'رێکەوتنی کورد و عەرەب دەتوانێت رێگە لە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بگرێت'

رۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە باسی لە هێرشە داگیرکەریەکانی سەر کوردستان کرد و وتی:"عوسمانی نوێ و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، دەتوانرێت بە رێکەوتنە مێژوویەکەی نێوان کورد و عەرەب رێگری لێبکرێت."

رۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات-ANF  باسی دوایین رووداو و بارودۆخی تورکیا و کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

سەرەخۆشی لە گەلی لوبنان

رۆنی سەردەم لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە لە تەقینەوەکانی بەیروتی پایتەخی لوبنان و وتی:"بە هۆی ئەو کارەساتە گەورەیەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی گەلی لوبنان دەکەین. هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە دەخوازین. بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەم شارە جوان و دێرینەی لوبنان و گەلەکەیداین."

'دەوڵەتی تورک لە سەر بنەمای پشتگوێخستنی گەلان بونیاد نراوە'

رۆنی سەردەم رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لەسەر میراسی داگیرکاریی ئیمپارتۆری عوسمانی وەکو نەتەوە دەوڵەتێک بونیاد نراوە و وتی:" ئەمەش گۆڕا بۆ سیستمێک کە هەبوونی خۆی لەسەر بنەمای ئینکار و لەناوبردنی گەلان بونیاد نا. بۆ ئەوەی نەتەوە دەوڵەتێکی هۆمۆژەن بونیاد بنێت، گەلانی ئەرمەن، ئاسووری، سوریانی، چەرکەس و پۆنتوسی قڕ کردەوە و لە دژی گەلی کوردیش بە شێوەیەکی سیستماتیک قڕکردنی سیاسی، کلتوری، ئابوری، کۆمەڵایەتی و جەستەیی بەڕێوە برد. دەوڵەتی تورک کە خۆی وەک میراسگری ئیمپراتوری عوسمانی دەبینێتەوە، هیچ کات واز لە ئامانجە داگیرکەریەکانی بۆ سەر باشور و رۆژئاوای کوردستان ناهێنێت، چونکە ئەم ناوچانە لە چوارچێوەی میساق میللیدا دەبینێتەوە.

بارودۆخێکی بە هەمان شێوە لە باکوری ئەفریقا و لیباش هەیە. بە مەبەستی ئەوەی سەر لە نوێ ئەو خاکە داگیر بکاتەوە، هیچ کات نەیویست ئەو ئاگرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکوژێتەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئاگرەکەی گەشتر کردووەتەوە. دەوڵەتی تورک کە خۆی لە ناو راستیەکانی بەڕێوەبەریی دەسپۆتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابینێتەوە، ئەو قۆناغەی بە 'بەهاری عەرەبی' ناو دەبرێت، ویستی بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاری بهێنێت.

ئەردۆغان-باخچەلی سەرکێشانی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، سیاسەتە رەگەزپەرەست و ئاین پەرەستەکەیان لەسەر بنەمای عوسمانی نوێی، گۆڕیان بۆ سیاسەتی قڕکردن و ئەمەش وەکو مەرجی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا لە لایەن دەوڵەتەوە خرایە بەردەمیان. هەوڵە داگیرکاریەکانیان لە سوریا، بە تایبەت لە رۆژئاوا و باکوری سوریا، باشوری کوردستان و لیبیا بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانجە. بە هاندان و پشتیوانی هیزە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەیان، گۆڕەپانێکی بۆ خۆی دروست کردووە."

سیاسەتەکانیان بۆ داگیرکردنی لیبیا

رۆنی سەردەم رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشە داگیرکەریەکانی سەر سوریا و عیڕاق گەڕانەوەیە بۆ سنووری میساقی میللی، بەڵام سەرەکیترین مەبەستیشیان لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و عەرەبە و وتی:" لە ناو هەر چوار نەتەوە دەوڵەتانی داگیرکەردا، لە رووی دژایەتیکردنی کوردەوە، ئەوەی لە پێشەوەیە بۆ قڕکردن و کوشتنی کورد، دەوڵەتی تورکە. لە پشتگوێخستن و لەناوبردنی گەلی کورددا، خاوەنی سیاسەتێکی ئاشکرا و دیارە. هاوکات دەوڵەتانی تریش هاندەدات بۆ دژایەتیکردنی کورد و فشاریشیان لەسەر دروست دەکات.

ئەگەر سەرنج بدەی، دوای ئەوەی لە وڵاتە عەرەبیەکان، گەل هەڵسایە سەرپێ و دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش، وەکو ئەوەی لە دژی سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوایە، کەشوهەوایەکی خوڵقاند، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت بۆ گۆڕینی سیستمی دەسەڵات لە لیبیا، بە مەبەستی داگیرکاری بوو بە سەرکێشی ئەو هێزانە و رۆڵێکی وەهای بینی. دواتریش دەستی بە سیاسەتی بەتاڵانبردن و داگیرکردنی لیبیا کرد کە ئەمەش وەکو پارچەیەک لە هەوڵ و خەیاڵەکانی عوسمانی نوێ دەبینێت. سەر لە نوێ سیاسەتی 'فتوحاتی' گرتە بەر و بەم زیهنیەتە بەڕێوەبەرایەتیەکی هاوبەشی بونیاد نا و دەستی بە هەوڵەکانی رەوادان بە داگیرکاریەکانی کرد.

لە ئێستادا سیاسەتە شەڕخواز و داگیرکاریەکانی لە رۆژهەڵات ناوەڕاست، باکور ئەفریقا و قەفقاز وەکو زەمینێکی گرنگ بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی دەبنێت. لە کاتێک ئەگەر لەم سیاسەتەیدا سەرکەوتوو بێت، بۆ ئەوەی ببێت بە زلهێز لە ناوچەکە، دەتوانێت رێگریەکانی بەردەم خۆی لابەرێت. سیاسەتەکانی لە دەریای سپی و ئەوانی دی، هەموویان بۆ ئەم مەبەستەن. بەم سیاسەتە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش هەندێک ئەنجام بەدەست بهێنێت، بەڵام بۆ مەودا درێژ و قۆناغی داهاتوو، دەوڵەتی تورک رووبەرووی ناڕەزایەتیەکی توند و ریسک و سیاسەتێکی قوڕس دەکاتەوە.

لە راستیدا لە ئێستاوە هێماکانی دروستبوونی ئەو بارودۆخە دیارن. ناچار بوو لە دەریای سپی بۆ دواوە هەنگاو بنێت. لە لیبیا ناچار بوو بە پێی بەرژەوەندیەکانی روسیا هەنگاو بنێت. لە لایەکی ترەوە لە باشوری کوردستان خۆڕاگریە مێژوویەکەی گەریلاکانی ئازادی و پشتیوانی گەل بۆ ئەو خۆڕاگریە، هێزی بەخشیە ئەو لایەنانەی کە لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک دوودڵ بوون و بووە هۆکار کە هەڵوێستی خۆیان بنوێنن.

'رێکەوتنی کورد و عەرەب، دەستکەوتێکی مێژوویە'

رۆنی سەردەم تیشکی خستە سەر ئەوەش کە دەوڵەتی تورک هەول دەدات لیبیا لە رووی سەربازی و ئابوریەوە داگیر بکات، تێکەڵی خۆی بکات و لێی بخوات و وتی:"سیاسەت، هێرش و داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە بووە هۆکار کە لەسەر خاکی عەرەب، بەرەیەکی توندی دژبەر دروست ببێت. دەوڵەتان، رۆشنبیران و بە گشتی گەلی عەرەب ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورک، بە روونی وەکو بەدیهێنانی خەونی عوسمانی نوێ دەبینن و قبوڵیشی ناکەن. گەلانی عەرەب کاتی خۆی بۆ ئەوەی رزگاریان ببێت لە عوسمانیەکان، خۆڕاگریەکی زۆریان کرد و ئازاد بوون.

گەلانی عەرەب خۆیان بینیان و بەسەریشیان هات کە زیهنیەتی عوسمانی مافە کلتوری و ئابۆری و سیاسیەکانیان بە چی شێوەیەک لەناو برد. هیچ مەبەست و ئامانجێکیان نیە کە رێگە بە دەسەڵاتی فاشیستی ئەردۆغان-باخچەلی بدەن، لە کاتێکدا زیهنیەتی ئەو دووانە لە زیهنیەتی عوسمانی لەولاتەرە. گەل و دەوڵەتانی عەرەبی، کردەوە نامرۆییەکانی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر گەلی کورد دەبینن و لەوە گەیشتوون کە دەوڵەتی تورک ئامادەکاری ئەوەش دەکات کە هێرش بکاتە سەر خاکی ئەوانیش.

چونکە دەزانن ئەم هێرشانە تەنها لە دژی وڵاتێک نیە، بەڵکو لە دژی گشت گەلان و خاکی عەرەبە، رۆژ بە رۆژ هەڵوێستی توندتر پیشان دەدەن. گەلی عەرەب لە دژی دەوڵەتی تورک کە میراسە مێژوویەکانیان بە تایبەت دەوڵەمەندیە سەرخان و ژێرخانەکەیان بە نادیدە دەگرێت، هەڵوێستی توندتر پیشان دەدەن.

ئەم هەڵوێستەیان، هەم لە رووی مافە نەتەوەییەکان و هەم لە رووی نێودەوڵەتیەوە، یاسایی و راستن. لە لایەکی ترەوە گەلانی عەرەب هەڵوێستێکی ئەرێنیان هەیە بۆ شەڕی خۆپاراستنی گەلی کورد کە لە دژی دەوڵەتی تورک بەڕێوەی دەبات. ئەم بارودۆخەش رێگە خۆشکەر بووە بۆ زیندووکردنەوەی رێکەوتنە مێژوویەکەی نێوان کورد و عەرەب. ئێمە لەو بڕوایەداین کە مێژووییترین دەستکەوت لە رووبەرووبوونەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا، ئەمەیە. رێکەوتنی نێوان گەلانی کورد و عەرەب دەتوانێت رێگر بێت لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و عوسمانی نوێ."

هێرشە داگیرکەریەکانی سەر حەفتانین

رۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە لە بەردەوامی قسەکانی دا تیشکی خستە سەر هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی حەفتانین و گشت باشوری کوردستان و وتی:" هەر هێزێک کە لەو هەرێمە سیاسەت دەکات و بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی تێدەکۆشێت، هێزە سیاسیەکەی پەکەکە لە ناوچەکە دەبیێت. وەک تریش هەموو کەسێک ئەوە بە ئاشکرا و بە روونی دەبینێت تاکە هێز کە خاوەنی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە، خاوەنی بەرنامە و رێنوێنیە، پەکەکە یە. لە رووی هێز و زیهنیەتەوە، پەکەکە ئەو هێزەیە کە هەموو کەسێک دەیبینێت، یان مەجبوورە بیبینێت. پەکەکە وەک چۆن تا ئێستا کردوویەتی، لە ئێستاش بەدواوە وەکو رێبازی سێهەم، هێزی خۆی بۆ دواڕۆژی دیمۆکراتیک و ئازادی گەلان بەکار دێنێت.

لێرە رۆڵی خۆڕاگری گەریلا قارەمانەکان و گەلەکەمان زۆر گرنگە کە بەو رێنوێنیانە بجوڵێنەوە. لە دژی هێرشی داگیرکردنی باشوری کوردستان، کە بە هێرشکردنە سەر حەفتانین سەر لە نوێ بووەوە بە رۆژەڤ، هەڵوێستی گەلی باشور زۆر گرنگە. هەڵوێستی دژی ئەو سیاسەتانەی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک رەوا دەکەن، پێویستیەکی گرنگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوری و وڵاتپارێزی.

 دەوڵەتی تورک بەو بڕوایەوە دەجوڵێتەوە کە بە هێرشکردنە سەر پەکەکە، هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە ئامانج دەگرێت. ئەگەر پەکەکە لەناو بچێت، ئەو کاتە بێکاریگەرکردنی هێزەکانی تر ئاسانتر دەبێت. بۆیە نواندنی هەڵوێستێکی توندی گەل و رۆشنبیران و وڵاتپارێزان لە باشوری کوردستان لە دژی داگیرکاری زۆر پێویست و گرنگە. تەنها پەکەکە لە ئامانجی دەوڵەتی تورکیادا نیە، بەڵکو دەیەوێت باشوری کوردستانیش داگیر بکات. بە هۆی ئەوەی پەکەکە لە دژی داگیرکردنی باشور وەستاوەتەوە، بە هۆی ئەوەی لە هەموو جێگایەک مافی کورد بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە دەپارێزێت و رێگرە لە قڕکردی کورد، بۆیە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر پەکەکە.

دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو کوردێکە بە بێ جیاوازی و بەهۆی ئەوەی پەکەکە شکۆیە و دواڕۆژی کورد دەپارێزێت و بۆ پاراستنی ئەو دواڕۆژە تێدەکۆشێت، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر پەکەکە. پێویستە گەلی کورد و هێزەکانی باشوری کوردستان ئەم راستیە بزانن و لەم چوارچێوەیەدا بجوڵێنەوە و بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پلانانە، بە هێزەوە تێبکۆشن. دوای ئەوەی هەوڵی داگیرکردن، بووەوە بە رۆژەڤ، هەروەها دوای ئەوەی خەڵکی مەدەنی بە دەستی هێزە شەڕکەرەکانی دەوڵەتی تورکەوە کوژران، رای گشتی ناڕەزایەتی دەربڕی، لە پەرلمانی باشوری کوردستان چەند لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی هێرشەکان دروست کران و ئەو لیژنانە لە بارەی ئۆپڕاسیۆنە داگیرکراوەکانی دەوڵەتی تورک راپۆرتیان ئامادە کرد. گرنگ ئەوەیە کە ئەو راپۆرتانە لە لایەن حکومەتەوە بە چی شێوەیەک شیرۆڤە دەکرێت.

'دەبێت پەرلەمان هەڵوێستێکی روون و ئاشکرا لە دژی داگیرکاری بنوێنێت'

چاوەڕوانیەکان ئەوە بوون کە پەرلەمانی باشوری کوردستان هەڵوێستێکی روون و ئاشکرا لە دژی داگیرکاری پیشان بدات و بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو کوردێک بکات کە لە بەرامبەر داگیرکاری هەڵسنە سەرپێ. بەڵام لە وڵامی پەرلەماندا، شەرمەزارکردنێکی بەم شێوەیە یان بانگەوازێکی وەها نەبینرا. دەبێت پەرلمان بتوانێت لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک هەڵوێست و خۆڕاگریەکی نەتەوەیی پیشان بدات. کەموکورتیەکی گەورەیە تا ئێستا هەڵوێستێکی وەها نەبینرێت لە کاتێکدا دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و دەیەوێت لەناویان بەرێت.

گرنگ ئەوەیە گەلی باشورمان ئەمە دەبینێت، چەند رێکخراو و حزبێکیش بە هەمان شێوە ئاگادارن، بەڵام هەر چیەک دەکەن ناتوانن خۆیان لە بیرکردنەوەی تەسک و سیاسەتەکانی پێشوو رزگار بکەن و هەنگاو بنێن. تا ئێستا بە پێی سیاسەتی ساڵەکانی ١٩٩٠ دەجوڵێنەوە و پێیان وایە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەهێزیان دەکات. بەڵام سەردەم گۆڕاوە، ئامانجەکانی تورکیا گۆڕاون، سیاسەتی نیودەوڵەتی گۆڕاوە و لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە دەستکەوت و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد لە سەر بنەمای لاوازکردنی یەکترەوە، گۆڕاوە بۆ سیاسەتی بەهێزکردنی یەکتر.

ئەگەر سیاسەتی کوردی ئەم گۆڕانکاریانە نەخوێنێتەوە، ناتوانێت لە دژی داگیرکاری هەڵوێستێکی روون و ئاشکرای هەبێت. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە باشوری کوردستان ئەمە ببینێت و بە بێ ئەوەی بیانوو بۆ داگیرکاری بدۆزێتەوە، هەڵوێست خۆی بنوێنێت."

ئیدیعای 'چوونی شاندێک بۆ قەندیل'

رۆنی سەردەم لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە ئیدیعای چوونی شاندێک بۆ قەندیل کرد و وتی:"ئێمە ئەم هەواڵەمان لە راگەیاندنەکانەوە بیست. هەندێک کەس بە پێی عەقل و مەزەندەی خۆیان شیکاریان بۆ کرد و ویستیان رۆژەڤێک دروست بکەن. دەوڵەتی تورک شەڕێکی نامرۆڤانە و قڕکەر لە دژی گەلەکەمان و دەستکەوتەکانی بەڕێوە دەبات، بە فەرمانی ئەردۆغانی فاشیست لەسەر بنەمای ئەوەی "چی ژن بێت، یان منداڵ، هەموو کەسێک بە ئامانج دەگرین" شەڕێک بەڕێوە دەچێت. هێرشەکانی سەر باشوری کوردستانیش لەسەر هەمان زیهنیەت بەڕێوە دەچێت. هەم پێوانە نێودەوڵەتیەکان پشتگوێ دەخات، هەم تاوانی نامرۆڤانە ئەنجام دەدات. رووداوی کوشتنی خەڵکی مەدەنی بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە جار جار دەبێتە رۆژەڤی رای گشتی جیهانی.

دوایین جاریش هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە هەر دوو ناوچەی کونەماسی و شێلادزێ، زیاتر سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەم بابەتە. ئەو شاندەی دەوترێت چووە بۆ قەندیل، لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ کارێکی لەم جۆرەدا چووە. واتە چاوپێکەوتنی لەگەڵ خەڵکی مەدەنی ئەنجام داوە و زانیاریی لێوەرگرتوون. دەوترێت شاندێکی نێودەوڵەتیە. هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ بزوتنەوەکەمانەوە نەبووە. هیچ چاوپێکەوتنێکیشی ئەنجام نەداوە. ئێمە لە دژی شاندە مەدەنیەکان ناوەستینەوە کە دەیانەوێت بەدواداچوون بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنی لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە بکەن. لە راستیدا ئەو شاندە پەیوەندیان بە خەڵکی مەدەنیەوە کردووە و بە رێگای ئەوانەوە رۆیشتوون."

ز.ش