'سی پی تی تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی کاردەکات'

ئاڤاشین مستۆ ئاماژەی بەوەدا سی پی تی لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارییەتیەکانی خۆیدا ناجوڵێتەوە و تەنها بەرژەوەندی خۆی بۆ گرنگە و کار بۆ کەسانی دیاریکراو دەکات. هەرەوەها مستۆ باسی لەوەکرد بە هێزی گەنجانەوە ئازادی جەستەیی ڕیبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین.

گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەتابێت زیاتر و سەختتر دەکرێت، بۆیە لەسەر ئاستی نەتەوەی و نێونەتەوەی هەڵوێستەکان بۆ شکاندی گۆشەگیری ئیمراڵی بەرفراوانتر دەبێت. پەیوەست بەم بابەتەوە هاوسەرۆکی گەنجان و وەرزشی کانتۆنی فرات ئاڤاشین مستۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

ئاڤاشین مستۆ باسی لە زیاتربوونی گۆشەگیری سەختی سەر ڕیبەری گەلی کورد کرد و وتی: "گوایە سی پی تی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ دامەزراوە. بەڵام لە ئاست گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆدا ئەم دامەزراوەیە کەڕ و لاڵە. بۆچی هەتابێت گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ گرانتر دەکرێ و هەموو کەسێک بێدەنگە؟ هەرەوەها بە هۆکاری بەتەمەنبوونی ڕێبەر ئاپۆش بێت، پێویستە چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت، ئەمە لە هەموو یاسایەکدا بوونی هەیە. بەڵام لەم بابەتەدا هەموو لایەن و کەسێک هاوشێوەی سی پی تی بێدەنگی هەڵبژاردووە، کاتێک بابەت دەبێتە ڕێبەر ئاپۆ هەموو یاساکان پێشێل دەکرێت."

ئاڤاشین مستۆ ئاماژەی بەوەدا سی پی تی تەنها بۆ کەسانی دیاریکراو کاردەکات و وتی: "گوایە سی پی تی بۆ هەموو کەسێک کاردەکات و مافی دەپارێزێت، بەڵام وەک ئەوەی دەیبینین تەنها بۆ کەسانێک کاردەکات. هەرخۆی سی پی تی تەنها بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کاردەکات. وەک گەنجان لە دەوری ڕێبەرمان گردبووینەتەوە و ناتوانن لە فکری ڕێبەرمان دامانبڕن. ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە ڕێبەر لە گۆشەگیرییدایە، بۆیە بە ملیۆنان کەس لە چاوەڕوانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدان. بۆیە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەتا دواخاڵ تێکۆشان بەڕێوەدەبەیین."

ئاڤاشین مستۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "پێویستە هەموو گەنجان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕاپەڕن و هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەهێزتر و بەرفراوانتربکرێت."