پلاتفۆرمی زانایانی ئایینی: پشتگیری لە بانگەوازە مێژووییەکە دەکەین

پلاتفۆرمی زانایانی ئایینی ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند پشتگیری لە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن.

پلاتفۆرمی زانایانی ئایینی ئیستەنبوڵ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە دەربارەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات ڕایگەیاند. ڕاگەیاندراوەکە لە کۆمەڵەی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەلاتی ناوچەی باخچەلیڤلەر خوێنرایەوە. ژمارەیەک زانای ئایینی بەشداربوون و بە زمانی کوردی و تورکی ڕاگەیاندراوەکە خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینن و بەهیوان ئەم بانگەوازە بە ئارامی و خوشک و برایەتی پێشبکەوێت و ئاشتییەکی شکۆمەندانەی لێ بکەوێتەوە. گوتراوە: "تەنها بە دادپەروەری و کۆمەڵگەیەک کە تێیدا ناسنامە جیاوازەکان هەست بە سەلامەتی بکەن و ڕێزی هاوبەش هەبێت، ئاشتییەکی درێژخایەن دێتەدی. خودای مەزن مرۆڤەکانی بە زمان و ڕەنگ و عەشیرەتی جیاواز درووستکردووە و ئەم هەمەڕەنگییە دەرخەری حیکمەت و میهرەبانییە، نەوەک سەرچاوەی جیابوونەوە و لێک دابڕان".

زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە جەوهەری ئایینی ئیسلام لەگەڵ پێکەوەژیان و یەکسانیی نێوان پێکهاتەکاندایە، دەبێت لەم قۆناغەدا هەمووان خۆیان لە وتەی ئازاربەخش و دژبەرانە دووربخەنەوە، هەروەها دەڵێن: "جیاوازییەکانمان هەڕەشە نین، بەڵکو دەوڵەمەندیی کۆمەڵگە دەردەخەن، لێکتێگەیشتن بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەمووانە. ئاشتی ڕاستەقینە تەنها کپکردنی چەک نییە، هاوکات دامەزراندنی سیستەمێکە هەمووان هەست بە ئازادی و یەکسانی و شکۆ بکەن. هەمووان بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد و ڕەنگ و ڕەگەز، بە ئازادی بژین. خودا عەقڵ و ویژدان و هەستی دادپەروەری بە مرۆڤ بەخشیووە. ئەرکی ئێمەیە پێکەوە ئەم فەزیڵەتانە لەنێو ئاشتی و ئاسایشدا ئەزموون بکەین. ئێمە گرنگی دەدەین بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ ی شوبات لە دوورگەی ئیمراڵییەوە ڕایگەیاند، تاوەکو گەلانی تورکیا باوەڕ بە پێکەوەژیان بهێنن و ئایندەی دیموکراتیک بنیات بنێن و هەموو باوەڕ و کەلتوورەکان لەنێو ئازادی و ئاشتی کۆمەڵایەتییدا بژین. وەک پلاتفۆرمی زانایانی ئایینی ئیستەنبوڵ دووپاتی دەکەینەوە، پشتگیری لەم بانگەوازە مێژووییە دەکەین. بەهیواین ئەم پرۆسەیە بە سودی گەلان بشکێتەوە. بانگەواز لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەین بە دڵ و گیان ئامێز بۆ ئاشتی بکەنەوە".