هێرشی نەژادپەرستی: سەربازانی تورک لە عەفرین و جەرابلوس ٧ کەسیان کوشت

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند سەربازانی تورک لە خۆپیشاندانەکانی دوای ڕووداوە نەژادپەرستییەکانی قەیسەری ٧ کەسیان کوشتووە.

لە هەرێمە داگیرکراوەکان ناڕەزایەتییەکان دژی ڕووداوە نەژادپەرستییەکان و هێرش و سوتاندن و تاڵانکردن کە ٣٠ حوزەیران لە قەیسەری دەستی پێ کرد و لە چەند شارێک بڵاوبوویەوە، زیاتر بوون. ئاڵای تورک سوتێنرا، هەوڵدرا چەند بنکەیەکی سەربازی و خاڵی سنووری کۆنتڕۆڵ بکرێت.

بەڕێوەبەری سۆهر ڕامی عەبدولرەحمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ژمارە ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی دووشەممە کوژراون، گەیشتۆتە ٧ کەس، ٦ کەس لە عەفرین و کەسێک لە جەرابلوس لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ پاسەوانە تورکەکان کوژراون".

سۆهر ڕایگەیاند پاسەوانانی سنووری تورک دەستڕێژی گولـلەیان لە خۆپیشاندەران کردووە کاتێک ویستویانە خاڵێکی سنووری لە جەرابلوس کۆنتڕۆڵ بکەن.

هەروەها سەرچاوە تەندروستییەکانی هەرێمە داگیرکراوەکان، ژمارەی کوژراوەکانیان پشتڕاست کردۆتەوە.