بە دیمەن

شاندەکەی ئەورووپا گەیشتنە ئەستەنبوڵ و داواکاری خۆیان بۆ ڕۆشتنە ئیمراڵی گەیاندە نوسینگەی یاسای سەدە

شاندێکی ئەورووپی کە پێکهاتوون لە ئەکادیمی، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەوان و نووسەر بە بەپێشەنگایەتی پلاتفۆڕۆمی ئاشتی و ئازادیی ئەورووپا گەیشتنە ئەستنەبوڵ و خواستی خۆیان بۆ ڕۆشتنە ئێمراڵی گەیاندە نوسینگەی یاسایی سەدە.

شاندێکی ئەورووپی لە چوارچێوەی کەمپینی 'دەمەوێت لەگەڵ ئۆجالان دیدار بکەم' گەیشتنە تورکیا، شاندەکە بە گەیشتنیان بە ئەستەنبوڵ سەردانی نوسینگەی یاسای سەدەیان کرد، شاندەکەی ئەورووپا کە لە ٣٩ کەسایەتی پێکدێت داخوازینامەی خۆیان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ڕادەستی نوسینگەی یاسای سەدە کرد.

کەمپینەکە بۆ پشتگیریکردن لە چارەسەری دیموکراتیکی و ئاشتیانەی پرسی کورد و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت، ئامانج لە کەمپینەکە گەیاندنی خواستی ئاشتیانەی گەلی کوردە بە ڕای گشتی جیهانی.

'پرۆسەکە پێویستی بە کات هەیە'

پارێزەری نوسینگەی یاسای سەدە ئیبراهیم بیلمەز سوپاسی شاندەکەی کرد و بە شاندەکەی ڕاگەیاند ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩ بەدواوە لە زیندانی ئیمراڵی لەژێر گۆشەگیرییەکی سەختدایە.

بیلمەز لە قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر پرۆسەکە و گوتی: "چارەسەرکردنی پرسێکی ئاوا بنەڕەتی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی کارێکی ئاسان نییە. پێویستمان بە کات هەیە، پێویستە هەمووان لە هەوڵداندابن و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. هەربۆیە بوونی ئێوە لەم هەوڵە و لێردا زۆر گرنگە."

'پشتگیری لە بەڕێز ئۆجالان و گەل دەکەین'

دواتر بەناوی شاندەکەوە پەرلەمانتاری ئیتالی فرانسیسکا سەراسانی قسەیکرد و ئەمەی گوت: "ئەمرۆ لێرەین تا ئەوەی نیشانی جیهانی بدەین پشتگیری لە بەڕێز ئۆجالان و گەل دەکەین. هیوادارین ئەم هەوڵانە بەفراوانتربێت، هۆکاری هاتنمانیش بۆ پشتیوانکردنە."