سیناریۆکەی پەدەکە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە: خاکفرۆشتن بە سیناریۆ لەبیر خەڵک نابرێتەوە

بەشێکی زۆری هاووڵاتیان و رۆشنبیران سیناریۆ تازەکەی پەدەکە لە بارەی سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک بە خیانەتێکی نوێی ئەو حزبە و هەوڵێک بۆ رەوایەتیدان بە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک ناوی دەبەن.

دوای ئەوەی پەدەکە هەوڵیدا لە رێگەی سیناریۆیەکەوە لایەنە کوردستانیەکان بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکوک تۆمەتبار بکات، هەر زوو هاووڵاتیان و رۆشنبیران ئەو سیناریۆیەیان بە سواو و پاساوێک بۆ هێرشە داگیرکەرییەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناودێر کرد.

لەو بارەوە عەزیز رەئوف نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک روو لە پەدەکە نوسیویەتی: "سیناریۆكەتان زۆر ناڕاست و ناشرین بوو، لەم چركەساتەدا  كە توركەكان تا قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان هاتوون، ئێوەش هاوكات لەگەڵ هەنگاوی  ناشرینی داگیركەراندا، سیناریۆی ناڕاست دروست دەكەن كە دڵنیام  خۆشتان باوەڕتان پێی نیە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یەک هەنگاودا زۆر سەرسامە بە پەدەکە ئەویش "ئەو جەرائەتە چیە لە ئێوەدا هەیە وا بە ئاشكرا خەڵك و ئەندامانی خۆتان بە گێل و گەمژە بزانن و وا وابیربكەنەوە كە خەڵك و لایەنگرانتان باوەڕتان پێ دەكەن، ئەم ڕووقایمیە چیە لە هەموو دنیادا هێز و گروپ هەبوون ببن بە كەواسووری بەر لەشكر و لانی كەم هێز و گروپ هەبوون كە دژ بە برایانی خۆیان بن، بەڵام باوەڕناكەم لە مێژوودا هێز هەبووبێت وەك ئێوە لەگەڵ ئەم هەموو برین و قەیران و نەهامەتیانەی بەسەر گەلەكەتاندا هێناوە، جورئەت بكەن بەشوێن پێی توركاندا بڕۆن و شوێن پۆستاڵەكانیان بسڕنەوە، بەوەش نەوەستن برا كوردەكانمان لە باكوری كوردستان بە سیناریۆی ناڕاست و باوەڕپێنەكراو تاوانبار بكەن".

ئەو نوسەرە تۆمەتبارکردنی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردی بە ئەنجامدانی سوتاندنی بازاڕەکان لە رێگەی سیناریۆی ناڕاست، بە کردەوەیەکی هێندە قێزەون ناوبردووە کە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە و لە کۆتایی نوسینەکەیدا رایگەیاندووە: پەدەکە لە خیانەتکردندا بێتامی کردووە".

لای خۆیەوە عەلی کەریمی نوسەر و سیاسەتمەداری کورد بە توندی رەخنەی لە سیناریۆکەی پەدەکە گرتووە و نوسیویەتی: " وەرن و شەرم مەکەن بەئاشکرا و بێشەرمانە بێژن؛ دەبین بە کۆیلە لە ناو کۆماری کوردکوژی تورکیا، سناریۆ و گێلاندن بەسە".

هاوکات ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنووس و یەک لە زیندانیە سیاسیەکانی پێشووی بادینان نوسیویەتی: "دروستکردنی سیناریۆ فرۆشتنی خاک لە بیر خەڵک ناباتەوە".

هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش سیناریۆ تازەکەی پەدەکە رووبەڕووی رەخنە و گاڵتە پێکردن بووەتەوە و هاووڵاتیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو سیناریۆیە بە پلەی یەکەم بۆ شاردنەوە و رەوایەتیدانە بە لەشکرکێشی و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک، لە لایەکیشەوە هەوڵێکی پەدەکەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەهۆی ترسی ئەو حزبە لە لەدەستدانی بەشێکی زۆری دەنگەکانی.

هـ . ب