پەژاک ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانی هەوڵەکانی کەنەکە دەربڕی

پەژاک ئامادەی خۆی بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی کەنەکە بۆ یەکگرتوویی نێوان لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و گوتی: "وەڵامی ئەرێنی داواکەی کەنەکە دەدەینەوە، یەکێتی نێوان هێز و لایەنەکانی نەتەوەکەمان تەنیا رێگەی پێشخستنی دروستی تێکۆشانە."

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە ڕاگەیاندراوێکدا بە ئەرێنی وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)ـی دایەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوەکرابوو لەم قۆناغەدا گرنگترین کار یەکگرتوویی و یەکڕیزی کوردانە. هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا بە تایبەت داوا لە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران یەکگرتوویی و یەکێتی خۆیان بێننەئاراوە.

ڕاگەیاندراوەکەی پەژاک بەم شێوەیەیە:

"پرسی یەکێتی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە کوردستان کە بۆ وەدیهاتنی ماف و ئازادییەکانی بەڕێوە چووە، بەردەوام یەکێک  بووە لە خواستە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد. گومانی تێدا نیە یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەرفەت و هێزێکی زیاتر بۆ تێکۆشانی گەلەکەمان دەڕەخسێنێت و ڕێگردەبێ لە بەخەسارچوونی توانا و وزەی کۆمەڵایەتی – سیاسی نەتەوەی کورد.

لەم ساڵانەی دواییدا کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە خێرایی لە پەرەسەندن دایە و ڕێکخستنەوەی نوێی ناوچەکە خەریکی داڕشتنەوە و فۆرم وەرگرتنە، هاوکات بەمەش دەرفەتێک بۆ نەتەوەکەمان ڕەخساوە کە پێگەی نەتەوەیی خۆی سەقامگیر بکات، هەوڵ و تێکۆشانی دروستبوونی بەستێنێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و لە ئەنجام دا یەکێتی نێوانیان لە ئارادایە. کەسایەتی، ناوەند، هێز و رێکخراوگەلێک لەم پێوەندییەدا دەستپێشخەرییان نواندووە و پێشنیاری خۆیان پێشکەش کردووە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و گەیشتن بە قۆناغێکی خێراتر لە گۆڕانکارییەکان، دیسان کەسانێک بە جەختکردنەوە لە رەخساندنی گوتارو بەستێنی یەکیەتی نێوان لایەنە کوردییەکان لە هەوڵ و کۆشش دان. بە لەبەرچاوگرتنی هەرکام لەم هەوڵ و تێکۆشانانە، دەکرێ هەم زیاتر لە خواستی گەلەکەمان تێبگەین و هەمیش بگەین بە رەهەندە نوێیەکانی ئەم پێویستییە، بۆیە جێگەی پێزانین و رێزگرتنن.

پەژاک؛ کۆمەڵێک پێشنیارمان داڕشتووە و بە شێوەی نووسراو پێشکەشمان کردووە

پارتەکەمان وێڕای رێزگرتن لە هەموو ئەم هەوڵ و تێکۆشانانە، خوازیارە بە ڕوانینێکی ئەرێنی لە بەرانبەر هەموو ئەم هەوڵدانانە هەنگاو هەڵبگرێت و لەم پێناوەش دا بە پێشنیارەکانی خۆی ئەم بابەتە زیاتر بەرهەمدار بکات. لە هەمان کاتیش دا بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش ئامادەیی خۆی بۆ پێشخستنی وتوێژەکان بە مەبەستی یەکگرتوویی ڕادەگەیەنێت و لەم پێوەندییەش دا کۆمەڵێک پێشنیارمان داڕشتووە و بە شێوەی نووسراو پێشکەشمان کردووە، کە دووبارە جەختیان لێ دەکەینەوە. هەر وەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دا بینیمان، یەکێتی نێوان هێز و لایەنەکانی نەتەوەکەمان تەنیا رێگەی پێشخستنی دروستی تێکۆشانە، کە لە کۆتایی دا پەیوەست بە جێبەجێ کردنی ئەم بابەتە گرنگەین، بابەتێک کە لەگەڵ ئاخێوی دیموکراسی و رۆحی پلۆرالیزمی سەردەمیانەدا دەنگوجێت. ئەرکی هەموو هێز و لایەنەکانە لەم پێناوەدا هەنگاو هەڵبگرین. روانینی پارتیمان لەم پێوەندییەدا لە سەر بنەمای باوەڕییەوە و کاردانەوەیەکی تاکتیکی نیە، گوتارو کردارمان لە ئێستادا ئەم راستییە دەسەلمێنێت.

پەژاک؛ پشتیوان و هاوکاری هەوڵەکانی کەنەکەین

لەم دواییانەشدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( کەنەکە) بە مەبەستی سازبوونی بەستێنی یەکێتی نێوان لایەنە کوردییەکان و لە ئەنجام دا یەکگرتوویی نێوان لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەئەزموون ترین ناوەند لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاری نێوان هێزە و کەسایەتییەکان و بە گشتی لە نێو نەتەوەی کوردستانە و لەم پێناوەشدا چەندین نموونەی تێکۆشانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بردووە. پارتیمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ سەرخستنی سەرجەم هەوڵ و تێکۆشانەکان لەم پێناوەدا، وڵامی ئەرێنی بە راگەیاندراوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەدات. ئامادەین بە پشتبەستن بە هێز و توانا و دەرفەتەکانمان پشتیوان و هاوکاری ئەم هەوڵدانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بین. هیوادارین کە تێکۆشانەکان لەم پێوەندییەدا بە زووترین کات بگاتە ئەنجام، بە دڵنیاییەوە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلەکەمان و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەبێت."