سەبارەت بە پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ، هاوکات پێدانی مافی هیوا و جێبەجێکردنی، پارێزەری ڕاوێژکار نەریمان ئەحمەد لە دیمانەیەکیدا کە لەگەڵ ڕۆژنیوز ئەنجامی داوە، تیشک دەکاتە سەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی یاساکە و وابەستەبوونی تورکیا پێیەوە.
نەریمان ئەحمەد پارێزەری ڕاوێژکار پەیوەست بە گرنگی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "دیارە جێگەی خۆشحاڵییە ڕێبەرێکی گەورەی وەک ڕێبەر ئۆجالان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامێکی گرنگیدا بەهەموو جیهان و بە تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی نێوان کورد و تورکیا، دیارە ڕێبەر ئۆجالان بەر لەوەشی بچێتە زیندانەوە، وەک فەیلەسوفێکی گەورە وەک ناوبژیوانێک لە نێوان کورد و تورکدا ڕۆڵی گێڕاوە، ئەم ڕۆلە جارێکی تر دەرکەوتەوەپێش، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا کە بۆ بەشێکی زۆری جیهان مایەی خۆشحاڵیبوو لە هەموو دونیاوە پێشوازی لە پەیامەکەی کرا. جارێکیتر پارتی کرێکارانی کوردستان زۆر بە ئاقڵانە وەڵامێکی دڵخۆشکەری دایەوە بەوەی کە پابەندن بە قسە و دیدگاکانی کە ڕێبەرەکەیان دەیکات و تێگەیشتن لە پەیامەکەی، دیارە بێگومان ئەو جۆرە لێدوانانە و ئەو شێوازە لەسەرکردایەتی کردن بە کەسێکی وەک ئۆجالان دەکرێت کە هەموو جیهانی شۆککرد، بە هەموو دونیای وت پارتی کرێکارانی کوردستان ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی و دیموکراسی لە تورکیادا، دەنا جەنگ لە پێناوی جەنگدا نییە."
'پەیامەکە بانگەوازییە بۆ پڕۆژەیەکی چارەسەریی گرنگ و بنەڕەتی'
نەریمان ئەحمەد لە درێژەدا باس لە گرنگی پەیامەکی ڕێبەر ئاپۆ دەکات و ئەمەی گوتووە: "لە پەیامی ئەم جارەیدا چەندین کۆد لە قسەکانیدا هەیە، بەڵام وا دەردەکەوێت پرۆژەیەکی مەزنە، چۆن لە ڕابردوودا سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی پێشنیارکرد بۆ کۆمەڵگە کە جێبەجێبکرێت، کە ئێستا لە بەشێکی کوردستاندا جێبەجێدەکرێت و لە بەشێک لە ناوچەکاندا خۆیانی لەسەر ئیدارە دەکەن، بە هەمان شێوە ئێستا ئەیەوێت درێژەی ئەو سیستەمە بداتە گەلی کورد و گەلانی تری ناوچەکە، ئیدی تورکیا هیچ بیانویەکی ئەو تۆی نەما بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە تورکیادا."
'هەر بڕیارێک دادگاکە بیدات دەبێت تەواوی ئەندامەکانیشی پێوەی پابەندبن'
سەبارەت بە مافی هیوا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕێبەر ئاپۆی زەوتکردووە پارێزەر نەریمان ئەحمەد دەڵێت: "وەک دەزانین لە دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمرالی دادگایی کرا و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا، دواتر بۆ ئەوەی تورکیا لە ناو یەکێتی ئەورووپادا قبوڵ بکرێت دەبوایە سزای لەسێدارەدانی ناهێشتایە، لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا یاسایەکی نوێ هاتا ئاراوە لە تورکیا و بەپێی ئەم یاسا نوێیەش هەموو سزا لەسێدارەدانەکانی گۆڕی بە هەتا هەتایی.
لەساڵی ٢٠٠٦ـدا پارێزەرەکانی بەڕێز ئۆجالان لە تورکیادا دۆزێکیان کردەوە بۆ ئەوەی کە موەکیلەکەیان کە بەڕێز ئۆجالانە لایەق بەو سزا قورسە نییە تا بتوانن دەستکارییەکی بۆ بکەنەوە، ئەوەبوو تورکیا ڕەتیکردەوە، دووای ئەوەی پارێزەرەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە تورکیا دەستەوەستانبوون بۆ ئەوەی شتێک بۆ موەکیلەکەیان بکەن کە بەڕێز ئۆجالانە، پەنایان بردە بەر دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ستراسبۆرگ کە تێیدا ٤٦ دەوڵەت تێیدا ئەندامن و تورکیاش یەکێکە لە ئەندامەکانی، بۆیە هەر بڕیارێک دادگاکە بیدات دەبێت تەواوی ئەندامەکانیشی پێوەی پابەندبن.
لە دوای ئەو بڕیارە هەر زیندانییەک ٢٥ ساڵی حوکمەکەی تێپەڕاند دەتوانێت "مافی هیوا" وەربگرێت کە ئەو سزایەی دەمێنێتەوە لە جێگەیەکی تر وەربگرێت لەژێر چاودێری دەوڵەتی تورکیادا بەسەر ببات، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە ئەم بڕیارە دراوە و تورکیاش پێوەی پابەندکراوە، هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا ڕەتی دایەوە ئەو بڕیارە جێبەجیبکات بەهۆکاری ئەوەی بەڕێز ئۆجالان زیندانێکی سیاسییە، بەڵام جارێکیتر کۆنسەی ئەورووپا تورکیای ئاگادار کردووەتەوە کە پێداچوونەوە بەو بڕیارەیدا بکات و بۆ هەر زیندانییەک لە تورکیادا سیاسی بێت یاخود سیاسی نەبێت، زیندانی هەتا هەتایی بکەن بە ٢٥ ساڵ، ئێستاش ئەم بڕیارە لەسەر مێزی گفتوگۆدایە لە تورکیا و کۆتا مۆڵەت کە داویانە بە تورکیا مانگی ٩ـی ساڵی ٢٠٢٥ـە."
کاریگەری پەیامەکە لەسەر ناوچەکە
پارێزەر نەریمان ئەحمەد پەیوەست بە کاریگەری ئەو پرۆسەیە لەسەر عێراق و باشووری کوردستان دەڵێت: "بێگومان زیانەکانی جەنگ لەڕادەبەدەرن، نەک ئەو وڵاتە بەڵکو وڵاتەکانی دەوروبەریشی دەگرێتەوە، لە ماوەی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆی خۆیدا شەڕ و کوشتاری کردووە و گواستویەتییەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی، عێراق و باشووری کوردستانیش زۆرترین زیانیان بینیوە، بە هۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە سەدان کەس شەهید و ئاوارەبوون، گوندەکان چۆڵکراون، بۆیە زیانەکان تەنها بۆ ناوخۆی تورکیا نییە."
'کاتی ئەوە هاتووە نەتەوەی تورکیش عەقڵییەتی فاشیست تێپەڕێنێت'
پاریزەر نەریمان ئەحمەد لە کۆتاییدا باسی لە پێویستی ڕەخساندی هەلومەرجەکان بۆ بە کردەییکردنی هەنگاوە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و دەڵێت: "دەوڵەتی تورکیا بە تەنها خۆی نا بەڵکو بەشێکی زۆری دەوڵەتانی جیهانیش دنەی دەوڵەتی تورکیا دەدەن کە پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بکات، ئەم پرۆسەیەش لەناو تورکیادا چەندە مەترسی لەناوچوونی هەبێت، لە دەرەوەی تورکیادا مەترسییەکان زیاترن، بۆیە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە نەتەوەی تورکیش عەقڵییەتی فاشیست تێپەڕێنێت."
مافی هیوا چییە
مافی هیوا یەکێکە لەو مافە یاسایی و دەستوورییانەی کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی لێ بێبەشکراوە، بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەش دەرگا بە ڕووی سەدان زیندانی کوردا دەکرێتەوە کە دەیان ساڵە لە زینداندان لەسەر پرسی سیاسی، لە ئێستاشدا گەلی کورد و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا پێداگرن لە بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ ڕێبەر ئاپۆ.