ڤیان تەکچە: ناتوانن ئەم تێکۆشانە بشکێنن

هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە لە ئیستەنبوڵ بەشداربوو لە چالاکی ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە و گوتی: "ناتوانن ئەم تێکۆشان و پێداگری و پێکەوەبوونە بشکێنن".

ئێشکگری هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی لە ئیستەنبو: دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ ٢٤ ڕۆژە بەردەوامە. هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە لە چالاکییەکەدا بەشداربوو.

هاوسەرۆکی ناوچەی عومرانیەی دەم پارتی خالس یاقوت ڕایگەیاند دەوڵەت بە درێژایی مێژووی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد ئەنجامداوە و ستەمی لەم گەلە کردووە، گوتی: " ئەو لەسێدارەدان و دڕندایەتییەی ئەوکات بەرامبەر شێخ سەعید کرا، ئەمڕۆ تەنها شێوەی خۆی گۆڕیوە، گەلی کورد هەردەم بەرخۆدان دەکات".

ئایسەل کۆجا لە جولەمێرگەوە هاتبوو، گوتی: "قەیوم کودەتایە، ئێمە بۆ گوتنی نا بۆ قەیوم هاتووین بۆ ئێرە. تا کۆتایی درێژە بە ئێشكگری دەدەین". پاشان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە)ی ئیستەنبوڵ سەرحەد چاکماک وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

دواتر هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە، گوتی: "ناتوانن ئەم تێکۆشان و پێداگری و پێکەوەبوونە بشکێنن. زیهنیەتی قەیوم و کودەتاچی قبووڵ ناکەین. ئەم بڕیارە قبووڵ ناکەین. شارەوانی هی ئەو کەسانە نییە، شارەوانی هی گەلە. کەس ناتوانێت ئەم بڕیارەی گەل بگۆڕێت. لە گۆڕەپانەکان دەبین، دەستبەردار نابین و ئێوە ناتوانن بێدەنگمان بکەن".