قەرەسوو: پێویستە گەلی کورد بە یەکڕیزی و پشتیوانییەوە برینەکانی ئاگر کەوتنەوەکە ساڕێژ بکەن

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە دوای ئاگرکەوتنەوەکە کە لە ئامەد و مێردین ڕوویدا لێدوانێکی دا و داوای لە گەلی کورد کرد بە یەکڕیزی و پشتیوانییەوە برینەکانی کارەساتەکە ساڕێژ بکەن.

مستەفا قەرەسوو لە چاوپێکەوتنێکی دا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند، دوای کارەساتی ئاگرکەوتنەوە کە بووە هۆی ژیان لەدەستدانی ١٥ کەس و برینداربوونی سەدان کەس، هەوڵدارا دەداش و دەوڵەت بە بێتاوان دەرچن، ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەت خۆی لە هەر دەرفەتێک دەگەڕێت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کورد . قەرەسوو ئاماژەی بەوە دا کە، "بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە و بەبێ ئەوەی شتێکیان بەرچاو کەوتبێ، دەستبەجێ وتیان ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پووش و پەڵاشەوە بووە، ڕێک کاردانەوەی کەسێکی تاوانبارە کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانێکدا دەگیرێت" هەروەها داوای لە گەلی کورد کرد کە برینەکانی ئەم کارەساتە بە یەکگرتوویی و پشتیوانییەوە ساڕێژ بکەن.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، باسی لە پرسی گۆشەگیری کرد کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دا سەپێنراوە و ڕایگەیاند کە سی پی تی و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان ئێستا لە پاراستنی گۆشەگیرییەوە تووشی کێشەیەکی قورس هاتوون و داوای کرد کە هەڵمەتەکە کە دژی گۆشەگیری ڕێکخراوە دەبێت بەبێ پچڕان بەردەوام بڕواتە پێشەوە.

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی نێوان ئامەد و مێردین، ١٥هاووڵاتی کورد گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون. ئەم ڕووداوە جارێکی تر گرنگی خۆبەڕێکخستن بۆ گەلی کورد نیشان دا و دوژمنایەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک بەرامبەر بە کورد بە شێوەیەکی پڕ لە ئازار خستە بەرچاوان. لەسەر ئەم ڕووداوە پڕ لە ئازارە ئێوە چی دەڵێن؟

خوای گەورە لە قوربانیانی ئاگرەکە خۆشبێت و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.

کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە مێردین و ئامەد ڕوویدا. ئەمە بە ڕوونی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتە. وەک لە لێدوانەکەی کەجەکەدا هاتووە، ئەمە کارەساتێکە کە دەوڵەت دروستی کردووە. دەوڵەت کاتێک ئاگر لە دەریای ئیجە یان دەریای مەدیتەرانە ڕوودەدات دەستوەردان دەکات، ئەگەرچی درەنگیش کەوتووە، بەڵام دەستوەردان دەکات و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە و هەموو جۆرە ئەمرازێک بۆ کوژاندنەوەکە بەکاردەهێنێت، بەڵام لە ڕووداوی هاوشێوەدا لە کوردستان هیچ ناکات. دەیەوێت کورد لە ژیانی خۆی بێزار بێت و خاکەکەی بەجێبهێڵێت! هەر بەو هۆیەشەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی مێردین و ئامەددا هەمان هەڵسوکەوتی نیشان دا.

کاتێک ئەم ئاگرە گەورەیە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی زۆر کەس، دەوڵەت دەستبەجێ هەوڵیدا ئەم ڕووداوە بەلاڕێدا ببات بە ڕوونکردنەوەی لەوشێوە کە ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پووش و پەڵاشەوە بووە ڕووداوەکە چەواشە بکات وەک هۆکاری مردن نیشانی بدات. بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە و بەبێ هیچ شایەتحاڵێک، یەکسەر دەڵێن ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پووش و پەڵاشەوە بووە، ڕێک وەک کاردانەوەی تاوانبارێکە کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا دەگیرێت. بۆ ئەوەی دەداش و دەوڵەت تاوانبار نەکرێن، هەوڵێکی زۆردرا دەستبەجێ سەرەنجەکان بگۆڕن و دەداش و دەوڵەت بێتاوان نیشان بدرێن.

شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئاگرەکە لە ستوونی کارەباوە دەستی پێکردووە. بەڵام بەرپرسانی دەوڵەت، دەزگاکان و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی بەرفراوان هەواڵەکەیان بە پێچەوانەوە بڵاوکردەوە و وتیان ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پووش و پەڵاشەوە بووە. تەنانەت تا ئەو ڕادەیە ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزسیۆن هەواڵەکەیان بەو شێوەیە بڵاوکردەوە. لەبەر ترس لەم حکومەتە، لەبری ئەوە گوێیان بە شایەتحاڵەکان نەدا. بەڵام ئەگەر ئەم ئاگرە لە شوێنێکی تری تورکیا ڕوویدابا، قسەی شایەتحاڵان و خەڵک هەر بەوجۆرە ڕەنگدانەوەی دەبوو؟ بێگومان نە. جارێکی تر بینرا کە چۆن ڕووداوەکانی کوردستان دەشێوێنن و ڕاگەیاندنەکانیان کردووە کەرەستەیەک بۆ مەبەستەکانیان.

شایەتحاڵان دەڵێن، زۆرجار داوا ئەوە کراوە کە ستوون و وایەرەکانی کارەبا کۆنن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. ئەمە تەنها لەلایەن یەک کەسەوە نەبووە، بەڵکوو هەموو گوندنشینانی ناوچەی ئاگرەکە ئەم داواکارییەیان کردووە، بەڵام وڵامیان نەداوەتەوە.

جەندرمە لە ژێر فەرمانی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ)دایە

لە کوردستاندا DEDAŞ بووەتە ئامرازی داگیرکاری و گوشار لەسەر گەل. جەندرمەی هەرێمەکە، وەک هێزێکی سەربازی لە ژێر فەرمانی DEDAŞدا بەکاردەهێنرێت. DEDAŞ بە جەندرمەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوند و ماڵەکانی کوردستان. گەل چەندین ساڵە ئەوەی ئاشکراکردووە لە ڕێگەی DEDAŞەوە گوشار و زۆرداری لەگەل دەکرێت. چەندین هەواڵی لەم شێوەیە لەسەر DEDAŞ بڵاوکراوەتەوە. لە هیچ جێگەیەکی دیکەی تورکیادا دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە بوونی نیە. گەر دۆخێکی لەم شێوەیە هەبوایە ئەوە لە ئیجە، کارادەنیز و ئاکدەنیز گەل هەڵوێستی ئەبوو. خۆی لە خۆیدا جەندرمەش نەیدەتوانی لە ئاستێکی ئاوادا وەک دامەزراوەیەکی سەربازی-کۆمپانیی بجوڵێتەوە. بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێتە کوردستان، سوپا و پۆلیس وەک دوژمن لە کوردان دەڕوانن. بۆیە هەموو جۆرە گوشار و داگیرکارییەک بەرامبەر بە کوردان بەڕەوا دەبینن.

دەوڵەتی تورک هەموو سەرچاوەکانی کوردستان لە بەرامبەر کورداندا وەک ئامرازی گوشار و داگیرکاری بەکاردەهێنێت. کارەبا، وزە و ئاو. ئەو کارەبا و وزەیەی کە لە تورکیادا بەرهەم دهێنرێت بەلایەنی کەمەوە ٨٠ لەسەدای لە کوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت. بە دەیان بەنداو لەسەر دیجلە و فورات دروستکراوە. لەسەر ڕووباری فورات بەنداوەکانی کەبان، کاراکایە، ئەتاتورک و بیرەچیک دروستکراون. کۆی ئەمانە لە ئێستادا سەد قاتی ئەو کارەباییەی لە کوردستاندا بەکاردەهێنرێت، کارەبا بەرهەم دەهێنن. لەسەر ڕووباری دیجلە چەندین بەنداو دروستکراوە. زۆرینەی نەوت لە کوردستاندا دەردەهێنرێت. بەڵام گەلی کورد هیچ سودێک لەم هەموو بەرهەمەوە وەرنەگرتووە، بە پێچەوانەوە ئەم وزانە گۆڕدراون بۆ ئامرازی چەساندنەوە و داگیرکاری. بەشێکی زۆری کارەبا لە کوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لەم وزەیە بەشی کوردان نادرێت. ئەوەیشی دەدرێت بە نرخێکی زۆر گران دەدرێت بە کوردان. ببینین داگیرکارییەکی لەم شێوەیە هەیە. لە کورستاندا ئەم هەموو وزەیە بەرهەم دەهێنرێت، کەچی کوران داماو و هەژاری وزەبوون! ئەمەش نە ئەخلاقە، نە ویژدان و نە دادپەروەرییە. لە کاتێکدا وزە لەم خاکەوە بەرهەم دەهێنرێت، پێویستە سودەکەی بۆ خەڵکەکەی بێت. کارەبا کە پێویستیەکەی بنەڕەتی گەلە، پێویستە بە خۆرای بدرێت بەگەل.

دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە دەرفەتێک بۆ قڕکردنی کوردان بەکاردەهێنێت

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت پێویستە وزە و ئاو بۆ کۆمەڵگە بێت. بەڵام لە تورکیادا وزە و ئاو ڕادەستی کۆمپانیا چەوسێنەوەرەوەکان کراوە. وزە، ئاو، خاک هەمووی پەیوەستن بە ژیانی مرۆڤەکانەوە. ئەمانە سەر بەهیچ لایەن و کەسێکی دیکە نیە جگە لە کۆمەڵگە. واقع لە کوردستاندا ئەوەی دەرخستووە کە ئەمە چەندە پێویستی و ڕاستییە. هەروەها پێویستە گەلی کوردیش لە واقعێتی وزەوە لەوە تێبگات کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەرە. دەوڵەتی تورک هەموو دەرفەت و پێویستییە ژیانییەکان وەک ئامرازی قڕکردنی کوردان بەکاردەهێنێت. خۆی لە خۆیدا تا ئێستا لە تورکیادا هەر بە ڕەنجی کوردان لە تورکیادا سود و بەهاکانیان خوڵقاندووە، ئەو دەرفەتانە لە دروستکردنی چەکدا بەکاردەهێننەوە و لە قڕکردنی کورداندا بەکاری دەهێننەوە.

لە پێشتردا لە تورکیا خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا بە تەواوی لە لایەن شارەوانیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرا. شارەوانیەکانیش ئەم دەرفەتانەی بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنا نەک بۆ چەوساندنەوەی گەل. کەچی لە ئێستادا ڕادەستی کۆمپانیاکان کراوە و کراون بە ئامرازی داگیرکاری. ڕوودانی دۆخێکی لەم شێوەیە ئەوەی بۆ دەرخستینەوە پێویستە کارەبا لە لایەن شارەوانییەکانەوە بەکاربهێنرێت تا ئەوەی نەکرێت بە ئامرازی داگیرکاری و چەوساندنەوەی گەل، بەڵکو بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاربهێنرێت.

پێویستە گەلی کورد بۆ هیچ بابەتێک هیوای بە دەوڵەتی تورک نەبێت. نابێت بڵێن با دەوڵەت بۆمان دابین بکات. هەرکارێک دەوڵەت شتێک بکات ئەوا بەدڵنیانەوە بۆ قڕکردنی کوردانە. پێویستە کورد خۆی بکات بە کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو، بە هێزی کۆمەڵگە بەهاکان بئافرێنێت و پێدوایستیەکانی خۆی دابین بکات. داوکارییەک لەو دەوڵەتەی کە کورد قڕدەکات، وەک داواکردنی پێویستیەکە لە جەلادەکەت.

لە ئاگرکەوتنەوەکەی مێردین و ئامەددا، گەل لە هەموو ڕوویەکەوە زەرەری گەورەی بەرکەوت. پێویستە گەلی کورد بە یەکگرتووی و پشتیوانییەکانی خۆیەوە برینەکانی خۆی ساڕێژبکات. پێویستە گەل موحتاجی ئەم دەوڵەتە قڕکەرە نەکرێت. شتێکی لەم شێوەیە بە تەواوی دەرخەری وڵاتپارێزییە.

چۆمسکی دۆستێکی بەنرخی گەلی کوردە

گۆشەگیری لە سەر رێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، دەبینرێت کە لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانەدا لە دژی گۆشەگیری، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان تەنگیان پێهەڵچنراوە. ئێوە تێکۆشان بۆ کۆتاییهێنان بە بێدەنگی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، هیوادارم کە فەیلەسوف، پرۆفیسۆر و زانای بەنرخ نوام چۆمسکی دەستبەجێ چاکببێتەوە، خۆشەویستی و رێزی خۆمی پێشکەش دەکەم. چۆمسکی بۆ رۆشنگەری مرۆڤایەتی و گەشەسەندنی هزری دیموکراتیک، رۆڵی گەورەی هەبووە. وەک مرۆڤێکی زانای راستەقینە، هەموو کات لە لای راستی و گەلان وەستاوە. بەهۆی ئەو کەسایەتیەیەوە بەردەوام شان بە شانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گەلی کورد وەستاوە. وەک دۆستێکی هێژا و بەنرخی گەلی کورد، هەموو کات هەوڵی داوە کە ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەنجامی بدات. لەهەموو ئەو چالاکیانەدا بەشداربووە کە لەپێناو ئازادی گەلی کورد و رێبەر ئاپۆ ئەنجامدراوە. بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گەلی کورد لە جیهاندا بناسرێت، رۆڵی گرنگی لەئەستۆگرتووە. گەلی کورد بە هۆی ئەو دۆستایەتیەوە لە نزیکەوە گرنگی بە تەندروستی ئەو دەدات و چاودێری دەکات. هەر زانیاریەکی ئەرێنی پەیوەست بە تەندروستی ئەو مایەی دڵخۆشی گەلی کوردە. گەلی کورد هەرگیز دۆستەکانی لەبیر ناکات و وەک پێویست رێزیان لێدەگرێت.

هەڵگرتنی گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ؛ بە رەخساندنی هەلومەرجی راست و تەندروست، بە پارێزراوی و بە ئازادی، خواست و هەوڵدانی سەرەکی چۆمسکییە. ئەگەر ئەمڕۆ تێکۆشان بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ ئاستێکی گرنگی بەدەستهێناوە، پشکی چۆمسکیشی تێدایە کە بەدەیان ساڵە هەڵوێستی گرنگی گرتووەتەبەر. چۆمسکی تەنیا دۆستێکی گەلی کورد نییە کە داکۆکی لە ئازادی رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد دەکات؛ لەگەڵ ئەوەشدا بیرمەندێکی گەورەیە کە رێز لە پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ دەگرێت و بەهای پێدەدات و لەپێناو ناساندنیدا هەوڵیداوە.

سی پی تی و رێکخراوەکانی دیکە کەوتوونە ژێر فشار و تەنگیان پێهەڵچنراوە

بێگومان لە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری و پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا گەلی کورد قوربانی زۆریدا و تێکۆشانی گەورەی کردووە. تێکۆشان لە دژی پیلانگێری لە ساڵی ٢٦ەمیندایە، هەرگیز نەوەستاوە؛ بێ پسانەوە تا ئەمرۆ هاتووە. لەگەڵ تێکۆشانی گەلەکەمان، دۆستانی گەلی کورد و هێزەکانی دیموکراسی لە جیهان و ژنان لە دژی پیلانگێری وەستاونەتەوە و خاوەندارییان لە رێبەر ئاپۆ کردووە. بەتایبەتیش هەرکە ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ لەلایەن رۆشنبیران و لایەنە دیموکراتیکەکان لە جیهانەوە ناسران، تێکۆشا لە دژی پیلانگێری گەورە بوو. بەهێزتر خاوەنداری لە ئازادی رێبەر ئاپۆ کرا. ئەمڕۆ بە تایبەتی سی پی تی، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کە لە ئیمراڵی بەرپرسیارن، تووشی رووگیری و تەننگپێهەڵچنران بوون و کەوتوونە دۆخێکەوە کە ناتوانن داکۆکی لە گۆشەگیری بکەن. هەڵوێست و تێکۆشانی رۆشنبیران لە سەرتاسەری جیهان و هێزەکانی دیموکراسی و ژنان لەمەدا رۆڵی هەیە.

لەسەرتاسەری جیهان هەڵمەتی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد' کاریگەری گرنگی داناوە. 'رۆژەکانی خوێندنەوەی کتێبەکانی رێبەر ئاپۆ' ئەو هەڵمەتەیان دەوڵەمەندتر کردووە. ئێستاش 'رۆژانی دیالۆگ لەگەڵ رێبەر ئاپۆ' بەڕێوەدەچێت. بەم جۆرە باشتر لە رێبەر ئاپۆ تێدەگەن. ئەوەش ئاشکرایە کە ئەوە تێکۆشان بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ بەهێزتر دەکات. هەرکە لە رێبەر ئاپۆ تێبگەن، هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ وەک گەورەبوونی تۆپەڵە بەفرێک وردەوردە گەورە دەبێت و کەس ناتوانێت بەریپێبگرێت.

لەو رووەوە بەردەوامیدان و گەورەکردنی هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ کە لە سەرتاسەری جیهانی بەرەوپێشچووە، ئازادی رێبەر ئاپۆ نزیک دەکات.

زیلان هێڵی تێکۆشانی لە دژی پیلانگێڕیی دیاری کرد

 ساڵڕۆژی چالاکییە مێژووییەکەی شەهید زیلان (زەینەب کناجی)ـە دژ بە پیلانگێڕیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ساڵی ١٩٩٦دا ئەنجامدرا. کاتێک سەیری ئەو تێکۆشانە ڕزگاریخوازانە دەکەین کە لەو کاتەوە تا ئێستا ئەنجام دراون، دەکرێ بڵێین شەهید زیلان بە چالاکییە مێژووییەکەی هێڵی پاراستن و خاوەنداری لە ڕێبەری گەلی کوردی نیشان دا؟

لە کەسایەتی شەهید زیلان، شەهید سەما، شەهید گوڵان، شەهید هانیم یاوەرکایا، شەهید ڕاپەڕین ئامەد، شەهید بێریڤان زیلان، شەهید عەلی پڵنگ، شەهید فازڵ بوتان بەڕێز و حورمەتەوە هەموو شەهیدانی ئازادیی بە بیر دێنمەوە.

هەروەها یادی شێخ سەعید و هاوەڵانی کە لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ لە سێدارە دران، بە حورمەت و ڕێزەوە بە بیر دێنمەوە. یادیان لە تێکۆشانی ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ڕوونە کە چالاکیەکەی شەهید زیلان خاڵی وەرچەرخانە لە پاراستن و خاوەنداریی سەرۆک ئاپۆ. نموونەیەکی بەرزی پابەندبوونە بە ڕێبەر ئاپۆەو. شەهید زیلان بانگەوازێک بوو بۆ هەموو قەوارەی پەکەکە و گەلی کورد کە بە دروستی لە سەرۆک ئاپۆ تێبگەن و بە دروستی خاوەنداری لێبکەن. پێشانی هەمووانی دا کە ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئازادی یەکڕیزییەکی لە یەک نەبڕاون. لەو پێوەندییەدا سەرۆک ئاپۆ جەختی لەوە کردەوە کە چالاکییەکەی شەهید زیلان مانیفێستێکە. ئەو تەنها چالاکیەکی بوێرانەی نەکرد. بەڵکوو سیاسەتی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، ڕێکخستنی و چالاکی ئاشکرا کرد. بێگومان پێشتر لە پەکەکەدا سیاسەتی فیدایی هەبووە. لەسەر بنەمای وەفاداری بۆ ڕێبەرایەتی ئەنجامدراوە. شەهید زیلان بەم چالاکییەی هێڵی سیاسەتی قووڵتر کردەوە. بەڵام چالاکی شەهید زیلان بەپێی قۆناغی تێکۆشان و تایبەتمەندییەکانی ئەو سەردەمە ڕەهەندی نوێی بە سیاسەتی فیدایی بوون بەخشی. لە ڕاستیدا خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بە واتای تێگەیشتنێکی قووڵ و ژیانە لە سەر هێڵی ئازادی ژن.

شەهید زیلان بە چالاکییەکەی هێڵی تێکۆشانی دژی بە پیلانگێڕی ڕوونکردەوە. چالاکی "ئێوە ناتوانن خۆری ئێمە تاریک بکەن" کە لە دوای پیلانەکەدا بەڕێوە چوو، بوو بە پراکتیکی سیاسەتی زیلان. پێگە و خەتی زیلان ئەم چالاکیەی خوڵقاند. کاتێک مرۆڤ بە گەشەسەندن و بەهێزی تێکۆشان دژی پیلانگێڕی وەک ئەڵقەیەکی ئاگر لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ دەرکەوت، کاریگەری و ڕۆڵی بەرخۆدانی "ناتوانن خۆری ئێمە تاریک بکەن" لە شەڕ و تێکۆشانی  ئێستادا دەبینێت و ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە چالاکییەکەی زیلان چ جۆرە  سیاسەتێکی خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ خوڵقاند.

چالاکییەکەی شەهید زیلان لە ڕووی مێژووی کوردەوە قووڵایی و ڕەهەندێکی گرنگی هەیە. شەهید زیلان لە شاری مەلەتی ڕۆژئاوای فورات لەدایک و گەورە بووە، ئەو شوێنەی کە پلانی (شەرق ئیسڵاحات) واتە کۆمەڵکوژیی تێدا جێبەجێ کراوە و ئامانجی سەرەکی کۆمەڵکوژی کولتووری بووە. ئاگاداربوون لەو کۆمەڵکوژییەی کە لەوێ ڕوویداوە، توڕەیی زۆر دەخوڵقێنێ. هەروەها ڕوونە کە ئەم توڕەییە ئیرادە و هێزی بەرخۆدانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە چالاکییەکەی شەهید زیلانیش وەڵامێکە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە. ئەو بە قووڵی لەوە تێ دەگات کە هێرشی سەر ڕێبەر ئاپۆ هێرشێکی کۆمەڵکوژییە. بەو زانیارییە قووڵەوە چالاکییەکەی ئەنجامدا. ئەمڕۆ دەڵێین ئارمانج و ئامانجی سەرەکی سیاسەت و هێرشی کۆمەڵکوژیی ئیمرالییە. هەڤاڵ زیلان ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بەم زانیاریی و هۆشیارییەوە چالاکییەکی بەڕێوە برد.

شەهید زیلان وەک هەڤاڵێکی ڕێبەر ئاپۆ کە بە قووڵی لە ڕێبەر ئاپۆ تێدەگات، هەنگاوێکی گەورەی گرتەبەر و خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ کرد. بۆیە وەک هەڤاڵانی ژن ڕایانگەیاند، با لە شێوەی زیلان خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەین. خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو ڕویکەوە و لە ئاستی تێکۆشانی زیلان بە دڵنیاییەوە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکات و کێشەی کورد چارەسەر دەکات.

ناتۆیش بەشدارە لەم شەڕە پیسەدا

لە دژی هەموو جۆرە شەڕێکی دەوڵەتی تورکی فاشیست، گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ئاڵای فیدایەتییەوە کە لە شەهید زیلانەوە وەرگیراوە، لە بەرخۆدان بەردەوامن. هێزەکانی داگیرکەر لەم ماوانەی کۆتایدا بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکرا و کیمیاویەوە هێرشەکانیان زیاترکردووە. وەک دەزانن لە تێکۆشانەکان لە دژی بێدەنگی هێزەنێونەتەوەییەکان، بەتایبەت لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی (OPCW) قەڵسبوونێک هەیە و گەر بەم شێوەیە بێت، پێویستە ئەم دۆخە چۆن تێپەڕبکرێت؟

چەندین ساڵە لە کوردستاندا شەڕێکی پیس بەڕێوەدەبرێت. گەر ئەم شەڕە پیسە لە هەر جێگەیەکی دیکەی جیهاندا بکرایە، ئەوە هێزەنێوەنەتەوەییەکان بەدەنگ دەهاتن و هەڵوێستیان دەبوو. بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێتە کورد، هەموو ویژدان،ئەخلاق و یاساییەک بەلاوەدەنرێت. بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەو سیستەمەی کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم دامەزرا ڕۆژئاوایە، کە بەریتانیا و فەرەنسا سەرکردایەتی دەکەن. کورد بووەتە قوربانی ئەم سیستەمە سیاسییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا. سیستەمێکیان دامەزراندووە کە قڕکردنی کورد پەسەند دەکات. لەوکاتەوەی کە موسڵ و کەرکووک بۆ بەریتانیا و سوریا بۆ فەرەنسا جێدەهێڵرێت، لە بەرامبەری ئەمەدا قڕکردنی کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە پەسەندکراوە. ئەم سیستەمە سیاسیە تا ئێستاش بەردەوامە.

پێشتریش گازی ژەهراوی، چەکی کیمیاوی و قەدەغەکراو لە دژی گەریلا بەکاردەهێنرا. بەڵام ئەمە ماوەی سێ ساڵە لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کە گەریلا تێیدا باڵادەستە، ڕۆژانە لە هێرشەکاندا چەکی کیمیاوی بەکاردەهێنرێت. لە ساڵی ١٩٣٧-١٩٣٨دا لەو کاتەی ئیحسان سەبری چاگلایانگیل بۆ ماوەیەکی درێژ وەزیری دەرەوەی توکیا بوو، لە دەرسیم لە دژی هاوڵاتی مەدەنی کە پەنایان بردبووە بەر ئەشکەوتەکان، وەک مشک گازی ژەهراوی لەبەرامبەرییان بەکارهێنا. دەوڵەتی تورک خاوەنی نەریتی شەڕی پیسە. لەو سەردەمەشدا ڕۆژئاوا بەرامبەر قڕکردنەکانی دێرسیم بێدەنگ بوو.

ئەوە ماوەی ٩ ساڵە دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بانگەشەی ئەوەدەکات کە تەڤگەری ئازادی کوردستان لە ناو دەبات. بەڵام دەبینین بە پێچەوانەوە بەرخۆدانەکانی گەریلا ڕێگەی لەپێش هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست کردووەتەوە. بۆیە دەسەڵاتداری بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستانەی لە بەرامبەر گەریلادا بەچڕی لەم سێ ساڵەی کۆتایدا چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنیت. ساڵی جارێک لە ڤیتنامدا چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرا، بەڵام لە کوردستاندا زیاتر لە ١٠٠ جار لە ساڵێکدا چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێت. دۆڵ و شاخ نیە کە بۆردومان نەکرابێت. بۆ شکاندی بەرخۆدانی گەریلا گازی ژەهراوی، چەکی کیمیاوی بۆ وێرانکردنی ژینگەی گەریلا بەکاردەهێنرێت. بۆ ئەوەی بەسەر گەریلادا سەرکەون هەموو جۆرە ڕێگەیەک لە ژەهراویکردنی ئاو و هەوا بەکاردەهێنن، بەشێوەک دەیانەوێت ئەو جێگانە بگۆڕن بۆ ژینگەیەک کە هیچ گیانلەبەرێک نەتوانێت ژیانی تێدا بکات. بەم شێوەیە دار و گیانلەبەران لەناودەبن. هێزێک کە ئەندامی ناتۆیە ئەم کارە پیسانە دەکات! لەبەر ئەمەیە ڕۆژئاوا و ناتۆش لە شەڕکردن لە دژی گەریلا بەشدارن. وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە بۆچی هێزە نێونەتەوەییەکان لەبەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگن. هەر ئەوەیە چونکە ئەوانیش بەشدارن لەم شەڕە پیسەدا.

بێگومان هێشتا نەمانتوانیوە ئەم شەڕە پیسە بە جیهاندا بڵاوبکەینەوە و ئاشکرای بکەین، نە بە تەواوەتیش توانیومانە تێكۆشان بکەین لە دژی هەموو ڕێبازەکانی ئەم شەڕە پیسەدا. تێکۆشانەکان لە ئاسی شەرمەزاریکردن تێپەڕنەبووە. هیچ هەڵوێستێک لە بەرامبەر ئەم شەڕانەدا لە لایەن هیچ وڵاتێکی دیموکراتیکەوە نەگیراوەتەبەر. بەڵام لە دژی هەبوونی کوردان هەموو کاتێک هێرش هەیە. پێویستە هەڵوێستێکی وەها پیشانبدرێت کەOPCW  ناچاربکات هەڵوێست وەرگرێت. یانی ئەنجامەکان بە گوێرەی شەڕەکان نین کە لەمرۆدا ڕوودەدەن. هەم لەلایەن گەلی کورد و هەم لەلایەن گەریلاوە تێکۆشانی هەبوون و نەبوون بەڕێوەدەبرێت. لەبەر ئەوە ژیان تێکۆشانێکی چۆنی بوێت. پیویستە بەو شێوەیە تێکۆشان بکرێت. بە کورتییەکەی ژیان و هەبوونی کورد لەژێر هێرشدایە؛ لەم کاتەدا پێویستە ئەم هێرشانە جدیتر وەربگیرێت و تێکۆشانەکان بە ڕێبازی کاریگەر گەشتربکرێت.

لە تورکیا هەموو یاساکان لە سەر نکۆڵیکردن لە کورد دەرچوون

ئێوە زۆر جار باس لەوەدەکەن کە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بۆ ئەوەی قڕکردنی کورد جێبەجێ بکەن بە شێوەی هەمە لایەنە هێرش دەکەنە سر کورد. یەک لەو هێرشانەش دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانە. ئێوە تێکۆشانی گەل لە دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ جۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان ئەنجام و لێکەوتەی هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپەیە لە دژی گەلی کورد. دەبێت ئەوە بزانرێت کە لە تورکیا نکۆڵیکردن لە گەلی کورد بەردەوامە. سیاسەتی دەوڵەت بەم جۆرەیە. گەر دەوڵەت بڵێت کە گەلی کورد نکۆڵی لێناکرێت، ئەو کاتە بزانن درۆ دەکات. بۆ شاردنەوەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە گەلی کورد بەو جۆرە دەدوێن. وتنی خوشک و برایانی کوردمان، هەروەها بە مەبەستی رێگریکردن لە بەسیاسیبوونی گەلی کورد پەخشی تەرەتە کوردی و رێگەدان بە رێکخراوە کولتوریەکان بە دڵنیاییەوە بۆ شاردنەوەی سیاسەتی قڕکردن و رەوایەتیپێدانیەتی. لەمڕۆدا کە پەروەردە بە زمانی زگماکی بوونی نییە ، ئەوە بۆ رێگری لە قڕکردنی گەلی کورد نییە، بە پێچەوانەوە ئەوە بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی قڕکردنی گەلی کوردە. بە کورتی قڕکردنی گەلی کورد بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو بەڕێوەدەچێت. تا زۆرینەی کورد بە تورک نەکرێن دەستبەرداری ئەو سیاسەتە نابن. سیاسەتی دەوڵەت کە ئێستا بەرێوەدەبرێت، ئەمەیە. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بێ راوەستان درێژە بەو سیاسەتە دەدات.

بۆ پرسیاری ئەوەی بۆچی شارەوانیەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێتیش وەک وەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەوە نکۆڵیکردن لە گەلی کوردە. سیاسەتی ئەوان پەیوەست بە گەلی کورد بە هۆی روانینی سیاسی ئەوانەوە نیە. واتە راستگر، چەپگر، نەتەوەپەرست و ئایینی هەرگیز جیاوازیان نییە؛ هەرکەس لە بەرامبەر سیاسەتی نکۆڵیکردن لەگەلی کورد ناڕەزایەتی دەرببڕێت و تێبکۆشێت، لە بەرامبەریدا ئەم سیاسەتە دەگرنەبەر. لەم کاتەدا هێزە سیاسیە کوردیە لاوازەکانی دیکە لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا بەکاردەهێندرێن کە دژی ئەم سیاسەتە تێدەکۆشن. ئەگەر شارەوانیەکان پەیوەست بە ناسنامەی کوردی بدوێن و سەبارەت بە ناسنامە و کولتوری کوردی خەبات بکەن و ناسنامەی کوردی بە زیندوویی رابگرن، ئەوە لە دژی سیاسەتی قڕکردنەوە و حکومەت رێگە نادات کە ئەو شاروانیانە بەڕێوەببرێن.

لە تورکیا سەرجەم یاساکان لە سەر نکۆڵیکردن لە گەلی کورد دەرچوێندراون. ئەگەر کوردبوون نکۆڵی لێبکرێت، ئایا مافی هەیە! لە تورکیا ناکرێت کە لەسەر ناوی کورد بوون داوای هیچ مافێک بکرێت! لە تورکیا ئەمە راستیەکە. ئاکەپە لە ساڵانی سەرەتای دەستبەکاربوونی بۆ ئەوەی لە سەر حوکم بمێنێتەوە و لەبەر ئەوەی پێویستی بە پشتیوانی هێزەکانی دیموکراسی و گەلی کورد هەبوو لە وتەکانیدا هەندێک دەربرینی نەرمی باس دەکرد. بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن ئەقڵیەتێکی دیموکراتیک نییە، لە بەرامبەر تێکۆشان، داواکاری ئازادی گەلی کورد ئەمجارەشیان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لەلا بمێنێتەوە، دەستی بە دوژمنایەتی گەلی کورد کرد. بۆ ئەوەش ٩ ساڵە لەگەڵ مەهەپە هاوپەیمانی بەستووە. زۆر ئاشکرایە کە سیاسەتی پارتێکی سیاسی کە ٩ ساڵ لەگەڵ مەهەپە هاوپەیمانی کردبێت، دوژمنی گەلی کوردە. خۆی لە خۆیدا هەموو کردەوەکانیشیان لەو چوارچێوەدایە. ناکرێت سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردن لە گەڵ هیچ نمونەیەکی داگیرکەر و سیاسەتی قڕکردن لە سەرتاسەری جیهان بەراورد بکرێن. لە ئەفریقای باشور لە بەرامبەر رەشپێشتەکان سیاسەتی هەڵاواردن پەیڕەودەکرا. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەستەم بوو کە رەنگی رەشی ئەوان بگۆڕن، لە دژی هەبوونی ئەوان مەترسیەک لەئارادانەبوو.. رەشپێستەکان دواجار مافی خۆیان بەدەستهێنا. لە تورکیا تا ئەو کاتەی کورد نکۆڵیان لێبکرێت و بە تورک بکرێن، ئەو کاتە رەنگە باس لە هەندێک مافیان بکرێت. لەبەر ئەوەیە کە سیاسەتی داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان بێباکانە ئەنجام دەدرێت. بێگومان لەبەرامبەر ئەو سیاسەتانەی قڕکردندا گەلی کورد سەد ساڵە خۆڕاگری دەکات. دیسان بەتایبەتی سۆسیالیست و هێزە دیموکراسیەکان بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا تێدەکۆشن. لەهەمان کاتدا تێکۆشانی دیموکراسی بە واتای تێکۆشانە لە دژی سیاسەتی قرکردنی گەلی کورد.

لە وان تێکۆشانی گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکان لە بەرامبەر زەوتکردنی شارەوانیەکان، کە ئەوەش سەپاندنێکی سیاسەتی قڕکردنە، ئەنجامی باشی بەدەستهێنا. لە جۆلەمێرگ لە بەرامبەر زوتکردنی شارەوانی تێکۆشان بەڕێوەدەبرێت. گەلی جۆلەمێرگ بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەوەی خستەڕوو کە زەوتکردنی شارەوانیەکەی قەبوڵ ناکات. هیچ رەوایەتیەک بۆ والی داگیرکەر لە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیش نەماوە. تێکۆشان لە دژی زەوتکردنی شارەوانی هێستاش بەردەوامە. بەڵام بە تێکۆشانی پچڕ پچڕ ئەنجام بە دەستناهێنرێت. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە بەتایبەتی ئامەد، ئێلیح و وان و هەموو شارە کوردیەکان هەڵسنەسەرپێ. کاتێک ئەو شارانە هەڵسانە سەرپێ ئەو کاتە گەلی کورد هەموویان هەڵدەستنە سەرپێ کە ئەوەش تێکۆشان لە تورکیا بەهێزتر دەکات.

تێکۆشان ئێستا لە کوردستان و تورکیا زۆر گرنگە. نیشاندرا کە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان مایەی قەبوڵکردن نییە. گەر ئەو تێکۆشانە نەبوایە، دوای جۆلەمێرگ دەست بەسەر هەندێک شارەوانی دیکەدا دەگیرا. بێگومان ئەگەر بزانن لە بەرامبەریان تێکۆشانی گەورەتر نابینن، شارەوانیەکانی دیکەش زەوت دەکەن. خۆی تەیب ئەردۆغان بە راشکاوی باسی لەوەکردبوو.

زۆر گرنگە لەبەرامبەر دەستبەسەرداگرتی ئیرادەدا چالاکی هاوبەش پێشبخرێت
لە تێکۆشانەکانی بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی وان و جۆلەمێرگدا پشتیوانییەکانی سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا هێزکی گەورەیان بەخشییە گەلی کورد. ئەم دۆخە تێکۆشانی هاوبەشی هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا و گەلی کورد بە چی قۆناغێک دەگەیەنێت؟
زۆر ئاشکرایە پێویستە تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دیموکراسی و ئازادی لەگەڵ تێکۆشانی دیموکراسی گەلانی تورکیا یەکگرن. چونکە دوژمنایەتی گەلی کورد و دوژمنایەتی دیموکراسی یەک شتە و هاوبەشن. دیموکراتیکردنی تورکیا بەندە بە چارەسەری پرسی کوردەوە. هۆکاری سەرەکی دژایەتیکیکردنی دیموکرسی لە تورکیادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دیموکراسی لە سودی گەلی کوردە. بۆ ئەوەی گەلی کورد ئازاد ببێت، ناچارین تێکۆشانی لەناوبردنی ئەم عەقڵێت و سیاسەتە بەڕێوەبەرین کە دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات. بە کورتی نەک بە تەنها لە بەر ڕێبازی ئایدۆلۆژی، لەبەر ناچاری سیاسی پێویستە لە تێکۆشانی هاوبەشدابن. هەرکەسێک بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد تێکۆشان نەکات و بڵێت پێویستە تورکیا دیموکراتیک ببێت، ئەوا خۆی فریوو دەدات. ئەم دۆخەش تێنەگەشتنە لە حەقیقەتی دەوڵەتی تورک. تێکۆشانی گەلی کورد لە هەمانکاتدا بەمانای دیموکراتیکبوونی تورکیا دێت. تێکۆشانی زیندو ڕاگرتنی دیموکراسییە. بەتایبەت گەر گەلی کورد لە کودەتا سەربازییەکەی ١٢ ئەیلولی ١٩٨٠ەوە هەتا ئێستا تێکۆشانەکانی خۆی بەڕەێوەنەبردایە، ئەوا هێزەکانی دیموکراسی لە تورکیادا زیاتر دەچەوسێنرانەوە و بێ کاریگەرتر دەکران. هەرچەنێک لە مرۆدا لە تورکیادا گوشار و فاشیزم هەبێت، لەبەرامبەر ئەوەدا تێکۆشانێکی بەهێزتر هەیە. ئەمە زۆر ڕوونە. حەقیقەتی مێژووی تورکیا زۆر بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە پێویستە گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان لە تێکۆشانی هاوبەشدابن. گەر گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا ئەم حەقیقەتە نەبینن، ئەوا هیچ کاتێک لە حەقیقەتی تورکیا تێناگەن. ڕوونبووەوە لە واندا، لە  تێكۆشانی گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا دەرنجامێکی باش بەدەستهێنرا. تێکۆشان لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ هەڵگری کاریگەرییەکی سیاسی گرنگە. ئەم تێکۆشانە لەم کاتەی لاوازبوونی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەدا زۆر گرنگە. لە دەرنجامی ئەم تیکۆشانە هابەشەدا هەم گەلی کورد و هەم هێزەکانی دیموکراسی سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا. ئەوانەی سەرکەوتنیان دەوێت، پێویستە زۆر زیاتر ئەم تێکۆشانە هاوبەشە بەڕێوەببەن. ئەوانەیشی دەیانەوێت بێ کاریگە و بچووک ببنەوە لەم تێکۆشانە خۆیان بەدوور دەگرن.
گردبوونەوەکەی ٢٩ی حوزەیران کە لە کارتالی ئەستەنبول، لایەن هەموو هێزەکانی دیموکراسیەوە کە لەدژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان، ستەم و داگیرکاری بەڕێوەدەچێت زۆر گرنگە. پێویستە ئەم جۆرە هاوبەشییانە زیاتر پەرەیان پێبدرێت. ئامانجی هاوبەش دەبێ شکستپێهێنانی فاشیزم بێت. کاتێک هێزە دیموکراسییە شۆڕشگێڕەکان خەباتی هاوبەش بەرەوپێشەوەدەبەن، فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە تێکەشکێنن. کاریگەرییە سیاسییەکانی لە تورکیادا زیاتر دەبن. بەمەش پرۆسەی دیموکراتیکبوون لە تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد دێتە ئاراوە.
گردبوونەوەکەی کارتال نابێت تەنها وەک گردبوونەوەیەک هەڵسەنگێنرێت. پێویستە گرنگیەکەی بزانرێت. پێویستە هەموو گەلی کورد لە ٢٩ی حوزەیراندا بڕۆنە کارتال. ڕێپێوانەکەی دوای گردبوونەوەکەی کارتال کە لە سەرانسەری تورکیا و کوردستانەوە بەرەو جۆلەمێرگ ئەنجام دەدرێت زۆر گرنگە. ئەم ڕێپێوانە چەنێک بەهێزبێت، کۆتایهێنان بە قەیومیش ئەوەندە زیاتر نزیک دەبێتەوە.
پێویستە سیاسەتی بێ ئەخلاقی و نایاسی لەناوبەرین
وەک ئەنجامی جەختکردنەوە لە سیاسەتی شەڕی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە ساتی وێرانبوونی تورکیادا باسەکانی 'ئاساییبوون' بەردەوامی هەیە. هەروەها لەم ڕۆژانەی کۆتایدا دەگوترێت کە لە نێوان هاوپەیمانێتی ئاکە و مەهەپەدا هەندێک کێشە کەوتووەتەوە. ئێوە ئەم باسانە چۆن هەڵدەسەنگێنین؟
ئەو پرۆسەیە کە جەهەپە بە ئاسایکردنەوە و ئاکەپە وەک نەرمبوون و میانڕەوی ناوی بردووە، ڕوویدا. لە ڕاستیدا لە تورکیادا بەربەریبوونێک دامەزێنراوە کە لە جیهاندا نمونەی نیە. لە تورکیادا سیاسەتیان گۆڕیوە بۆ شەڕێکی ناوخۆی. ئەمەش بە دەستی ئاکەپە و مەهەپە هاتەئاراوە. هاوپەیمانێتی ئاکە و مەهەپە ئامانجیان تەواوکردنی قڕکردنی گەلی کورد و دامەزراندی تورکیایەکە بە گوێرەی خۆیان. مەهەپە ساڵانێکە ئەمەی وەک سەنتێزی تورک و ئیسلام پێناسەکردووە. هەرخۆی مەهەپە لە ساڵی ١٩٧٠ەوە بە پشتگیرکردنی ناتۆ و هێزەکانی دەرەوە لە دژی هێزەکانی دیموکراسی لە تورکیا و بە تایبەت سۆسیالیستان و شۆڕشگێڕانی گەلی کورد شەری دەستپێکرد. بۆ تەواوکردنی قڕکردنی گەلی کورد و چەوساندەنەوەی هێزە چەپەکان هێرشەکانی زیاترکرد و کودەتایەکی سەربازی فاشیست ئەنجامدرا. هەروەها ئالپاسلان تورکەشی ئەم کودەتایەی وەک؛ ئێمە لە زیندانین بەڵام فکرەکانمان لە ناو دەسەڵاتداریدایە، باسکردووە.
ئەوە ٩ ساڵە هاوپەیمانی نێوان ئاکەپە و مەهەپە لە تورکیا بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت. لە پێناوی لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی، فاشیزمێک دامەزراوە کە بە گوشاری زیاتر گەلی کورد دەچەوسێنێتەوە. لەو بارەوە تەنانەت بچوکترین مافێکی دیموکراتیکیان نەهێشتووە. هەموو ئەو کەس و گروپانەی بۆ دیموکراسی تێکۆشان دەکەن، بە جیاخواز ناسێنراون. هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە هەموو ئەوانەی کە لە گەڵیاندا نین بە خائین و دوژمن پێناسە کردووە و هێرشی کردە سەریان. جیاکاری و بەڕبەڕبوونێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی دیموکراسی کراوە بە سیاسەتێکی ڕۆژانە. کورد و هێزە سیاسییەکانی کورد، تەنیا وەک خائین و جیاکار نەکرانە ئامانج؛ هەموو گەلانی تورکیا کرانە ئامانج، بەڵکوو گەلی کورد زیاتر هەستی بەم شتە کرد. لەو چوارچێوەیەدا زۆرتر باسمان لە سیاسەتە فاشیستیەکانی ئاکەپە و مەهەپە کردووە. لە ڕاستیدا هیچ ئەشکەنجە، گوشار و خراپەیەک نەماوە کە ئەم دەوڵەتە بەرامبەر گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان نەیکردبێت. زۆر جار ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆیان بە وتنی 'ئەمە ڕۆژە خۆشەکانتانە، زۆر شتی تر دەبینن' نیشان داوە. حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە جەهەپەیان بە خیانەت تۆمەتبار کرد بۆ ئەوەی دیکتاتۆریەتی فاشیستی خۆیان بە تەواوی دابمەزرێنن. جەهەپە-یان بە مان و نەمان ناو برد. لە هەموو جیهاندا نموونەی ئەم جۆرە سیاسەتە نییە، حکومەتێکە دوژمنی مرۆڤایەتی و دیموکراسی دەکات. ئەوان بەبێ بەها ئەخلاقی، ویژدانی، کۆمەڵایەتی و یاساییەکان بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان دژ بە مرۆڤایەتی.

بێ گومان دەبێت ئەم چەمک و تێگەیشتنە سیاسییە نائەخلاقی و ناڕەوایە کە لەسەر بنەمای هیچ بەهایەکی یاسایی دانراوە، لەناو بچێت. هەمووان بەبێ ئەمانە ژیانێکی سیاسی دیموکراتیک و ئاسایییان دەوێت. ئەوان خوازیاری کۆتایی هاتنی جەمسەرگیرین لە تورکیا. گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکانی تورکیا ساڵانێکە کار بۆ کۆتایی هێنان بەو کردەوە نامرۆڤانەیە دەکەن. لە ڕاستیدا ئاکەپە-مەهەپە دەسەڵاتیان لەدەستدا. گەل بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، جەهەپەی کردە یەکەم پارتی و دەنگی پێدا.

بێگومان سیاسەت و ژیان پێویستە دیموکراسی و ئاسایی بێتەوە. بەڵام چۆن ئەمە ڕوودەدات گرنگە. وڵامی ڕاست بۆ ئەم پرسیارە گرنگە بە هەمان شێوە گرنگە. دەوڵەت باغچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەڵێت: "هیچ کەس ناتوانێت ئێمە نەرم بکات یان ناچارمان بکات دەستبەرداری ئەو سیاسەتانە بین کە پەیڕەوی لێدەکەین". چەندین جار جەختی لەوە کردووتەوە کە پابەندە بە سیاسەتی کۆنەوە. بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە ساڵانێکە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەکەپەدا کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، پشتگیری لەو سیاسەتانە دەکات کە پێویستە ئاکەپە بەڕێوەی ببات، تەنانەت ئەگەر یەکێتی کۆماریش نەبێت. تەیب ئەردۆغان ئەو قسانەی مەهەپە بە شێوازی خۆی دووبارە کردەوە. وتی، سازش لەسەر هێڵە سورەکانیان ناکەن. ئەوەی مەهەپە پێی دەڵێ هێڵی سوور، هەمان شتە کە دەیڵێت. قەیوم یەکێکە لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە. قەیومێکی بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ دانا و بە فریودانەوە شەرعییەتی پێدا وتی، "یاسامان جێبەجێ کرد نەک مافەکان" و جەختی لەوەش کردەوە کە لەمەودوا جێبەجێی دەکەن. هەروەها لێدوانی وای داوە کە لە جیهاندا نەبینراون و نە بیستراون، وەک: "ئەوەی یاساییە ناتوانێت ماف بێت". لە ڕاستیدا بەم شێوەیە دانی بەوەدانا کە ڕەنگە هەموو مافەکان لە تورکیا یاسایی نەبن. ئایا دەتوانین لەم جۆرە تێگەیشتنە سیاسییە چاوەڕێ ئاساییبوونەوە بکەین؟

تەیب ئەردۆغان بەدوای هاوپەیمانییە نوێیەکاندا دەگەڕێت

ئەگەر شتێک هەبێت کە پێویستە ئاسایی بێت، ئەوە حوکمڕانی ئاکەپە-مەهەپەیە. بۆ ئەمەش پێش هەموو شتێک پێویستە واز لە قسە و کردارە زۆرەکانی دژایەتیکردن و سووکایەتیکردن، تۆمەت بەخشینەوە بهێنێت. ئایا هەنگاوێکی هاوشێوە لەلایەن ئاکەپە یان مەهەپەوە هەیە؟ نەک هەر قسەی ئۆزگور ئەفەندی، بەڵکوو وشەکانی پێشوو بۆ جەهەپە بەکارناهێنێت، ئایا ئەمە ئاسایی کردنەوەیە؟ دەسەڵاتی دادوەری لە ئامرازی سیاسی بوون دوورناخاتەوە، هەزاران سیاسەتمەداری لە زیندانەکاندا ڕاگرتووە، ڕۆژانە بەدەیان کەس دەستگیر دەکرێن، بەڵام ئایا بە ئازادکردنی چەند کەسێکی ئاشنا ئاسایی کردنەوە بەدی دێت؟ دوژمنایەتی دژی گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکان بەردەوام دەبێت، دواتر بەمەس دەوترێت ئاساییبوونەوە! ئەوانەی دەڵێن ئاساییبوونەوەێکی لەو شێوەیە نابێت، وەک دژە ئاسایی نیشان دەدرێت. کەسانێک هەن کە زۆرترین زیانیان لە لایەن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەوە پێگەیشتووە. ئەوانە ئەو کەسانەن کە تێکۆشان بۆ دیموکراتیک بوون و ئاساییکردنەوەی تورکیا دەکەن.

دوای دیدارەکەی ئەردۆغان و ئۆزەل، عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکەپە وتی: "وەرن با بەم شێوەیە و بەو شێوەیە نەرمی نیشان بدەین. ئەوانەن کە پێویستە نەرم ببنەوە و واز لە کردەوە خراپەکانیان بهێنن. ئەگەر جەمسەرگیری هەبێت، ئەگەر پەراوێزخستن هەبێت، ئەگەر توندترین هێرش دەکرێتە سەر هەمووان، ئەوە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بۆ خۆیەتی، واتە هەر ئەوانن کە دەیکەن. بەڵام چاوەڕی نەرمبوونەوە لە کەسانی تر دەکەن. ئەگەر حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە هەموو کردارە خراپەکانی ڕابگرێت، واتە ئەو سیاسەتەی کە ٩ ساڵە پەیڕەوی لێکردووە ڕابگرێت، ئەوا پرۆسەی ئاساییکردنەوە و نەرم بوونەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەست پێدەکات. ئێستا بە دڵنیاییەوە ئەوان ئۆپۆزسیۆن وەک پاساوێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بێگانە، جەمسەرگیری و خراپەکاری خۆیان بەکاردەهێنن.

دەسەڵاتی ئاکەپە، یان ڕاستتر بڵێین، ئەردۆگان پێی وایە زیان دەکات لەو زیهنیەتەی کە لەگەڵ مەهەپە دەسەڵاتێکی هاوبەشی بنیاتناوە. ئەمە لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆتە مایەی ئافراندنی بێباوەڕییەک دەرهەق بە دەسەڵاتی ئاکەپە. بۆیە دەیەوێت وا نیشان بدات لە هەندێک پرسدا جیاواز لە مەهەپە بیر دەکاتەوە. بۆ ئەمەش بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ئەو سیاسەتە ٩ ساڵەیە بێت کە لەگەڵ مەهەپە کردوویەتی، دەیەوێت هەندێک گۆڕانی ڕوواڵەتی ئەنجام بدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە یەکسەر ڕوویکردە وتاری ئاساییکردنەوەی ئۆزگور ئۆزەل. ئەمەی وەک پاساوێک دەبینی بۆ ئەو گۆڕانکارییە ڕوواڵەتییەی کە بیری لێ دەکردەوە. بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە سیاسەتە سەرەکییەکان بکات، دەیەوێت بە بەکارهێنانی زمانی نەرم کات بەدەستبهێنێت. لەبەرئەوەی مەهەپە ڕۆڵی سەرەکی لە قڕکردنی کورددا هەبووە و نایەوێت بچوکترین گۆڕانکاری لەو سیاسەتانەدا بکرێت، لەم بابەتەدا هەندێک عاجزیی دەربڕیوە. بەڵام ئەگەر دەوڵەت باخچەلی بەردەوام بێت لەوەی سیاسەتی دژە کورد و دژە دیموکراسی وەک بناغەیەک ببینێت، ئەوە دەبێت مایەی قەتیسبوون و بچوکبوونەوەیان. ڕاستتر بڵێین، ئەگەر دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆگان بڵێن هاوپەیمانی کۆمار بەردەوام دەبێت، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئەمە نیشانی دەدات، کە هەندێک جیاوازی لە شێواز و ڕێبازدا هەیە و پێکەوە پەسەندی دەکەن. هەرچەندە نزیکایەتی جیاواز لە نێوان ئاکەپە و مەهەپە سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن و ژینگەی سیاسی هەیە، بەڵام پێدەچێت لەسەر بناغەی قبوڵکردنی ئەو جیاوازییانە سیاسەتی هاوبەش پێکهێنن. بە کورتی نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە بە هۆی جیاوازییە هەنووکەییەکان دەستبەرداری سیاسەتە هاوبەشەکانیان ببن. بەڵام ئاشکرایە ئەگەر تێکۆشان بەردەوام بێت، ئەو جیاوازییانە مەزنتر دەبن. لە ڕاستیدا تەیب ئەردۆگان بەدوای هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی مەهەپە لە دەرەوە پشتیوانی بکات. ئەگەر لەم کارەدا سەرکەوتوو بێت، بە هاوپەیمانی نوێ درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات کە بە شێوەیەکی جیاواز پشتیوانی مەهەپە وەردەگرێت. بەڵام نابێت کەس چاوەڕێی ئەوە بکات کە ئاکەپەی تەیب ئەردۆگان دەسهەڵبگرێت لە سیاسەتی دژی کورد و دیموکراسی.

ئاسایی بوونەوە بۆ گەلی کورد مانای نییە

هەڵوێستی گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکان بەرامبەر بەم جۆرە قسەوباسانە دەبێ چۆن بێت؟

نابێت گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان چاوەڕێی ئەوە بکەن تورکیا بە سیاسەتی ئاساییکردنەوەی جەهەپە بە کەشێکی سیاسی دیموکراتیک دەگات. ئەم ڕێبازە، زیاتر لە سیاسەتی جەمسەرگیری، خزمەت بە سیاسەتی فاشیستان دەکات بۆ ئەوەی بە شێوازی جیاواز بەردەوام بن. فاشیزم دەرئەنجامی عەقڵیەتی حکومەتی فاشیستە. ئەم عەقڵیەت و سیاسەتە لەسەر بنەمای هەمان عەقڵیەت و سیاسەتە بەڕێوە دەچێت، و تەنیا بە تێکۆشان شکست دەهێنێت. بە واتایەکی تر ئەو سیاسەتەی جەهەپە پەیڕەوی لێدەکات، خۆپەرستانەیە. یان ئەوەی ساڵانێکە لەسەر حکومەتی ئاکەپە دەیڵێن هەڵەیە؛ یان ئەوەی ئەمڕۆ دەیڵێن. هەردووکیان لە یەک کاتدا ڕاست نین. ئەگەر لێدوانەکانی پێشوو ڕاست بن، چاوەڕوانی چ جۆرە ئاساییی بوونەوەیەک لەم حکومەت و دیکتاتۆرە فاشیستییە دەکرێت؟ یان ئەو ئاسایییە بوونەوە چییە کە جەهەپە باسی دەکات؟ ئایا دیموکراسیکردنە بە گشتی سیاسەتە، یان تەنها نەرمکردنەوەی وتارەکانە بەرامبەر جەهەپە؟ ئەگەر وابێت جەهەپە دەگەیەنێتە دۆخێک کە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە ناوەستێتەوە و لەگەڵ سیاسەتەکانیان هاوڕا دەبن. ئەو کەسانەی دەنگیان بە جەهەپە داوە، ئەو کەسانەن کە بە دەستی سیاسەتەکانی ئاکەپە-مەهەپە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. جەهەپە بۆتە یەکەم لایەن کە دژی ئەم حکومەتە بوەستێتەوە و بۆ دیموکراتیزەکردن تێکۆشان بکات. بێگومان ئامانجی جەهەپە کە دەیەوێت بانگەوازی ئاکەپە بکات، جێگای تێگەیشتنە. سەیر نییە جەهەپە ببێتە بارەگا بۆ پارتەکانی وەک ئاکەپە. بەڵام ئەمە نابێت بە مانای بەشێک لە سیاسەتەکانی ئاکەپە هەژمار بکرێت.

بەکورتی پێویستە گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان ببینن کە ئەم باسوخواسانەی ئاسایبوونەوە هیچ واتایەکی نییە بۆ دیموکراتیکبوون، بەپێچەوانەوە، ڕەوشێک دەئافرێنێت بۆ ئاسایبوونەوەی سیاسەتە نادیموکراتیکەکان. لەم ڕووەوە، پێویستە جەهەپە چاوی لەم کارەساتە بێت و نابێت گوێ لەم سیاسەتە بگرێت، هەروەها دەبێت تێکۆشان دژی سیاسەتەکانی ئاکەپە – مەهەپە مەزنتر بکات. زەمینەی تێکۆشانی گەلانی تورکیا دژی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەهێزتر بووە. پێویستە بەبێ ئەوەی دەرفەت بدات بە جەهەپە بۆ وێرانکردنی ئەو زەمینەیە، تێکۆشان بۆ دیموکراسی و ئازادی مەزنتر بکات. نابێت هیچ هەوڵێکی دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ گۆڕینی وێنەی خۆی وەک شتێکی ئاسایی و نەرمبوون سەیر بکرێت. تەیب ئەردۆگان پاش شکستی لە هەڵبژاردنەکان، ئێستا شەڕێکی تایبەت لە دژی گەلانی تورکیا بەڕێوەدەبات کە دژی وی هەڵوێست نیشان دەدەن و تێدەکۆشن. هیچ کام لە قسەکانی بە مانا ڕاستەقینەکەی هەنگاوێک نییە بەرەو دیموکراسی. دەسەڵات و سیاسەتی ٢٣ ساڵەی ئەردۆگان ئەم ڕاستییەی نیشاندا. ئەم زەلامە یەک خەمی هەیە، مانەوە لە دەسەڵات و تێرکردنی لایەنگرانی. ئێستەش ئەم ڕێگەیە لە پێشەنگایەتی دوژمنایەتی کورداندا دەبینێت. پێویستە گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان، بەباشی نرخاندن بۆ ئەو ڕەوشە سیاسییە بکەن کە پاش هەڵبژاردن هاتۆتەپێشەوە، ڕێکخستن و تێکۆشانی هاوبەش پێش بخەن. بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەم شێوەیە لەبەردەم هێزە دیموکراسییەکاندایە. پێویستە لەگەڵ تێکۆشان و ڕێکخستندا خۆیان یەک بخەن. بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەسەڵاتە فاشیستە، پێویستە ڕێگە لەبەردەم دیموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد بکرێتەوە.