بە دیمەن

هاوڵاتیانی قامیشلۆ تەرمی دوو شەهیدیان بە خاک سپارد

هاوڵاتیانی قامیشلۆ بە پرسەیەکی جەماوەری تەرمی دوو شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک؛ شەهید ڕەشۆ قامیشلۆ و کەماڵ قامیشلۆ-یان بەخاک سپارد.

هاوڵاتیانی شاری قامیشلۆ و گوندەکانی بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان، تەرمی دوو شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕەشۆ قامیشلۆ (هەجار محەمەد) و کەمال قامیشلۆ (دەلیل جەمیل حەبیب)یان بە خاک سپارد. ڕەشۆ قامیشلۆ لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر بەنداوی تشرین لە ٤ی شوباتدا شەهید بوو، هەروەها کەمال قامیشلو لە ٤ی  ئادار لە کاتی تێپەڕاندنی ئەرکدا شەهید بوو.

لە مەراسیمی پرسەکەیدا محەمەد ئەمین ئیبراهیم ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان ڕایگەیاند: "نە کتێب و نە قەڵەم ناتوانن وەسفی فیداکاریی شەهیدان لە پاراستنی گەل و خاکەکەیاندا بکەن."

شایانی بەبیرهێنانەوەیە، ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر مەراسیمێکی غیابیان بۆ شەهید ڕەشۆ قامیشلۆ سازکرد، بەڵام هەڤاڵانی بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی بەرخۆدانێکی قارەمانانەیان ئەنجامدا.

لەمەراسیمەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی قەسەدە نەزیر سۆفی وتی: "شەهید ڕەشۆ و کەمال لە شەڕڤانانی یەکەمی بەرگری لە خاکەکەمانن.

نەزیر سۆفی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "وەک چۆن لە کۆبانی سەرکەوتنمان بەدەست ‌هێنا، لە بەنداوی تشرینیش سەردەکەوین.

هەروەها لە فەرماندەکانی هێزەکانی قەسەدە شڤان محەمەد، لە سەر فەداکارییەکانی شەهید کەمال قسەی کرد و وتی: "شەهید کەمال یەکێکە لە یەکەمین شەڕڤانانی پاراستنی خاکەکەمان و لە درێژەی قسەکانیدا داوا لە گەل کرد درێژە بە پشتیوانیەکانی خۆیان بۆ هێزەکانی قەسەدە بدەن و وتی؛ سەرکەوتن بۆ ئێمەیە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا ناسنامەی هەر دوو شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە.