مەسەدە: ڕزگاری گەلانی سووریا بە یەکێتیەوە دەبێت

مەسەدە داوای لە هێزە سیاسییەکانی سوریا کرد کە بۆ داهاتووی گەل و وڵات بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و داوای کرد کۆنگرەی نەتەوەیی پێک بێنن.

ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک(مەسەدە) سەبارەت بە هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ گەڕاندنەوەی سەر لە نوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا و ئەو ڕووداوانەی لە هەرێمە داگیرکراوەکاندا ڕوودەدەن بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لەم بەیاننامەیەدا سڵاو لە هەڵوێست، بەرخۆدان و سەرهەڵدانی گەلانی سوریا، لەدژی ستەم، هەژموون و ڕەگەزپەرستی کراوە و وتراوە: "داواکاری ڕەوا و ئامانجی گەلانی سووریا بنەمای تێکۆشانی ئێمە و خەباتی سیاسیمانە."

سەبارەت بە هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ گەڕاندنەوەی سەر لە نوێی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا، ئاماژە بەوەکراوە: "هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بە گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و هەروەها لە بەرچاو نەگرتنی فەداکارییەکانی گەلی سوریا و بەکارهێنانی بەشێک لە گەلانی سوریایە لە پێناو پڕۆژەکانی، نیشاندەری ئەوەیە کە ڕزگاری گەلانی سووریا تەنها لە ڕێگەی یەکێتی و بەشداریکردن و تێپەڕ بوون لە دژایەتی و ململانێە ناوخۆییەکانەوە دەکرێت."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا باس لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی باکووری سوریا و سیاسەتە ڕەگەزپەرستیەکان بەرامبەر بە پەنابەرانی سوریا لە تورکیا کراوە و وتراوە: "ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن سەلمێنەری ئەوەن کە تەنها سورییەکان بۆ خۆیان دەتوانن پاڵپشتی یەکتر بن و یەک بپارێزن. ئێمە پێشوازی لە سوریایەک دەکەین کە لە پێناو ئاسایش و ئارامیدا کار بکات. ئێمە پێشوازی لە هەر هێزێکی سیاسی دەکەین کە کار بۆ خۆبەڕێوەبەری و شکاندنی زنجیرە بەربەستەکان بکات. چونکە سوریا هی هەموو سوریەکانە. وتووێژی نەتەوەیی تاکە ڕێگای ڕزگاربوونە لە کێشە و گرفتەکان و هەروەها تەنیا ڕێگای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی سوریایە وەک هەوێنی پڕۆژەی ڕزگاربوون لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا.

ئێمە هێزە سیاسییەکانی سوریا کە بە بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر بە چارەنووسی گەل و وڵاتەکەمان هەڵسوکەوت دەکەن بانگهێشت دەکەین. هاوکات داوا لە هەموو گەلانی سووریا بە تایبەت هێزە سیاسییەکان دەکەین کۆنگرەیەکی نەتەوەیی وەک بنەمایەک بۆ ڕزگاریی وئازادیی گەلانی سووریا پێک بهێنن."