ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوان شەریفە محەممەدی دا سەپاند

دادگای شۆڕشی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوان شەریفە محەممەدی بە تۆمەتی "سەرهەڵدانی چەکداری دژ بە ڕێژیمی ئێران" سەپاند.

چالاکوان شەریفە محەممەدی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە و هەوڵدان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە سزای لەسێدارەدان مەحکووم کرا.

کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، سزای لەسێدارەدانی بەسەر شەریفە محەممەدی دا پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە حوکمی لەسێدارەدانی محەممەدی ڕاگەیاندنی شەڕ و سزادانی چالاکانی کۆمەڵایەتی و مەدەنییە. کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکە و ئازادکردنی بێ مەرجی شەریفە محەممەدی کرد.

شەریفە محەممەدی دایکی منداڵێکە و هاوژینەکەی بە بانگەشەی ئەوەی کە پەیوەندیی لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەدا هەیە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

شەریفە محەممەدی، لە شاری ڕەشت نیشتەجێیە، جگە لە چالاکییەکانی سەندیکا مەدەنیەکان بەشداری لە هیچ چالاکیەکی دیکەدا نەکردووە، بەڵام بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵەدا هەبووە سزا دەدرێت.