ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە لە ئەنقەرە

ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەم پارتی کە لە ئیستەنبوڵ دەستی پێ کرد، گەیشتە ئەنقەرە.

ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە

ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە گەیشتە ئەنقەرە. ڕێپێوانکەران بە مەبەستی چوونە جولەمێرگ، لە ئیستەنبوڵ و ئەزمیرەوە بەڕێ کەوتن، لە ئەنقەرە گەیشتن بە یەک. بەشێوەیەکی جەماوەری پێشوازی لە ڕێپێوانکەران کرا، درووشمەکانی "بژی بەرخۆدانی جولەمێرگ" و "شانبەشان دژی فاشیزم" و "جولەمێرگ بەرخۆدان بکە، ئەنقەرە لەگەڵتە" بەرزکرایەوە.

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ئەنقەرە نەباهەت چاپلان ڕایگەیاند بەرامبەر دەستبەسەراگرتنی ئیرادە سەر نەوی ناکەن و درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

چاپلان ڕایگەیاند سیاسەتی قەیوم و گۆشەگیری، گەل ڕووبەڕووی شەڕ و کارەسات دەکاتەوە، گوتی: "دەست لە سیاسەتی شەڕ و تاڵان و زۆرداری هەڵبگرن. گۆشەگیری کۆتایی پێ بهێنن. دەرگای دیالۆگ و کۆبوونەوە بکەنەوە و بڕیاری مەجلیسی شارەوانی جولەمێرگ بۆ دانانی ڤیان تەکچە وەک سەرۆکی شارەوانی لە شوێنی محەمەد سدیق ئاکیش قبووڵ بکەن".

پاشان پەرلەمانتاری دەم پارتی مەحمود دیندار ڕایگەیاند سەرەڕای فێڵ و ساختەکارییەکان دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە کوردستان گورزێکی مەزنی خوارد، دووپاتی کردەوە قەیوم جوگرافیای کوردستان تاڵان دەکەن، گوتی: "ئەمڕۆ لە ئەنقەرە دەنگی خۆمان هەڵدەبڕین. ئێمە دان بە قەیوم نانێین، تا ئەم نادادییە نەکشێنرێتەوە، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".

ڕێپێوانکەران ئەمشەو لە ئەنقەرە دەمێننەوە و سبەی بەرەو ئەدەنە دەچن. درێژە بە ڕێپێوانەکەیان دەدەن و ٣ ی تەمموز دەگەنە وان، لە ٨ ی تەمموزیش لە جولەمێرگ دەبن.