باقرخان: چی دەبێت باببێت ئێمە خاوەنی قەرس، بەدلیس و شڕنەخین!

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە شڕنەخ، بەدلیس و قەرس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بە فرت و فێڵ و گزیەکان کرد و داوای کرد رێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت.

تونجەر باقرخان لە رێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی شڕنەخ، بەدلیس و قەرس کرد.

پەیامەکەی باقرخان بەم جۆرەیە:

"خەڵکی بەنرخ و ئازیزی شڕنەخ، بەدلیس و قەرس؛

هاوڕێیانی بە نرخ؛

ئەو شارەوانیانەی کە ئێمە لە رێگەی رەنج و تێکۆشانەوە بەدەستمان هێناون، دەیانەوێت لە رێگەی دەنگدەرانی قاچاخ و نایاساییەوە زەوتی بکەن. خەڵکی شڕنەخ کە رووی سپی تێکۆشانی ئێمەن، چی دەبێت با ببێت ئێمە هەموو کات شانازیتان پێوەدەکەین. ئەوەی کە لە شڕنەخ لە بەرامبەر ٦٥٤١ دەنگدەری نایاساییدا لە هەڵبژاردندا سەرکەوت شاری شڕنەخە. خەڵکی شڕنەخ خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی کرد. با کەس بە درۆ فەرمیەکان نەخەڵەتێت. . بە دەنگی ئەو کەسانەی کە کاتێک لەوانمان دەپرسی 'ئێوە خەڵکی کوێن؟' نەیاندەتوانی وەڵامیش بدەنە، رێگەنادەین کە شارەکەمان دەستیبەسەردا بگیرێت. پرسیاری 'تۆ خەڵکی کوێی' زلەیەکە لە ئەقڵیەتی داگیرکەری و کۆلۆنیالیستی. یەک بە یەک لێکۆڵینەوە لە هەموو راپۆرتەکان دەکرێت، خەڵکی شڕنەخ سەرکەوتووە. سڵاو و خۆشەویستی ئاراستەی خەڵکی شڕنەخ دەکەم کە لە دوێنێوە لەسەر پێیە. هەر بژی شڕنەخ.

لەناوجەرگەی دادپەروەری، عیرفان و کولتور لە بەدلیس سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا. فێڵ و ساختەکاری دەنگدەری نایاسایی و پوچەڵکردنەوە دەنگەکانمان، کودەتایەکە لە دژی ئیرادەی گەل. ئێمە ئەو کودەتایە رەتدەکەینەوە. تانە یاساییەکانمان بەردەوام دەبن و ئێمە هەرگیز بەدلیس بۆ تاڵانکاری ئیرادە جێناهێڵین.

هەروەها قەرس. ئەوانەی پێیان وایە لە رێگەی ٣ هەزار و ٨٤٢ دەنگدەری هاوردە و گواستراوەوە سەرکەوتوون، لە دڵی گەلانی قەرسدا شەرمەزارکراون و شکستیان هێناوە. ئەگەر دەنگی ئەو دەنگدەرانەی خەڵکی قەرس نەبوون بخەینە لایەکەوە، ئەو کاتە دەردەکەوێت ئێمە بە ١٣٨٦ دەنگ بردوومانەتەوە. ئەنجامەکە چی دەبێت با ببێت، قەرس بۆ ئێمەیە. کەس ناتوانێت شکست بە سەر ئێمەدا بسەپێنێت. تێکۆشانی یاسایی و سیاسی ئێمە بە هەموو جۆرێک بەردەوام دەبێت.

رەنج و هەوڵی زۆرمان دا، لەو شارانە رەنج و ماندووبوونمان هەیە، یادەوەریمان هەیە، نەریتی تێکۆشانمان هەیە. بەهۆی ئەم سەرکەوتنەوە سڵاو لە هەموو هەڤاڵانمان دەکەین.

بانگەوازم بۆ رای گشتیی دیموکراتیک و ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە لە بەرامبەر دەنگدەرانی ساختە و قاچاخ خاوەنداری لە ئیرادەی گەل بکەن.

بە روونی و راشکاوی دەڵێین، بە تایبەتی لە شڕنەخ، بەدلیس و قەرس سەرجەم ئەو بەڕێوەبەریانەی لە دەیان شار بە دەنگدەری قاچاخ بەدەستیان هێناون. رەوا نین. ئێمە داوا لە هەموولایەک دەکەین لە رێز لە ئیرادەی گەل بگرن.

هـ . ب