چالاکییەکانی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن": گۆشەگیری تاوانە

لە چالاکییەکانی وان و مێرسین و ئەدەنە دەستنیشان کرا، گۆشەگیری تاوانە و بانگەواز لە وەزیری دادی تورک کرا، "ئەگەر دادپەروەریتان دەوێت، داخوازی دایکان بەدی بهێنن".

چالاکییەکان دژی سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵی

چالاکییەکان بە داخوازی هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی و چارەسەری پرسی کورد، بەردەوامن. لە چەند شارێک چالاکییەکانی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" بەردەوامە.

وان

لە وان خزمی زیندانیان و توای-دەر لە چواچێوەی چالاکییەکانی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" لەبەردەم بینای دەم پارتی لە ئیپەکۆیلو ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. پانکارتی "ببە دەنگی زیندانیان" هەڵگیرا، نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان ئامادەبوون.

بەڕێوەبەری توای-دەر، عیسمەت یاقوت ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

"پێویستە وەزیری داد دەنگمان ببیستێت"

یاقوت ڕایگەیاند تا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیان کۆتایی نەیەت لە چالاکیدا دەبن، گوتی: "پێویستە دەستبەجێ گۆشەگیری کۆتایی بێت. دایکانی ئاشتی ٢ جار چوونە لای وەزیری داد، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهات. بانگ لە وەزیری داد دەکەین. ئەگەر دادپەروەریتان دەوێت، داخوازی دایکان بەدی بهێنن. داوا دەکەین دەستبەجێ دانوستان بکرێت. وەک بنەماڵەی زیندانیان داوا دەکەین، چاومان بە ڕۆڵەکانمان بکەوێت".

مێرسین

چالاکییەکەی مێرسین ١٠ هەفتەیە بەردەوامە. خزمی زیندانیان و چەندین کەس ئامادەبوون. پانکارتی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" هەڵگیرا. بەشداران یەلەکیان پۆشی بە نووسینی کوردی و تورکی "گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە". جەماوەر بەرەو بینای ئاکەپە ڕێپێوانیان کرد، لەوێ پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن. بۆیە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

"گۆشەگیری شەرمەزار دەکەین"

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) مێرسین، ڕەشاد ئاشان تیشکی خستەسەر گەمارۆکەی بەردەم بینای ئاکەپە و گوتی: "ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەچینە بەردەم بینای ئاکەپە، کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، کۆتایی هێنانە بە هەموو پێشێلکارییەکانی مافەکان. چالاکییەکانمان لەم ڕووەوە بەردەوام دەبێت. بەڵام پۆلیس بینای ئاکەپەی گەمارۆداوە. جارێکی تر ئەو گۆشەگیرییە شەرمەزاردەکەین کە لە ئیمراڵی دەستی پێ کرد و لە تەواوی زیندانەکان بڵاوبووەتەوە".

ئەدەنە

چالاکی خزمی زیندانیان لە ئەدەنە ١٠ هەفتەیە بەردەوامە، جەماوەر ویستیان بچنە بەردەم بینای ئاکەپە بەڵام پۆلیس نەیهێشت و بەردەم بیناکەی گرت.

بەڕێوەبەری دەم پارتی شارەکە، یاشار دەمیر هەڵوێستی پۆلیسی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند تا کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری لێرەن و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" کۆتایی هات.