حاتەم ئۆغۆللاری: بەبێ گوێدانە سنوورەکان، تێکۆشان پشکی هاوبەشی هەموومانە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە وۆرک شۆپی گرووپی خەباتی یەکسانی ڕەگەزی جڤاکی هاوپەیمانی پێشکەوتووخواز، گوتی: "بەبێ گوێدانە سنوورەکان، تێکۆشان پشکی هاوبەشێ هەموومانە".

وۆرک شۆپی گرووپی خەباتی یەکسانی ڕەگەزی جڤاکی هاوپەیمانی پێشکەوتووخواز (Progressive Alliance) کە لە ٢٧ وڵاتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا لەخۆدەگرێت، لە ڕۆژی دووەمدا لە ئیستەنبوڵ بەردەوامە. ژنان لە پارت و ڕێکخراوە جیاوازەکانەوە بەشداری وۆرک شۆپەکە بوون.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری قسەی کرد، تیشکی خستەسەر شەڕ و پێکدادانەکان لە جیهاندا هاوشێوەی شەڕی ڕوسیا-ئۆکرانیا، ئیسرائیل-فەڵەستین و فشارە بەردەوامەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند هۆکارەکەی سیستەمی سەردەستە و گوتی: "پێویستە وەک بزووتنەوەکانی ژنان پێداگری لەسەر ئاشتی بکەین، ئەم قۆناغە بە تێکۆشان تێپەڕێنین".

حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی کرد بە کۆمەڵکوژی ژنان لە تورکیا، گوتی: "وەک دەم پارتی دژی هەموو سەپاندنێک بەرامبەر جەستەی ژنان، تێدەکۆشین. دەمانەوێت دژی هەموو جیاکارییەکی ڕەگەزی جڤاکی و ئابووری و سیاسی و چاندی، بتوانین یەکسانی بەدی بهێنین. تێکۆشانمان لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بەردەوام دەبێت".

هەروەها جەختی کردەوە دەخوازن سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە جیهاندا بڵاوبکەنەوە، دووپاتی کردەوە فشار و گرتن و ئەشکەنجە دژی ژنان، بەتایبەت ژنانی کورد زیاتر بوون. تیشکی خستەسەر ستەمی سەپاندنی سزای سەدان ساڵ لە دۆزی کۆبانێ، گوتی: "پێویستە تورکیا بڕیارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات و هەموو زیندانیانی دۆزی کۆبانێ ئازاد بکرێن".

لە درێژەدا حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: " لە سەدەی بیست و یەکەمدا جەستەی ژن وەک غەنیمەی شەڕ سەیر دەکرێت. ئەمەش ئازارمان دەدات. دژی ئەمە بەبێ گوێدانە سنوورەکان تێکۆشان پشکی هاوبەشی هەموومانە. لەم ڕووەوە پەیماننامەی ئەستەنبوڵ گرنگ بوو. پێشتر تورکیا ئەم پەیماننامەیەی دەپاراست، بەڵام ئێستە لێی کشاوەتەوە. ئێمە وەک بزووتنەوەی ژنان هەوڵی گەڕانەوەی ئەم پەیماننامەیە دەدەین. دڵنیام ئێمە وەک ژن تێکۆشان دەکەین و ئەو ئەنجامانە بەدەست دەهێنین. کێشەکان زۆرن، بەڵام ئێمە بەجۆشین. جۆشی بێکۆتایی ژنان ئێمەی گەیاندە ئەم ڕۆژانە. ئێمە بەردەوامین لە گەشتەکەمان بۆ ڕازاندنەوەی داهاتوومان بەو ڕەنگانەی کە دەمانەوێت. ڕێگاکەمان کراوەیە".

پاشان وۆرک شۆپەکە بە خوێندنەوەی نەخشەڕێگایەک کۆتایی هات.