بە دیمەن

لە نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆ لە بارەی گۆشەگیرییەوە کرا

گۆشەگیری ئیمراڵی لە کۆنفرانسێکدا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆی لەبارەوەکرا. بانگەوازی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرا لە دژی گۆشەگیری هەنگاوبنێت.

لە چوارچێوەی ٥٦هەمین دانیشتنی مافەکانی مرۆڤی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە جنێف، بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان لە دژی ڕەگەزپەرستی (مراپ) بە ناونیشانی "مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا" کۆنفرانسێک ئەنجامدرا.

لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری نوسینگەی یاسایی سەدە، پەلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا لاورا کاستەل و سیاسەتمەداری کورد فرات ئانلی بەشداربوون.

لە کۆنفرانسەکەدا گۆشەگیری سەختی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کارە نایاسایییەکانی دەوڵەتی تورک کە لەکوردستاندا ئەنجامی دەدات گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

نوێنەری مراپی نەتەوە یەکگرتووەکان جیانفرانسۆ فاتۆرینی کۆنفرانسەکەی بەڕێوەدەبرد، لە سەرەتادا پارلەمانتار لاورا کاستەل فۆرت قسەیکرد، لە قسەکانیدا سەرەنجی خستەسەر گۆشەگیری سەختی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "ئۆجالان بۆ ملیۆنان کورد وەک سەرکردە سەیردەکرێت و کارەکتەری گرنگی پرۆسەی چارەسەرییە لە تورکیادا. ماوەی ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نیە. ئەم گۆشەگیرییە بەمانای ڕێگریکردنی چارەسەری دێت لە تورکیادا، لەهەمانکاتدا گۆشەگیری وەک مۆدێلێک لە زیندانەکاندا بەرێوەدەبرێت."

'پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان هەنگاوی پێویست بنێت'

لاورا کاستەل فۆرت بانگەوازی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد لە دژی نایاسییەکان لە تورکیادا هەنگاوی پێویست بنێت و وتی: "پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان لە دژی نایاساییەکان لە تورکیا و بەتایبەت لە دەربارەی بابەتی گۆشەگیری ئیمراڵی  ئەرکی خۆی جێبەجێبکات و هەڵویست بنوێنێت."

پارێزەر بیلمەز: هیچ یاسایەک لە ئیمراڵیدا بوونی نیە

پارێزەری نوسینگەی یاسایی سەدە ئیبراهیم بیلمەز لە کۆنفرانسەکەدا قسەیکرد و ئاماژەی بە لایەنی سیاسی گۆشەگیری ئیمراڵی کرد، ئەوەی دەسنیشانکرد بنەڕەنی قەیرانەکانی تورکیا، جەختکردنەوەیە لە ناچارەسەری پرسی کورد.

بیلمەز بانگەوازی لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان  و دامەزراوە بەرپرسیارەکان کرد لە بەرامبەر نایاساییەکان کە لە ئیمراڵیدا ئەنجام دەدرێت هەنگاوی پێویست بنێت.

فرات ئانلی: مافە بەدەستهێنراوەکان لە ژێر هەڕەشەی هێرشکردندان

سیاسەتمەداری کورد فرات ئانلی باسی لەوەکرد دەوڵەتی تورک لە کوردستاندا هێرشی داگیرکاری بەڕێوەدەبات و هێرش دەکاتە سەر بەها بەدەستهێنراوەکانی گەلی کورد.

لە درێژەی قسەکانیدا فرات سەرنجی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: "خواستی ئەم هێرشانە لە ناوبردنی مافەکانی گەلی کوردە."

دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، کۆنفرانسەکە کۆتایهات.

دانیشتنی ٥٦هەمینی مافەکانی مرۆڤی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٨ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردوە و تا ١٢ی تەموز بەردەوام دەبێت.