دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەمشێوەیە:
بۆ رای گشتی هەموو کوردستان و جیهان
رۆژی پێنجشەم ٢٧ی فێوریە پەیامە مێژووییەکەی رێبەر ئاپۆ بڵاو بووە. بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەی بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد، دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و هەروەها گۆڕانکاری بنەڕەتی لە رەوتی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد کردووە. لە رۆژهەڵاتی ناویین دا ئاڵوگۆڕەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و خێرا بەڕێوە دەچن. ناوچەکە چیتر توانای پەنگخواردنەوەو چەقبەستوویی ئەو کێشەو قەیرانانەی نەماوە کە دەرئەنجامی سیاسەتی پاوانخوازانەی دەولەت – نەتەوەکانە. زێهنییەتی نەتەوەپەرەستی هەم وەک سەرچاوەی دروستبوونی کێشەگەلی دژوارو ئەستەم بۆ ناوچەکەو هەمیش وەک لەمپەر مکوڕە لە ئاستەنگکردن بۆ چارەسەریی ئەم کێشانە. لەم نێوەداو بەتایبەتی پرسی کورد، کە بە هۆی روانینی ئەمنی و رێگەچارەی سەرکوتکردن بە هێزی سەربازی کە دەرهاوێشتەی زێهنییەتی دەوڵەت – نەتەوەیە، وەک برینێکی قووڵ و گرێکوێرەی لێهاتووە کە نیشانەیەکی تەواوە لە داماوی رژیمە دەسەڵاتدارەکانی رۆژهەڵاتی ناویینە لە چارەسەرکردنی کێشەکان. بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرییە بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییەو هەروەها دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دەوڵەتی تورکیەو دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە بە مەبەستی چارەسەریی و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی خولقاندووە. بێ گومان بەئاکام گەیشتنی ئەم دەستپێشخەرییەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی، گرێدراوی ئازادیی جەستەیی بەڕێزیان و سەرجەم گیراوانی سیاسی، کۆتایی هێنان بە شەڕ لە لایەن دەوڵەتی تورکیەو هەروەها رەخساندنی کەشی سیاسی دیموکراتیک و لایەنە یاساییەکانە.
رێبەر ئاپۆ لە پەیامی مێژوویی خۆیدا سەرنجی راکێشاوەتە سەر ئەم بابەتەش کە، بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستان سەرەڕای فیداکاریێکی مەزن، لە ئەنجامی تەنگ وچەڵەمەی زێهنییەتی و ئەو پێکهاتەی کە دەرهاوێشتەی روانگەکانی جیهانی دووجەمسەری بوو، نەیتوانی بە تەواوی وڵامدەری چارەسەرکردنی ئەم پرسە بنەچینەییە بێت. نیو سەدە تێکۆشانی بێ هاوتای پارتی کرێکارانی کوردستان نەتەوەی کوردی لە مەترسیی پاکتاوی رەگەزی پاراست و ئەو سیاسەتانەی تێکشکاند کە لە سەر بنەمای حاشاکردن لە هەبوونی گەلەکەمان بەڕێوە دەچوون. نەتەوەی کورد قۆناغی “ژیانەوە” و پرسی هەبوون وەک نەتەوەی بە سەرکەوتوویی تێپەڕ کردو گەیشتە قۆناغی خۆییبوون، خۆبەڕیوەبەری و پێشەنگایەتیکردنی دیموکراسی. بێ گومان سەرخستنی ئەم قۆناغەش پێویستی بە روانگەو رێکاری نوێ بۆ درێژەی تێکۆشان هەیە.
رێبەر ئاپۆ لە هەموو ساڵەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی و دواتریش لە ٢٦ ساڵی تێپەڕبوو لە زیندانی ئیمراڵی دا، تێکۆشانێکی بەرفراوانی لە پێناوگۆڕانکاری زێهنییەتی و ئاڵوگۆڕ لە پاڕادایمی خەباتی تەڤگەری ئازادی لە کوردستان بەڕێوە بردووە. پاڕادایمی نوێی تێکۆشان لە سەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک و ئازادی ژن پێشکەش کرد کە رێنوێنی تێکۆشانی ئێمەیە. دوا پەیام و بانگەوازی رێبەر ئاپۆ گەلێک بابەتی سەرەکی، بەنرخ و ژیانیی لەخۆ گرتووە، ئێمەش وەک پارتێک کە فەلسەفەو پاڕادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کردووەتە بنەمای تێکۆشانی خۆمان، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی خۆمان لە بانگەوازو دەستپیشخەرییەکەی بەڕێزیان بۆ دەستەبەربوونی ئاشتی بەردەوام لە تورکیە رادەگەیەنین و چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە رێگەی وتووێژ وەک چارەسەری بنەڕەتی هەڵدەسەنگێنین و لەگەڵ ئەمە تێکۆشان بۆ ئافراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کەسایەتی ئازاد بە رێگەی گەیشتن بە ئازادی دەبینین.