بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەپۆلێكی نوێی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر ناوچەكانی ئیسرائیل دەستیپێكردووە، ئامانجە سەرەكییەكانی هێرشی ئێران شارەكانی حەیفا و تەلئەبیبن.
هاوكات، سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ڕایانگەیاندووە، لە هێرشەكەدا نزیكەی ٣٠ مووشەك ئاڕاستەی وڵاتەكەیان كراون.
هێرشی سووپای ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەردەوامە؛ ئەمریکا بەشداری هێرشەکە بوو.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشییان کردووەتە سەر چەندین ناوەندی سەربازی ئێران و بەشێک لە لەو دامەزراوە مووشەکیانەی لێیەوە هێرش دەکرایە سەر ئیسرائیل. سوپا ئاماژەی بەوەشکردووە بە تەواوەتی ئەو ناوەندە مووشەکییانەی ئێران خاپوور کراون.
بەپێی سەرچاوە میدیاکان، فڕۆکە شەبەحەکانی ئەمریکا- بی ٥٢ لە هێرشەکەی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشدار بوون، هاوکات جیا لە بەکارهێنانی بۆمبی تێکشکێنەری ژێرزەمینی، ئەمریکا نزیکەی ٣٠ تۆماهۆکی ئاڕاستەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە.
کاردانەوەکان پەیوەست بە هاتنەوە و بەشداری ئەمریکا بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران
ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئێران بڵاوی كردەوە، هیچ تیشكدانەوەیەكی ئەتۆمی لە ناوچەكانی نزیكی پێگە ئەتۆمییەكان تۆمارنەكراوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: پێشتر ماددە مەترسیدارەكانی ئەتۆم گوازراونەتەوە بۆ شوێنێكی پارێزراو.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی كردەوە، ئەمریكا پێشێلكاریی جدی ئەنجام داوە، هەروەها ئێران هەموو بژاردەكانی بەرگری لە بەردەست خۆی هێشتووەتەوە، هێرشەكانی سەر ئێران پێشێلكارییەكی جدیی ڕێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها ڕووداوەكانی ئەم بەیانییە ترسناكن و لێكەوتەی جدی دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ جێگرەکەی و وەزیری بەرگری وڵاتەکەی هاتە بەردەم ڕۆژنامەنووسان و بە جیهانی ڕاگەیاند، هێرشیان کردوەتە سەر وێستەگە ئەتۆمییەکانى ئێران.
لایخۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ئێران ڕایگەیاند، ئەوەی سەرۆک ترەمپ و ئەمریکا کردیان، بە هیچ وڵاتێکی دیکە ناکرێت، بەڕاستی ئەمریکا بێ هاوتایە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس،سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێمە نیگەرانین لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و ئەوەی ڕوودەدات مەترسیی جدییە بۆسەر ئاشتیی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش.
گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشدا؛ لەوە دەترسین ئەم ململانێ و شەڕە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و ئەمەش بێگومان دەرئەنجام و کاریگەریی زۆر خراپی بۆسەر ناوچەکە و جیهان دەبێت.
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، هێرشەکەی وڵاتەكەیان بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەکانی ئێران بە نادەستووری ناودەبەن و ڕایدەگەیەنن، کە کۆنگرێس پێشتر ئاگادار نەکراوەتەوە
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بڵاوی کردەوە، عێراق نیگەرانیی قوڵی خۆی دەردەبڕێت و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناو خاکی ئێران ئیدانە دەکات، دەشڵێت: ئەم هەڵکشانە سەربازییە مەترسییەکی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووستدەکات.
حكومەتی سعودیە بڵاوی كردەوە، نیگەرانین لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، دەشڵێن، داوای دانبەخۆداگرتن و كەمكردنەوە و دووركەوتنەوە لە پەرەسەندنی گرژییەكان دەكەین.