بابەتی گرنگ

کەجەکە: هێزە دیموکراسیخوازەکان لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەدان- نوێکراوەتەوە

کەجەکە رایگەیاند، هەڵبژاردن بەرپرسیارێتی هێزە دیموکراسیخوازەکانی زیاتر کردووە و ئەوەی خستەڕوو، کە کاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەنجامەکانی تێکۆشان لە دژی فاشیزم بگۆڕدرێت بۆ رێکخستن و چالاکی و لەسەر بنەمای ئازادی گەلی کورد تورکیا دیموکراتیک بکرێت.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند: " لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤دا لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی خۆجێیی بەڕێوەچوو و ئەنجامەکان راگەیەندران. هەم لە رووی هەڵوێستی گەلی کورد، هێزە دیموکراسیخوازە شۆڕشگێڕەکانی و تورکیا و کۆمەڵگەی تورکیاوە، هەمیش لە رووی دۆخی سیاسی نوێی دەرەنجامی ئەو هەڵوێستە، ئێمە ئەم پرۆسەیەی هەڵبژاردن بە گرنگ دادەنێین. لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا لە تورکیا دۆخێکی نوێ هاتەئاراوە، بواری رزگاربوون لە تەنگەزاری و چارەسەری کێشەکانی بەهێزتر و لەبارتر کرد. ئەو دۆخە دەرفەت و هەلی گرنگی خستەبەردەم هێزە سیاسیەکان. وەک بزوتنەوەی ئازادی کورد ئێمە ئەو دۆخە وەک هەل و دەرفەتێکی گرنگ دادەنێین، لێرەوە رایدەگەیەنین، کە مامەڵەکردنی ئێمەش لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەم دەرفەتە دەبێت. لە چوارچێوەی ئەم مامەڵە و بەرپرسیارێتیەدا بە پێویستی دەزانین کە روانین و چاوەڕوانیەکانمان بخەینەڕوو."

لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەڵبژاردن لە کەشێکی دژە دیموکراتیک ئەنجامدرا و ئەوە خراوەتەڕوو، "لە سەر دەستی دەوڵەت لەپێناو دەسەڵاتداری بە رێگە و شێوازی جیاجیا فرت و فێل ئەنجامدرا. بەتایبەتی لە کوردستان ئەو کردەوانە بە شێوەی لەرادەبەدەر و بێسەروبەر ئەنجامدران. سەرباری ساختەکاری و فرت و فێڵەکانیش، بە بێ ئەوەی بە پێویستی بزانن بیشارنەوە سەرباز، پۆلیس و هێزە ملیشیاکانیان بردە شار و شارۆچکەکانی کوردان و بۆ دەنگدان بە ئاکەپە-مەهەپە بەکاریان هێنان. لە رێگەی ئەوانەوە چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان دەستیان بەسەردا گیرا و ئیرادەی گەل زەوت کرا. بەوەشەوە نەوەستان و لە رێگەی دەستەی باڵای هەڵبژاردن (یەسەکە) هەوڵیاندا کە لە کوردستان و تورکیا دەست بەسەر شارە گەورەکاندا بگرن. وەک لە وان بینرا، تەنیا بە بەرخودانی گەل و پشتیوانی رای گشتیی دیموکراتیکی تورکیا بەر بەوە گیرا. لە راستیدا هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە-پەدەکە-حزبوڵا لە کوردستان نەیتوانی دەنگی گەل بەدەستبهێنێت و نەیتوانی شارەوانی بەدەستبخات. هەموو ئەو شارەوانیانەشی کە بەدەستیان هێنان لە رێگەی دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنەوە بوو. دەسەڵاتداری لە تورکیاش بە رێگە و رێبازی جیا فرت و فێڵی کرد، لە سەر دوژمنایەتی کوردان نەژادپەرستی، نەتەوەپەرستی، مەزهەبپەرستی، رەگەزپەرستی و هەموو جۆرە دواکەوتوویەکی هاندا و پەرەیپێدا، بەم جۆرە گوشاری خستە سەر کۆمەڵگەی تورکیا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئاکەپە لە ئاستێکی گەورەدا شکستی هێنا. ئەوەش دەریدەخات ئاکەپە زیاتر لەوە دیارە رووی لە سەرەژێری کردووە. نەک هەر کەمی کردەوە، هەروەها گۆڕدرا بۆ مردوویەکی سیاسی".

گرنگترین ئەنجامی هەڵبژاردن شکست و دۆڕاندنە گەورەکەی ئاکەپەیە

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەم تایبەتمەندییانە:

"بێگومان گرنگترین ئەجامی هەڵبژاردن شکست و دۆڕاندنی گەورەی ئاکەپە کە چارەکە سەدەیەکە تورکیا بەڕێوەدەبات و لەو ماوەیەدا بەهەموو جۆرێک خراپەکاری بەرامبەر بە کۆمەڵگا کردووە. ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان کە بەر لە ٢٢ ساڵ بە بەڵێنی دیموکراسی و ئازادی بە پشتیوانی کۆمەڵگە دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام دواتر مۆری خۆیان لە ژێر هەموو کردەوەیەکی دژە دیموکراتیک دا، لەم هەڵبژاردنەدا گورزێکی گەورەی بەرکەوت و رەوایەتی حکومەتەکەی لەدەستدا. بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا، چارەسەری کێشەکان، گۆڕینی کۆمەڵگا و هێنانەدی داواکارییەکانی دیموکراسی و ئازادی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ئەوە بەرەوپێشچوونێکی زۆر گرنگە. ئاکەپە بە بەڵێنی دیموکراتیکبوون و چارەسەری پرسی کورد پشتیوانی کۆمەڵگەی بەدەستهێنا و بووە دەسەڵاتدار. بەڵام ئەوەی نەکرد، هەروەها زیاتر لە حکومەتەکانی پێش خۆی دوژمنایەتی کوردانی کرد و بەوەش تورکیای بەرەو کارەسات پاڵپێوەنا. لە ژێر حوکمڕانی ٢٢ی ساڵەی ئاکەپە و تەیب ئەردۆغاندا تورکیا گۆڕدرا بۆ کەلاوەیەکی راستەقینە. دواکەوتوویی، داڕوخان، بێ ئەخلاقی، بێ یاسایی، نادادپەروەری گەیشتە بەرزترین ئاست. بەها و بەرهەمهێنانی وڵاتەکە بۆ ئایندەی تاقمێک بەکارهێنرا، کۆمەڵگاش بەرەو برسێتی، هەژاری و نەهامەتی پاڵیپێوەنرا. بۆ ئەوەی کۆمەڵگاش ئەوە قەبوڵ بکات بە دوژمنایەتی کوردان هاندرا، شەڕێکی قورسی تایبەت بەسەر گەلدا جێبەجێ کرا. وایانکرد کە دەوڵەت و کۆمەڵگا بە شەڕی تایبەت بەڕێوە بچێت. ئەو رێگە و رێبازانەی کە حکومەتی ئاکەپە لە هەڵبژاردندا پەنای بۆ بردن، دەریدەخات کە چەندە بێ ئەخلاق بووە، کەوتووەتە دۆخی داڕوخان، هیچی نەماوە کە بیداتە کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی. لەبەر مێشکی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان، ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان کەوتە ئەو دۆخە و ئەوەندە خراپەی بەرامبەر بە کۆمەڵگا کرد. بێگومان دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان، لە بنەڕەت و جەوهەری خۆیدا بۆ دوژمنایەتی بەرامبەر بە ئەخلاقی ئازاد و کۆمەڵگا، دوژمنایەتی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، دوژمنایەتی بەرامبەر بە ئازادی و دیموکراسی دەگەڕێتەوە. هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار کۆتایی بەوە هێنا و ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان دابەزین بۆ دووەم حزب.

ئاکەپە و ئەردۆغان یەکەم جار نییە کە شکست دەهێنن

لە بنەڕەتدا یەکەم جار نییە کە ئاکەپە و ئەردۆغان شکست دەهێنن و دەیدۆڕێنن. لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا ئاکەپە دۆڕاندنی، لە حکومڕانی کەوت. لەبەردەم ستراتیژ و کەشێک کە رێبەر ئاپۆ بۆ هێزە دیموکراسیەکانی ئافراند، ئاکەپە تەیب ئەردۆغان هێزی خۆیان لەدەستدا و نەیانتوانی ببنەوە دەسەڵاتدار. کۆمەڵگەی تورکیا ئەرک و بەرپرسیارێتی خستەسەر شانی ئەو هێزە دیموکراسیخوازانەی کە لە ژێر چەتری هەدەپەدا کۆببوونەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن حکومەت بگرنەدەست. بەڵام تەیب ئەردۆغان لەگەڵ مەهەپە و دەوڵەت باخچەلی فاشیست، نەژادپەرست هاوپەیمانی کرد و نەیهێشت ئەو پرۆسەیە بەرەو دیموکرتیکبوون بچێت. سیاسەتی دیموکراتیک و ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا لەبەر ئەوەی لەبەرامبەر رووداو و پێشهاتەکان وەک پێویست نەجوڵانەوە، میکانیزمی کودەتا خرایەگەڕ. لەو قۆناغەدا کە هەموو جارێک بە تێر و تەسەلی باسی کرا، هەمووان ئازاری سەختیان چەشت، بووە هۆکاری لەدەستدانی گیان، کات و وزە، وڵات و کۆمەڵگا تێچوویەکی قورسیاندا. بەڵام ئێستا ئەو میکانیزمی کودەتایە راگیراوە و ئەوەی بەر لە نۆ ساڵ نەبوو ئێستا جێبەجێ کراوە.

ئەوەی فاشیزمی تێکشکاند، ستراتیژی ژیانی هاوبەش و بەرخودان لەسەر ئەو بناغەبوو

لە تێکشکاندنی فاشیزمدا هەڵوێستی گەلی کورد و هەبوونی تێکۆشان لە کوردستان یەکلاکەرەوەیە. کاراکتەری بنچینەیی ئەو ئەنجامەش گەلی کوردە کە بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی ئازادی تێدەکۆشێت و ستراتیژی ئافراندووە. گەلی کورد و هێزەکانی دیموکراسی لە سەرەتاوە لە بەرامبەر میکانیزمی کودەتای فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە وەستانەوە، خۆڕاگرییان کرد و تێکۆشان. پێشەنگی ئەو بەرخودانەش هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵییە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان خۆڕاگرییان کرد. بە هەزاران هاوڕێی زیندانی لە زیندانەکان خۆڕاگرییان کرد. ژنان و گەنجانی کورد لە بەرامبەر گوشاری فاشیستی و شەڕی تایبەت خۆڕاگرییان کرد. گەلی کورد نەک هەر لە باکوری کوردستان هەروەها لە چوار پارچە و لە دەرەوەی وڵاتیش بەرخودانی گەورەی کرد. لە ناو هەموو هەلومەرجێکدا دەستبەرداری هەڵوێستی ئازادیخوازانە نەبوون و لە کوردستان رێگەیان بە فاشیزم نەدا. لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداردا گەلی کورد ئەو هەڵوێستەی خۆی بە روونی دەربڕی، پێداگری لەسەر هەڵوێستی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکبوونی تورکیادا کرد. لە هەڵبژاردندا رێگەی بە فاشیزم نەدا. ئەوەی فاشیزمی تێکشکاند هەڵوێستی گەلی کورد، هێزە دیموکراسیخوازەکانی تورکیا و بزوتنەوەی ئازادی کورد بوو. هەڵوێستی ژیانی ئازادی گەلی کورد و پێداگری لە دیموکراتیکبوونی تورکیادا دەبێت ببیندرێت و درکی پێبکرێت. بۆ ئەوەی ئەنجامی ئەرێنی بەردەوام بێت و قۆناغەکە بە دیموکراتیکبوون بگاتە ئاکام، ئەوە زۆر گرنگە. بێگومان گەلی کورد ئەو تێکۆشانەی لەگەڵ گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراسیەکان بەڕێوەبرد. ئەوەی فاشیزمی تێکشکاند ستراتیژی ژیانی هاوبەش وبەرخودان لەسەر ئەو بناغە ستراتیژیەبوو.

هێزە دیموکراسیخوازەکان لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەدان

ئەو سەرکەوتنەی لە دژی فاشیزم بەدەستهێنراوە و ئەو ئەنجامانەی بەدەستخراون، بەرپرسیارێتی هێزە دیموکراسیخوازەکان کە داینامیک و توانای تێکۆشانن زیاتر کردووە. سەرەکی ترین کاری ئێمە ئەوەیە کە ئەنجامەکانی تێکۆشان لە دژی فاشیزم رێکبخەین، بیگۆرینی بۆ چالاکی، لەگەڵ گەلدا ئاوێتەی بکەین، لە سەر بنەمای ئازادی گەلی کورد تورکیای دیموکراتیک دابمەزرێنین. ئەوە خەباتێکە کە دەبێت هێزە دیموکراسیخوازەکان جێبەجێی بکەن. هێزە دیموکراسیخوازەکان لەبەردەم ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدان. دەبێت هێزەکانی دیموکراسی ئەو خەباتە بەڕێوەببەن، بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بەجێبگەیەنن و پێشەنگایەتی بۆ پێشهاتە مێژووییەکان بکەن. دەبێت زیاتر یەکڕیزی نێوانیان بپارێزن، باشتر تێکۆشانی ئانتی-فاشیزم بەڕێوەببەن و زیاتر خاوەنداری لە تێکۆشانی دیموکراسی بکەن. پێویستە گەلی کورد لە هەڵوێستی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکبوونی تورکیادا درێژە بە پێداگری خۆی بدات و هێزەکانی دیموکراسیش خاوەنداری لەوە بکەن و پێشەنگایەتی بۆ بکەن.

دەبێت جەهەپە ئەم دەرفەتە مێژووییە ببینێت و بە بەرنامەیەکی دیموکراتیکەوە بچێتە بەردەم گەل

ئەنجامی دیکەی گرنگی هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداریش ئەوەیە کە دوای پەنجا ساڵ جەهەپە بووەوە پارتی یەکەم. ئەو راستیەی کە جەهەپە دوای ٥٠ ساڵ بووەوە بە پارتی یەکەم، دەریدەخات کە کۆمەڵگای تورکیا ئەرکی بەڕێوەبردنی تورکیای بە جەهەپە سپاردووە. لەبەر ئەوە، هەڵوێست و مامەڵەی جەهەپە لە ئێستا بەدواوە گرنگە. لە بابەتی ئەو ئەنجامانەی بەدەستهێنراون، دەبێت سەرەتا جەهەپە یەک لەوانە بەدروست هەڵبسەنگێنێت. ئاشکرایە کە کۆمەڵگای تورکیا هیوای ئەوەی لەسەر جەهەپە هەڵچنیوە کە بەم بەرپرسیارێتیەوە بجوڵێتەوە. ئێمە ئەو دۆخە دەبینین و گرنگی پێدەدەین. بۆ مامەڵەیەکی دروست، سەرەتا دەبێت جەهەپە ئەو ئەنجامەی بە دەستهێنراوە تێبگات و رۆڵی گەلی کورد، گەلانی تورکیا و بزوتنەوەی شۆڕشگێری دیموکراتیکی تورکیا لە تێکۆشان لە دژی فاشیزمدا ببینن. دووەم، دەبێت چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگا لە خۆی بە دروستی درک پێبکات و بە گوێرەی ئەوە بجوڵێتەوە. پێویستی بنچینەییی تورکیا و چاوەڕوانی سەرەکی کۆمەڵگەی تورکیا، دیموکراسیە. کۆمەڵگەی تورکیا بەو هیوایەوە پشتیوانی ئەو جەهەپەیەی کرد کە کۆماری دامەزراند. جەهەپە کە وەک حزب کۆماری دامەزراند، بەو یارمەتی و پشتیوانیەی لە کۆمەڵگای وەرگرتووە دەرفەتی دیموکراتیککردنی کۆماری بەدەستهێناوە. بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە بگێڕێت، پشتیوانی پێویستی پێشکەش کراوە. ئەگەر جەهەپە دەیەوێت سەرلەنوێ رۆڵ بگێڕێت، دەبێت ئەو دەرفەتەی لە ساڵی ١٩٧٣ەوە بەدەستیهێنابوو، بەڵام لەکیسی چووبوو، ئەم جارە بە دروستی  هەڵبسەنگێنێت.

کۆمەڵگەی تورکیا لە ساڵی ١٩٧٣دا پشتگیری جەهەپەی کرد و بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت بەرپرسیارێتی خستبووە سەر شانی. بەڵام جەهەپە لە ژێر سەرۆکایەتی بولەنت ئەجەڤیتدا نەیتوانی دەوڵەتپەرستی وشک، نەتەوەپەرستی و شۆڤێنزم تێپەڕێنێت. ئیرادەیەکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نیشان نەدا و هەنگاوی دیموکراتیکی پێویستی هەڵنەگرت. لەبەر ئەوە دەستکەوتی کۆمەڵگای بەفیرۆدا و هەلی مێژویی لەدەستچوو. ئێستا کۆمەڵگا بەخت و چانسێکی دووەمی بە جەهەپە بەخشیوە. ئەگەر جەهەپە ئەو دەرفەتە هەڵبسەنگێنێت، بۆ دیموکراتیکردنی کۆمار تێبکۆشێت، بەو ئاراستەدا هەنگاو بنێت و ئەو ئیرادەیە نیشان بدات، پشتیوانی پێویست لە کۆمەڵگا و هێزە دیموکراسیخوازەکان وەردەگرێت. کۆمەڵگا دەیبینێت و پاڵپشتی دەکات. هەروەها ئێمە پشتیوانی لەو هەنگاوانە دەکەین کە لەپێناو دیموکراتیکردندا هەڵدەگیرێن. بەڵام ئەگەر جەهەپە ئەو هەڵوێستە نەگرێتەبەر و هەناگوی دیموکراتیک نەنێت، پشتیوانی کۆمەڵگا لە دەستدەدات. دەکەوێتە هەمان دۆخی ئاکەپە. پشتیوانی کۆمەڵگا لە ئاکەپە و چاوەڕوانیەکانی لە ئاکەپە بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکرتیکبوون بوو. بەڵام ئاکەپە لەبەر ئەوەی ئەمەی نەکرد، پشتیوانی کۆمەڵگەی لەدەستدا. لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا کۆمەڵگەی تورکیا بە روونی ئەو هەڵوێستەی نیشاندا. لەو کاتەوە ئاکەپە بەتەواوەتی لە رێگەی کودەتاوە لە سەر حوکم ماوەتەوە. دوای هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران ئاکەپە لە رێگەی کودەتاکانەوە لە دەسەڵاتدا مایەوە و بە رێگەی کودەتاوە تورکیای بەڕێوەبرد. ئاکەپە لەبەر ئەوەی هەنگاوی دیموکراتیکبوونی هەڵنەگرت و بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاوی نەنا، بە پێچەوانەوە نەژادپەرستی، نەتەوەپەرستی، فاشیزم و شەڕی پەرەپێدا، تورکیای گەیاندە لێواری رووخان و رێگەی بۆ کۆتاییهاتنی خۆی خۆش کرد. ئێستا کۆمەڵگەی تورکیا دەیەوێت ئەو دۆخە بگەیەنێتە کۆتایی و لەو دۆخە رزگاری ببێت. لە ٣١ی ئاداردا ئەو هەڵوێستە بە شێوەیەکی روون گیرایەبەر. جەهەپەی کردە پارتی یەکەم و بەرپرسیارێتیەکی بەم جۆرەی خستە سەر شانی. دەبێت جەهەپە ئەوە وەک دەرفەتێکی مێژوویی ببینێت و بە هەڵسەنگاندنی ئەو دەرفەتە بۆ ئەوەی پشتیوانی گەورەتر لە کۆمەڵگا وەربگرێت بۆ ئەوەی کات بکاتە بیانوو، بە بەرنامەیەکی دیموکراتیک بچێتە بەردەم گەل. دەبێت  ئیرادە و بەرنامەی دیموکراتیککردنی کۆمار بخاتەڕوو، هەنگاوی دیموکراتیک بنێت و ئەوە ببینێت کە سەرچاوەی هەموو چەوتی و خراپیەکان ئەوەیە کە ئەو کۆمارەی دایمەزراندووە نەیگەیاندووەتە دیموکراسی و ئەوە نیشان بدات کە کۆتایی بەو دۆخە دەهێنێت. لەبەر ئەوە دەبێت سەرەتا راوەستە لە سەر چارەسەری پرسی کورد بکات کە سەرەکیترین پرسی وڵاتی هاوبەشە. تا پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیکەوە چارەسەر نەکرێن، کۆماریش دیموکراتیک نابێت و ئەستەمە لە قەیرانی ئێستا رزگاری بێت. لە مێژوویی کۆماردا سەرچاوەی هەموو کێشە گەورەکان، خراپەکاری و چەوتیەکان، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بووە. سەرچاوەی هەموو ئاڵۆزیی و چەوتییەکان کە ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان بەسەر تورکیایاندا هێناوە، چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. هەربۆیە رێگەی دەرچوون لە قەیران بە دڵنیاییەوە چارەسەری پرسی کوردە. بۆ ئەوەش دەبێت جەهەپە لەپێناو چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد هەنگاو بنێت.

ئەگەر جەهەپە بەرنامەی دیموکراتیکبوون دەستنیشان بکات و لەسەر ئەو بابەتە بنچینەییانە هەنگاوی پێویست بنێت، پشتیوانی پێویست لە کۆمەڵگە وەردەگرێت. بەو پشتیوانیەش بەختی ئەوەی دەبێت ئەو دیموکراتیکبوونە بهێنێتەدی، کە تورکیا پێویستی پێیەتی. بێگومان بۆ دیموکراتیکبوونیش پێویستی بە کارێکی بێسنوور، هەنگاوی بێسنوور و بێوچان هەیە. بەڵام ناکرێت ئەوە بۆ ماوەیەکی نادیار هەڵبگیرێت، بۆیەش دەبێت لەم ڕووەوە دەستبەجێ ئیرادە نیشان بدرێت و هەنگاوی سەرەتایی بنرێن. وەک هێزە دیموکراسیخوازەکانی کوردستان و تورکیا ئێمە پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێکی راست دەکەین، کە هەڵدەگیرێن. لە چوارچێوەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆمان بەرامبەر بە کۆمەڵگەی تورکیا و دیموکراتیکبوونی تورکیا، ئێمە هەڵوێستی خۆمان بەم جۆرە دەخەینەڕوو."

هـ . ب