بە دیمەن

فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز: شەڕی سارا ڕێگەی نیشان دا

ژنان بەشداری فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز بوون، تیشکیان خستەسەر کێشەکانی سیستەمی باوکسالاری و پەیامیاندا "ژنان بە درووشمی ژن ژیان ئازادی، بەرەو شۆڕش هەنگاو دەنێن".

فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز لە زیوریخ

فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز کە ساڵانە بەڕێوەدەچێت بەبۆنەی یادی یەک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سارا (ساکینە جانسز) کە ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدکرا، لە کانتۆنی زیوریخی سویسرا ئەنجامدرا. فیستیڤاڵەکە بە بەشداری هەموو کانتۆنەکان بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین" لە زیوریخ بەڕێوەچوو.

گۆڕەپانی فیستیڤاڵەکە بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ژنانی پێشەنگ ڕازێنرایەوە، درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

ژنانی بەشداربوو تیشکیان خستەسەر گرنگی تێکۆشانی ساکینە جانسز، هەروەها ئاماژە کرا بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بانگەوازکرا بۆ کۆبوونەوە لەدەوری هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد".

فیستیڤاڵەکە بە وتەی پێشەکی ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا، سەلما سورەر و ئۆزەن ئایتاچ دەستی پێ کرد. پاشان لەسەر ناوی ڕێکخراوەکانی ژنان قسەکرا

مارتینا: ژنانی کورد ڕێ نیشان دەدەن

لەسەر ناوی (Revolutionarer Aufban) شوێز مارتینا تیشکی خستەسەر ئاکامەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر جڤاک و بەتایبەت ژنان، ڕایگەیاند ئیتر ژنان لە هەموو جێیەک تێکۆشان دەکەن، تێکۆشانی ئازاید و تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی کورد بۆ ژنانی جیهان گرنگە، گوتی: "لە ڕۆژئاوا تا سویسرا، هێز لە درووشمی ژن ژیان ئازادی وەردەگرین، درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین".

"فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی هێزمان پێ دەدات"

لە درێژەی فیستیڤاڵەکەدا ژنان دووپاتیان کردەوە تێکۆشانی ساکینە جانسز بۆتە تێکۆشانی ژنانی جیهان و ئاماژەیان بەوە کرد، درووشـم و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێگە بە بزووتنەوەکانی ژنان نیشان دەدات.

کەژەکە: لەدەوری ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کۆببینەوە

لە فیستیڤاڵەکەدا پەیامی کەژەکە خوێنرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کرا، تێکۆشانی زیلان و بێریتانەکان لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بەرەو سەرکەوتن دەچێت. جۆشی ژنان لە فیستیڤاڵەکە و تێکۆشانیان لە جیهاندا گورزی گەورەیە لە سیستەمی باوکسالاری. کەژەکە تیشکی خستەسەر سیاسەتی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بانگەوازی لە ژنانی جیهان کرد لەدەوری تێکۆشانی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە.

لە فیستیڤاڵەکەدا چالاکی هونەری پێشکەشکرا و درووشـمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

فیستیڤاڵەکە بە مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕکێ تا کاتژمێرەکانی درەنگی شەو بەردەوام بوو.