ڕەوشی زیندانیکراوی نەخۆش زەینەب جەلالیان خراپە

زیندانیکراوی سیاسی زەینەب جەلالیان بەهۆی ئازارێکی توند لە مێشکیدا، داوای وەرگرتنی چارەسەری کردووە، بەڵام دەوڵەتی ئێران ڕەتیکردەوە داواکەی جێبەجێ بکات.

زەینەب جەلالیان چەند هەفتەیەکە تەندروستی خراپە و پێوستی بە چارەسەری بەرفراوانە، بەڵام دەوڵەتی ئێران ڕێگە نادات لە دەرەوە چارەسەری پێویست وەربگرێت. دەوڵەتی ئێران ڕەتی کردۆتەوە داواکەی جێبەجێ بکات، تەنیا پشکنینى سادەی بۆ کراوە و پاشان گەرێندراوەتەوە ناو زیندانەکەی.

لە مانگی ڕابردوودا لەلایەن دەوڵەتی ئێران دوو جار نووسراوێکیان بە ناونیشانی "پەشیمانی" خستووەتە بەردەم زەینەب تا واژۆی بکات، کە دەقی نووسراوەکە لەلایەن دەزگای ئیتڵاعاتەوە داڕێژراوە و پێیان ڕاگەیاندووە، تا ئەو نووسراوە واژۆ نەکات لە هەموو مافێکی سەرەتایی زیندان بێ بەش دەبێت.

زەینەب جەلالیان لە ناو زیندان بەهۆی ئەوەی لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەشکراوە چەندین نەخۆشی دیکە تووشبووە لەوانە، ئازاری چاو ، لاوازبوونی بینایی، گرفتی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس.

زیندانیکراوی سیاسی، زەینەب جەلالیان، ماوەی ١٧ ساڵە لە زینداندایە و تاکە ژنە زیندانی سیاسییە لەو وڵاتە، کە سزای زیندانی هەتاهەتایی لەسەر بێت و بەردەوام هەڕەشەی لە سێدارەدانی لەسەرە.