"پەیامەکەی ئۆجالان بۆ هەموو جیهان سەلماندی کە کورد ئاشتی خوازە"

محەمەد نەسڕەدین ئاماژەی بە گرنگی بانگەوازییە مێژوویەکی ڕێبەر ئاپۆ کرد و گوتی: "ئێمەی کورد لەڕێگەی ئەو دەستپێشخەری و بانگەوازەی بەڕێز ئۆجالانەوە بۆ هەموو جیهانمان سەلماندمان گەلێکی ئاشتی خوازین."

لەدوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەڕ ئاپۆ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ چاودێری سیاسی محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتەمەدار، سەبارەت بە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ و قۆناغی نوێی ئاشتی دوای ئەو بانگەوازییە مێژووییە، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا.

'بانگەوازی ئۆجەلان هەنگاوێكی مێژوویی گرنگە'

محەمەد نەسڕدەین چاودێری سیاسی، بەم شێوەیە باسی لە گرنگی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد، "گۆڕانکارییەکان لە جیهان و بە تایبەتی ئەو گۆڕانکارییانەی کەوا لەم ناوچەیە ڕوویداوە، پێویست بەوە دەکات کە میللەتانی ناوچەکە ڕوو لە ئاشتی بکەن و بە ڕێگای ئاشتی چارەسەری کێشەکانیان بکەن، دیارە کوردیش وەکو هەموو میللەتانی دیکە دەیەوێ کێشەکانی لە ڕێگای ئاشتییەوە چارەسەر بکات بە تایبەتی لە باکوری کوردستان، بۆیە ئەو بانگەوازەی بەڕێز ئۆجەلان و بەهاتنە دەمی ئەو بانگەوازە، هەنگاویەکی مێژوویی زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی کورد و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییە".

'ناوچەکە بگوازینەوە بۆ قۆناغێکی ئاشتی و ئارامی'

هەروەها ناوبراو باسی لە گرنگی پرۆسەی ئاشتی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ چارەسەری کێشەکان، بەو بانگەوازەی بەڕێز ئۆجەلان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کورد باوەڕی بە ئاشتییە و دەیەوێت بە ئاشتی چارەسەری کێشەکان بکات، پێم وایە ئەگەر نییەتێکی جدی هەبێت و بەرامبەر کە تورکیایە ئەگەر باوەڕی بە ئاشتی بێت ئەوە دەتوانین بە ئاشتی سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکەین و ناوچەکەش بگوازینەوە بۆ قۆناغێکی ئاشتی و ئارامی، لەبەرئەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییە دوای ئەو هەموو جەنگەی بەخۆیەوە بینیویەتی، بۆیە ئێستا دەرفەتی ئاشتی هەیە".

'بەدی هێنانی بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئەرکی هەمووانە'

لە درێژەی قسەکانیدا، محەمەد نەسڕدەین ڕایگەیاند: "ئەو ئەرکەی لەسەر شانی گەلی کوردە و بەتایبەتی لە باکوری کوردستان، بەدی هێنانی بانگەوازەکەی سەرۆک ئاپۆیە بۆ ئاشتی، هەر چۆن کورد لە خەباتی چەکداری قوربانی داوە، پێم وایە ئیستاش ئامادەیە هەر قوربانییەک کە بۆ ئاشتی پێویست بێت بیدات، بۆیە ئەم بانگەوازیی ئاشتییە بە دەرفەتێکی باشی ئەبینم، ئەرکە لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان کە پابەندی هاوکاری ئەم بانگەوازە بن، بۆئەوەی ئەم بانگەوازە ببێتە بانگەوازێکی گشتگیر و ئارامی و ئاشتی بۆ هەموو ناوچەکە بێنێتەدی".

'پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەموو جیهان سەلماندی کە کورد ئاشتی خوازە'

هەروەها محەمەد نەسرەدین باسی لە پێشوازی وڵاتانی جیهان کرد لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئۆجەلان و ڕایگەیاند: "دیارە ئەو پێشوازییە گەرمەی لەو بانگەوازەی سەرۆک ئاپۆ کرا، لەلایەن سەرجەم بەرپرسانی سیاسی لە کوردستان، هەروەها لە سەرجەم نێوەندە نێودەولەتییەکانی دەسەڵات لە جیهاندا بە تایبەتی وڵاتە ئەورووپییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و تاوەکو زلهێزێکی وەکو ئەمەریکا ئەو پرۆسەیە بە گرنگ دەزانێت، کەواتا ئەمڕۆ کورد بۆ هەموو جیهانی سەلماندی کە ئاشتی خوازە و دەیوێت کێشەکانی لە ڕێگای ئاشتییەوە چارەسەر بکات، بۆیە بەشێک لەو پابەندییە ئەخلاقییەی کە لەسەر کورد بوو جێبەجێی کردووە بۆئەوەی ڕایبگەینێت کە "بەڵێ ئامادەیە بۆ هەموو پرۆسەیەکی ڕاستەقێنەی ئاشتی".

'ئەگەر پرۆسەکەی شکست بهێنێت ئەوە هۆکارەکەی ڕاستگۆ نەبوونی تورکیایە'

محەمەد نەسڕدەین، جەختی لەوەش کردەوە کە: "ئەگەر پرۆسەی ئاشتیی شکست بهێنێت ئەوە هۆکاری شکستەکە ئەوەیە بەرامبەری کورد کە تورکیایە ڕاستگۆ نیە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی، وە ئێمەی کورد لەڕێگەی ئەو دەستپێشخەری و بانگەوازەوە بۆ هەموو جیهان سەلماندمان کە ئێمە ئامادەی ئاشتین، ئەگەر ئاشتی بەرقەرار نەبێت ئەوە نایارانی کوردن باوەڕیان بە ئاشتی نییە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە ڕوویداوە بەتایبەت بۆ ڕژێمی تورکیا ئەوەی سەلماندووە کە شەڕ و کوشتار تورکیای نەگەیاندووە بە ئامانج لە هیچ بەشێک لە پارچەکانی کوردستان سەڕەڕای هەموو دەستوەردانەکانی تورکیا، ڕێگای دووەم ڕێگای ئاشتییە کە ئەمڕۆ هەموو جیهان پێشوازی لەو بانگەوازە دەکات، لەبەرئەوەی هەموو جیهان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە بە شەڕ و جەنگ نەتوانرا کێشە و دۆزی کورد چارسەر بکرێت و دەتوانین لە ڕێگای ئاشتییەوە چارەسەری کێشەکان بکەین".

'بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئاشتی خزمەتە بە گشت مرۆڤایەتی'

هەروەها محەمەد نەسڕەدین باسی لە گرنگی پرۆسەی ئاشتی بۆ گەلانی ناوچەکە بەگشتی و گەلانی تورکیا بەتایبەتی کرد و ووتی: "پێم وایە ئەم ئاشتییە چەندە کورد لی سوودمەند دەبێت ئەوەندەش سەرجەم گەلانی ناوچەکەو بە تایبەت گەلانی تورکیا سوودمەند دەبن لەو ئاشتیە، کەواتا ئەو پرۆسەی ئاشتییە خزمەتە بەهەموو مرۆڤایەتی بەتایبەت خزمەتە بە سەرجەم ئەو پێکهاتەکانەی کە لەسەر خاکی باکوردی کوردستان و تورکیا دەژین، بۆیە پێم وایە ئەم بانگەوازی پرۆسەی ئاشتییە خزمەتە بە هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە".

'نابێت ڕەخنە لەم بانگەوازەی پرۆسەی ئاشتی بگرین'

لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتەمدار، گووتی: "ئەوەی کە لەسەر شانی هەموو هاووڵاتیان و حزبەکانی سەرجەم پارچە کانی کوردستانە، پێویستە پاڵپشتی لەم بانگەوازیی ئاشتییەی بەڕێز ئۆجەلان بکەین، ئاشتی قوربانی دەوێت پێویستە هەموومان پاڵپشتی گەلەکەمان بین لە بەدیهێنانی ئاشتی و نابێت ڕەخنە لەم پرۆسەیە بگرین، لەبەرئەوەی ئاشتی یەکێکە لە شاڕێگاکانی کە کورد قەناعەتی پێیەتی بۆئەوەی بە ئامانجەکانی بگات".