ڕاپۆرتی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی سوریا: هێرشەکانی تورکیا لە چوارچێوەی تاوانی شەڕدان

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە سوریا ڕایگەیاند هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە و هێرشی سەر مەدەنییەکان و ژێرخانی مەدەنی لە چوارچێوەی تاوانی شەڕدایە.

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی سوریا لە ئۆفیسی ژنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەست، کۆمیسیۆنەکە ڕاپۆرتی سوریای ١ ی تەمموز-٣١ کانوونی  دووەمی ٢٠٢٣ ی ئاشکرا کرد.

کۆمیسیۆنەکە لەسەر بنا‌غەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و چاوپێکەوتنی ٥٢٨ کەس لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دیمەنی مانگی دەستکرد ئامادەکرا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە ٢٠٢٠ ـەوە توندوتیژییەکی بێ وێنە لە سوریا هەیە، هێرش دەکرێتە خەڵک و ژێرخانی مەدەنی و تاوانی شەڕ ئەنجام دەدرێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە پاولۆ پینیرۆ لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند لەماوەی چوار ساڵی رابردوو شەڕ و پێکدادانەکان چڕتر بوون، سوریا پێویستی بە ئاگربەستە. ٩٠٪ گەلی سوریا لە هەژاریدا دەژین، لە چەندین ناوچەی سوریا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکرێن و تاوانی شەڕ ئەنجام دەدرێت.

پاولۆ ڕایگەیاند لە مانگی تەمموزەوە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوەریا زیاتر کردووە، ژێرخانی مەدەنی دەکاتە ئامانج و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خەڵی مەدەنی کوژراون، بەم واتایە هێرشەکان تاوانی شەڕدان.

پاشان ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە ڕاپۆرتێکی ٣٦ لاپەڕەیان پێشکەشکرد، تێیدا تیشکخرایە سەر تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک.

ئاماژە بەوە کراوە، لەنێوان ٥-٩ ی تشرینی یەکەم هێرشکراوەتە سەر ناوەندە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و ژێرخانەکانی کارەبا و وزە. هەروەها کامپێکی کۆچبەران کراوەتە ئامانج. هەروەها بەهۆی هێرشەکانەوە خزمەتگوزارییەکان بۆ گەلی هەرێمەکە پەکیان کەوتووە. بەتایبەت کارەبا و ئاو بۆ گەلی هەرێمەکە پچڕاون. نزیکەی ملیۆنێک کەس چەند هەفتەیەک بێ ئاو مانەوە. بەم هێرشانە خواردن و خواردنەوە و تەندروستی هەرێمەکە کرانە ئامانج.

هەروەها تیشکخراوەتە سەر هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەوان و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری.

هەروەها ڕاگەیاندرا ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەییەکان و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی مەدەنییە و تاوانی شەڕە.

لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکخراوەتە سەر پێشێلکاری لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، جەختکراوەتەوە تاوانی شەڕ و دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر کوردان لەلایەن سوپای نیشتیمانی سوریا و هێزە گرێدراوەکانی بەردەوامە. گەلی هەرێمەکە بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە ماف و ئازادییەکان بێبەش دەکرێن، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی دەبنەوە و بەزۆرەملێ لە زێدی خۆیان دوور دەخرێنەوە. هەروەها چەندین کەس لە هەرێمە داگیرکراوەکان دەستبەسەرکراون و لەلایەن بەرپرسانی تورکەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و ئەشکەنجە بوونەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا جەختکراوەتەوە، دەوڵەتی تورک بەرپرسە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانی شەڕ لە هەرێمە داگیرکراوەکان، دەبێت بەرپرسانی تورک ڕێگری بکەن لە پێشێلکارییەکان، ئەگەر نا یاسا و مافە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکەن. دەوڵەتی تورک ناچارە رێگری بکات لە ئەشکەنجە و مامەڵيی خراپ، لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بکات.