حەسەن جودی: بەبێ کورد هیچ ستاتۆیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نامێنێتەوە

لە شاری ڤیستەرۆسی سوید، سیمینارێک بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس حەسەن جودی ڕێکخرا. تێیدا جەختکرایەوە، لە ئێستادا کورد کارەکتەرێکی بەهێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە بێ کورد هەژموونی هەبێت.

لە شاری ڤیستەرۆسی سوید، سیمینارێک بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس حەسەن جودی ڕێکخرا. تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ شەڕی ئێران_ئیسرائیل و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان کرا.

حەسەن جودی وتی: "ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگوزەرێت دەتوانین ناوی لێ بنێین جەنگی جیهانیی سێیەم، سرووشتی ئەم جەنگە جیاوازە لە جەنگی جیهانی یەکەم، تەکنەلۆژیا تێیدا کارایە و لەگەڵ ئایدۆلۆژیا لە ناکۆکی و شەڕدایە، تایبەتمەندییەکی ئەم جەنگە ئەوەیە کە لە سنوورێکدا چڕ نەبووەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە لە گەلێک شوێندا تەشەنە بسێنێت، تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەوەیە جەنگێکی پچڕ پچڕە و ماوەیەکی دیاریکراوی نییە بۆ دەستپێک و کۆتایی هاتنی.

ئەم جەنگە لەناو خودی سیستەمی جیهانی بەڕێوەدەچێت و ئەمریکا، ڕووسیا و چین لە ململانێدان، جەنگەکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە تا چەند دەتوانن هەژموونی خۆیان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین بسەپێنن، ئەمانە لە جەنگێکدان بەرانبەر بە تەواوی  تەواوی گەلان، ژنان و ئیکۆلۆژیی ناوچەکە، بۆ بەهێزی هەژموونیشیان پێویستیان بە باڵا دەستییە بەسەر وزەی ناوچەکە".

لە درێژەدا گوتی: "وڵاتانی (ئەمریکا- بەریتانیا، چین و ڕوسیا) سێ پڕۆژەی جیاوازیان هەیە بۆ ئەم مەبەستە، لە بەرانبەر ئەمانەشدا پڕۆژەی هەرێمی هەبوو، کە بریتی بوون لە پڕۆژەی تورکی بەناوی عوسمانی نوێ، ئەم پڕۆژەیە ئێستا شکستی هێناوە، هەروەها پڕۆژەی شیعەگەریی هەبوو ئەویش لە ئێستادا گەشتووەتە شوێنێک خودی ئێران لە بەردەم هەڕەشەی ڕووخان و هەڵوەشاندنەوەدایە، هەروەها پڕۆژەی سەلەفی سعودیش شکستی هێنا، ئێستاش پڕۆژەی ئیسرائیل هەیە، ئەویش دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا بسەپێنێت، کۆی ئەم حەوت پڕۆژەیە ئێستا پێی دەوترێت جەنگی سێیەمی جیهانیی.

حەسەن جودی، لە سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا پڕۆژەی ئەمریکا- بەریتانیا و ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت و پڕۆژەکانی دیکە پاشەکشەیان کردووە، تەنانەت پڕۆژەی چینیش لە پەل و پۆ دەخات، هەژموون و مان و نەمانی چین پابەندە بە ئەم پڕۆژیەوە، هەموو هێزەکان ئامانجیان هەژموونی ئەم ناوچەیە، ئەم وڵاتانە بۆ ئەوەی ببنە ئیمپراتۆرییەتی جیهانی دەبێت ببن بە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بۆ ئەوەی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا زاڵ بیت، پێویستە بەسەر کوردستاندا زاڵ بیت، بەڵام تا ئێستاش کەس نەیتوانیوە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا زاڵ بێت.

پڕۆژەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتانە سەرلەنوێ دیزاین بکرێنەوە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، چونکە ئەم دەوڵەت-نەتەوانە کۆسپن لە بەردەمیاندا، دیزاینەکە سەرچاوەی وزە بە بنەما دەگرێت، بۆیە ئەگەری هەیە هەموو گەلان و کوردیش دیسانەوە وەک ١٠٠ ساڵی ڕابردوو ببنە سووتەمەنی پڕۆژەکەی ئەمریکا، پڕۆژەی چین و ڕووسیایش ئەوەیە پارێزەری ئەم دەوڵەت نەتەوانە بن کە ئێستا هەن، بەڵام لێرەدا پارادۆکسێک هەیە کە ئیسرائیلیش بۆخۆی دەوڵەت نەتەوە- ئاینە، چونکە هەموو دەوڵەت نەتەوەکان یەک سیستەمن، ئێستا چۆن دەوڵەتانی تورکیا، ئێران و ئیسرائیل لە ترسێکی ئۆنتۆلۆژیدان".

حەسەن جودی جەختی کردەوە: "کۆی ئەم حەوت پڕۆژە هیچیان پێنییە بۆ کورد، بەڵام کورد خۆی پڕۆژەی چییە؟ ئێستا بزووتنەوەی ئازادیی کورد کە پێشتر پێی دەوترا پەکەکە، ئەویش خاوەنی پڕۆژەیەکە، بەداخەوە لایەنەکانی دیکەی کورد لەو حەوت پڕۆژەیەی دیکە بەشدارن، تۆ خۆت پڕۆژەت نەبێت و ببیتە خزمەتکاری پڕۆژەکانی دیکە وەکو ١٠٠ ساڵی رابردوومان لێبەسەر دێت، بۆیە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان لە پڕۆژەکەیدا دەیەوێت کورد ببێتە خاوەنی ستاتۆی خۆی لە هەرچوارپارچەی کوردستان لە چوارچێوەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، بەمەش ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکرێت ببێتە خاوەن مۆدیلێکی وەک یەکێتی ئەوروپا.

کێشەی کورد کێشەی ماف، ئازادیی، ناسنامە و خاکە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە برایەتی گەلانە، بەداخەوە گەلانی دیکە هیچ پڕۆژەیەکی نوێی دیموکراتییان نییە و تەنها پڕۆژەی ناسیۆنالیستی و دینگەرایی و مەزهەبگەراییان هەیە، لە ئێستادا تەنها کورد کارکتەرێکی دیموکراتیکە لە ڕۆژهەلاتی ناوین، هەروەها خاوەنی هێزە، بۆیە هەریەک لە دەوڵەتان دەیانەوێت کورد بخەنە ناو پڕۆژەکانیانەوە، ئێستا دەبێت ئێمە لەم شەڕەدا نەبینە لایەنگری هیچ دەوڵەتێک، مێژوو سەلماندوویەتی هەرکاتێک کورد بووەتە لایەنگر زیان و کۆمەڵکوژی لێکەوتووەتەوە.

پێویستە لە ئێستادا کورد یەکگرتوو بێت، هەرناکۆکییەکمان هەبێت پێویستە لەناوخۆدا بێت، دەبێت لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاوشێوەی ڕۆژئاوا خۆمان ڕێکبخەینەوە، خۆمان بکەینە هێز و دەوڵەتان بێنە لای ئێمە نەک ئێمە بچین بۆ لای ئەوان، ئێستا هەرکەسێک بییەوێت هەژموونی هەبێت پێویستی بە کوردە، هیچ ستاتۆیەک لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست نامێنێتەوە بەبێ کورد، کورد ئێستا کاراکتەرە نەک کارت، ١٠٠ ساڵی داهاتوومان پەیوەستە بەم یەک دووساڵەی داهاتوو، هەرکێ هاوکاریی کردین با بیکات بەڵام تەسلیمی نەبین".