تولای حاتەم ئۆغۆللاری: قەیرانی سوریا بە دانوستان لەگەڵ کورد چارەسەر دەبێت

هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "ڕێگەی ڕاستەقینەی دانوستان لەگەڵ سوریە بە قامیشلۆ و کۆبانێدا تێدەپەڕێت". ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری ئیمراڵی دەربڕی و سڵاوی لە بەرخۆدانی دایکان کرد.

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، نرخاندنی بۆ ڕۆژەڤەکان کرد. دایکان کە بۆ ئەوەی دژی گۆشەگیری لەبەردەم دادگای دەستووری ڕاگەیاندراو بدەن هاتنە ئەنقەرە، لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون و بەردەوام درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان بەرزدەکردەوە.

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی ئەردۆگان بۆ نزیکبوونەوە لە حکومەتی سوریا و گوتی: "دەڵێت ئێمە لە سوریا هیچ کارێکمان نییە. دەڵێت، ئێمە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سوریادا ناکەین. ئەسەدی دۆست لەناکاو بوو بە ئەسەدی دوژمن و ئێستا دەیانەوێت جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ لای ئەسەدی دۆست. ساڵانێکە هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوە دەدەن. ئەمە هەڵوێستێکی نوێ نییە. باشە، بەڵام ئەگەر پەیوەندیت بە کاروباری ناوخۆوە نییە، ئەی بۆچی قایمقامت لە عەفرین داناوە، بۆچی لقێکی زانکۆی دیلۆکتان لەوێ کردۆتەوە، بۆچی پۆستەخانەی تورکیاتان کردەوە و بۆچی مووچەی ئۆسۆ بە لیرەی تورکی دەدەن؟ ئەگەر ئەمە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا نەبێت، ئەی چییە؟".

حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: " پێویستە تورکیا بە فەرمی کۆبوونەوە لەگەڵ سوریا بکات. پێویستە لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە. کاتێک ئەم کۆبوونەوانە ئەنجام دەدرێن، پێویستە لەوێ لەگەڵ ئیرادەی گەلی کورد کۆببنەوە. هەروەها پێویستە کۆبوونەوە لەگەڵ قامیشلۆ بکرێت. ئێمە زۆر باش دەزانین ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، تورکیا ناتوانێت لە سیاسەتی دەرەوەدا سەرکەوتوو بێت. وە جارێکی تر ئەم هۆشدارییە دەدەین؛ تورکیا لە جیاتی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە، لەڕێگەی میتەوە ئەم کارانە دەکات. کارێکی هەواڵگرییە، نابێت سیاسەتی دەرەوە وەک کاری هەواڵگری بەڕێوەبچێت. دوا قسەم لەسەر ئەم بابەتە ئەوەیە، ڕێگای ڕێککەوتنێکی متمانەپێکراو لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بە چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسیانەی پرسی کورد دێتەدی. ڕێگەی ڕاستەقینە بە قامیشلۆ و کۆبانێدا تێدەپەڕێت".

لە درێژەدا حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر پرسی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ و بەرخۆدانی گەل دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە، هەروەها سڵاوی کرد لە چالاکییەکانی دایکانی ئاشتی.