کورد و پڕۆسەی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە سلێمانی بە پێشەنگایەتی ناوەندی توێژینەوەی شارپرێس، دیداری "کورد و پڕۆسەی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و تورکیا بەتایبەتی" بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی ناوەندی توێژینەوەی شار لە دەزگای شارپرێس، بە ناونیشانی "کورد و پڕۆسەی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و تورکیا بەتایبەتی" دیدارێک لە چوار پانێل دا سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو،

لە دیدارەکەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەدار، ئەکادیمیسیەن و ڕۆشنبیرانی چوار پارچەی کوردستان و توێژە جیاوازەکان بەشدارییان کرد.

پانێڵیستەکان پێکهاتبوون  لە هەریەک لە عومەر گونەش پارێزەری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و چالاکوانانی سیاسیی شۆڕش حەسەن، جەعفەر علی، حەکیم عەبدولکەریم.

لە پانێڵەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی بەرەو ئاشتیی لە تورکیا و ئاستەنگییە دەستورییەکانی بەردم پڕۆسەی ئاشتیی و پێکەوەژیانیی و ئاسۆی چارەسەری دیموکراتییانە لە بەردەم دۆزی کورددا کرا .

جێی ئاماژەیە هاوکار عیزەت میکە بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی شارپرێس وەک سەرپەرشتایری دیدارەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە: بە پێویستمان زانی ئەو بابەتە گەرمەی کە بووەتە پرسی ڕۆژ لای هەموو کوردێک لە تەواوی جیهان کە ئەویش پرسی ئاشتیی و پەیامەکانی بەڕێز ئۆجالانە بۆ سەرکردە سیاسییەکان و هەم بۆ قەندیل، کە بابەتێکی گرنگە و هەر کەسە و بۆخۆی قسەی لە بارەوە دەکات و دەنووسێت تاوتوێ بکەن و بنرخێنین، ویستمان هەموو ئەو بیروبۆچوونانە کۆبکەینەوە، لە هەمان کاتدا بەرچاو ڕوونییەک بدەینە ئامادەبوان و دەزگا میدیایەکان کە بە چی ئاڕاستەیەک وەک گەلی کورد کار بۆ پرسی ئاشتیی بکەن و پشتیوان و هاوکاری ئەم پڕۆسەیە بکەن.

وتیشی خۆشبەختانە ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەبوان گفتوگۆ و ڕاو سەرنج و پێشنیازی خۆیان خستەڕوو کە هەموو ئەمانەمان ڕیکۆرد کردووە دەیکەینە نامیلکەیەک و هەوڵدەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا پێش ئەوەی پرۆسەکە بە تەواوی دەست پێ بکات بڵاوی بکەینەوە، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان لە تورکیا و هەمیش کورد لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە سودی لێ ببینن.