لە بۆلۆنیا پێشوازیی گەرم کرا لەو کۆنسێرتەی بۆ ڕێبەری گەلی کورد ڕێکخرا

زنجیرە کۆنسێرتی "Tempo de sperenza" (کاتی هیوایە) کە ساڵی پار لە ئیتاڵیا دەستی پێ کرد، ڕۆژی سێ شەممە لە بۆلۆنیا بە بەشداریەکی مەزن بەردەوام بوو.

لە برێشیا و میلانۆ و ئەلیساندریا و ڕۆما کۆنسێرت بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرا. لە درێژە ئەم زنجیرە کۆنسێرتە، لە شاری بۆلۆنیا کۆنسێرتێک ئەنجامدرا.

کۆنسێرتەکە لەلایەن (RETE Kurdistan) و نووسینگەی زانیاری کوردستان لە ئیتاڵیا و هونەرمەندانی ئیتاڵیاوە ڕێکخراوە، گۆڕەپانەکە بە ئاڵای پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە و پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕازێنرایەوە.

کۆنسێرتەکە بە بەشداری هونەرمەندانی بەناوبانگی ئیتاڵیا ئەنجامدرا، پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا، چەند بەشێک لە بەرگرینامەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێنرایەوە.

لە ڕێکخەرانی کۆنسێرتەکە، دۆمینیکۆ موجیگنات ڕایگەیاند لە ساڵی ١٩٩٨ کاتێک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هاتۆتە ئیتاڵیا فیکری ئەوی ناسیووە، گوتی: "لەوکاتەوە، بۆ بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و بڵاوبوونەوەی فیکری وی لە جیهاندا، چی لەدەستم بێت دەیکەم. عەبدوڵا ئۆجالان بۆ هەموومان ڕێبەرێکی فەلسەفی و سیاسییە".

هەروەها گوتی: "ڕێگەی ژیانی ئاشتییانەی جڤاکەکان، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە. ئێمە بۆ ئازادی ئۆجالان درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

هونەرمەند و نووسەر پێرپاولا کۆپڤیلا گوتی: "ئۆجالان پەروەردەکارە. ئۆجالان سیاسەتمەدار نییە، هاوکات بیرمەندێکی مەزنی هاوشێوەی ئەنتۆنیۆ گرامشییە. فیکری ئۆجالان سەرسوڕهێنەرە. کۆنفیدراڵیزم فۆرمێکی نوێی سۆسیالیزمە، سۆسیالیزمی ئەم سەردەمە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە".

هەروەها ڕایگەیاند فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە، گوتی: "هیوادارم دەمودەست ئازاد بکرێت. دەمانەوێت عەبدوڵا ئۆجالان لە تەنیشت خۆمان ببینین".