بە دیمەن

لە زیوریخ فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز دەستی پێ کرد

لە زیوریخ ١١ هەمین فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز دەستی پێ کرد. لە فیستیڤاڵەکەدا پەیامدرا "تێکۆشانی سارا ڕێگەمان نیشان دەدات".

فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز

لە کانتۆنی زیوریخ لە سویسرا، فیستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز دەستی پێ کرد. فیستیڤاڵەکە بۆ یادکردنەوەی یەک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سارا (ساکینە جانسز) کە ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدکرا، ساڵانە بەڕێوەدەچێت. فیستیڤاڵەکە بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) و بە پشتگیری نزیکەی ٣٠ ڕێکخراو و دەسپێشخەریی ژنان لە گۆڕەپانی کاسێرنێنارێلی زیوریخ بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاودەنێین" بەڕێوەدەچێت.

گۆڕەپانەکە بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ژنە شەهیدە پێشەنگەکان ڕازێنرایەوە. پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، ئەندامی یەژەکە-سە، سەلما سورەر قسەی کرد. ئاماژەی بەوە کرد ژنانی جیهان لەم فیستیڤاڵە کۆدەبنەوە و تێکۆشانی ژنانی کورد نیشانی ژنانی چەوساوە دەدرێت.

پاشان لەسەر ناوی یەژەکە-سە ئۆزەن ئایتاچ تیشکی خستەسەر گرنگی ڕۆحی تێکۆشانی ساکینە جانسز و زەینەب کیناجی، تێکۆشانی ئەو دوو شۆڕشگێڕەی وەک نەخشەڕێگای ژنان ناساند، گوتی: " ساکینە جانسز فەلسەفەی ژیانی گەریلایە. یەک بە یەک هەموو ئاستەنگەکانی ژیانی تێپەڕاند و بەهێز بوو. تێکۆشان هەمیشە لای وی جێگەی شکۆ بووە. لە هەموو شوێنێک بوو، هەندێک جار فەرماندە، هەندێک جار شەڕڤان، هەندێک جار دیپلۆمات، هەندێک جار خوشک، هەندێک جار بەرخۆدەر و لە هەمووی گرنگتر، بە هەڵوێست و ئیرادەی خۆی ڕێگەی نیشان دەدا. تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەو میراتێکە بۆ ئێمەی ژنان".

هەروەها ئایتاچ لە درێژەی قسەکانی شەهید زەینەب کیناجی (زیلان)ـی بیرهێنایەوە کە ساڵی ١٩٩٦ لە دێرسیم چالاکییەکی فیدایی دژی دەوڵەتی تورک ئەنجامدا و شەهید بوو، گوتی: "چالاکییەکەی زیلان بۆ ئێمە دەسپێکی سەردەمێکی نوێ بوو. تێکۆشانی هاوڕێ سارا و زیلان بۆ ئێمە نەخشەڕێگایە. تێکۆشانەکەیان بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئێمەی ژنان ئەو میراتەی لە ئەوانەوە بۆمان ماوەتەوە ئەوەیە "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕش هەنگاودەنێین".

فیستیڤاڵەکە بە بەشداری دەیان ڕێکخراوی ژنان، بە چالاکی کەلتووریی بەردەوامە.