتووە.

د. نیلی جەزرا لەم ڕووەوە گوتی: "بەڵێ، بە تایبەت تێکۆشانی ژنانی کورد درێژکراوەی تێکۆشانەکانی پێشوویانە، چونکە کورد وەک گەل هیچ کاتێک قبوڵ نەکراوە. لە کاتی دابەشبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی ئیدارەدانەوە کوردان بەسەر تورکیا، عێراق، ئێران و سووریادا دابەش کران.

بەم هۆکارە وەک گەل نەیتوانیوە یەکبگرن و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنن. نموونەیەک؛ ئەرمەنییەکان لە دوای قڕکردنی ئەرمەنییەکان ئەرمەنستانیان درووستکرد و بوونە خاوەن دەوڵەت. بەڵام دان بە کورددا نەنرا. ئەمەش بە تایبەت دوای ڕووداوەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە تورکیادا ڕوویاندا.

بۆیە تێکۆشانی گەلی کورد ماوەیەکی زۆر درێژەی کێشا و ژنانیش بەشداری نێو تێکۆشان بوون. ژنان لەگەڵ پیاواندا لە ئاستی یەکسانییدا وەرگیران؛ ئەمەش دەرفەتی پێدان پەروەردە وەربگرن، چەک بەکاربهێنن و لەگەڵ پیاواندا لە هەمان هەلومەرجدا تێبکۆشن. بەڵام دوای ئەوەی لە ناوچە کوردییەکاندا گرووپە توندرەوە ئاینییەکان دەرکەووتن و یاساکانی خۆیان سەپاند، تێکۆشانی ژنان بە دژ وەستانەوەی ئەم گرووپانەوە بەهێزتربوو.

ئەم قۆناغە بە سەختی تێپەڕی من لە پەرتووکەکەمدا بەتایبەت باسی ئەم بەشە دەکەم. ژنان خۆیان ڕێکخست و بۆ مافەکانیان تێکۆشان".

د. نیلی جەزرا ڕایگەیاند ژنانی کورد بوونە نموونە، چونکە تێکۆشانیان تەنها چەکهەڵگرتن نەبوو بۆ پاراستنی گەلەکەیان، گوتی: " لەهەمان کاتدا ویستیان هەبوونیان وەک ژن قبووڵ بکرێت. بێگومان ئەمە بۆ هەموو ژنان وا نییە- ئێمە هێشتا لە سیستەمێکی پیاوسالاریداین و هەژموونی پیاو زۆر بەهێزە - بەڵام لەڕێگەی ئەم سەرهەڵدانەوە، ژنان ویستویان نەک هەر وەک شەڕڤان، بەڵکو وەکو ژن بناسرێن. ویستیان لەنێو کۆمەڵگادا بەشداربن و ببنە هاوبەشی دەسەڵات."

هەروەها دەربارەی بەرخۆدانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند ڕەوشی ژنان لەوێ زۆر سەختە، بەڵام زۆر بوێرن، سەرەڕای فشارە توندەکان ڕژانە گۆڕەپانەکان، گوتی: "کوشتنی ژینا ئەمینی بزووتنەوەیەکی زۆر بەهێزی لێکەوتەوە و بەشێکی زۆری گەل پشتیوانی ئەم بزووتنەوەیەیان کرد. ئەم ڕاپەڕینەش دەرئەنجامی هەڵوێستی ڕژێم بوو کە ژنانی بێدەنگ کرد و نەیهێشت بە ئازادی قسە بکەن و ناچاریکردن بە حیجاب پۆشین. لە ئێراندا حیجاب سیمبولێکە: سیمبولی سەرکوت و فشارە.

بۆیە لەوێدا کاتێک ژنان سەریان داناپۆشن، ئەمە دەبێتە جۆرێک لە سەرهەڵدان و شۆڕش. هاوشێوەی سەرەتای سەدەی بیستەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوریا، عێراق، میسر، یان سەردەمی عوسمانی. لابردنی حیجاب ڕێگەیەک بوو بۆ سەرهەڵبڕین و بەرەنگاربوونەوەی فشارەکان.

هەرچەند حیجاب ناچارییە، ژنان سەریان دانەپۆشی، بەڵام ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بوونەوە. ئەم فشارە هەندێک چالاکییەک لاوازکرد بەڵام نەیتوانی کۆتایی پێ بهێنێت. تێکۆشانی ژنان بەردەوامە و گۆڕانکاری دەکات. بەڵام ئەمە ئاسان نییە، چونکە ئەم ڕژێمە ساڵانێکی دوور و درێژە ماوەتەوە و پایەی بەهێزی هەیە. بۆیە تێکۆشان ژنان ئاسان نییە و هیوای بوێری و ئازایەتییان بۆ دەخوازم".

لەکۆتایی قسەکانی د. نیلی جەزرا ڕایگەیاند مافەکانی ژنان کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستهاتوون، دەتوانێت دژی فشار و سەرکوت، ببێتە نموونەیەک بۆ ئایندەی ژنانی سوریا.