بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشقەوە منداڵێک لە شەهبا گیانی لەدەستدا

بەهۆی گەمارۆی قورسی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر هەرێمی شەهبا، منداڵی بنەماڵەیەکی کۆچبەر ژیانی لەدەستدا.

ئەو عەفرینیانەی بە هۆی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکەوە روویان لە شەهبا کردووە، لەلایەکەوە دەکرێنە ئامانجی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک و لەلایەکی دیکەوە لە ژێر گەمارۆی دژواری حکومەتی دیمەشقدان.

بەهۆی گەمارۆکانەوە رێگە نادرێت شیری منداڵان، سوتەمەنی، دەرمان و خواردن رەوانەی رەوانە ناوچەکە بکرێن، کە ئەمانە پێداویستی سەرەکی ژیانی دانیشتوان.

لە کەمپی سەردەمی کە کۆچبەرانی عەفرینی تێدان رۆژی دوو کانونی یەکەم منداڵێک بە ناوی سۆزدار حەسەن بەهۆی سەرماوە ژیانی لەدەستدا.

بەهۆی نەمانی نەوت و سوتەمەنیەوە دانیشتوانی شەهبا رۆژانە تووشی دژواری و تەنگ و چەڵەی زۆر دەبنەوە و هەر بەهۆی نەبوونی سوتەمەنیەوە کارەباش لەو ناوچەیە بڕاوە.

دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری بەتایبەتی شارەوانی گەل هەوڵ دەدەن بە توانا و دەرفەتی کەمی بەردەستیان خزمەتی گەل بکەن.

گەمارۆکان کاریگەری قورسیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکانیش. لە نەخۆشخانەی ئاڤرین بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و کارەباوە جگە لە بەشی فریاکەوتنی خێرا بەشەکانی دیکە ناتوانن خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بکەن. هاوکات دەرمان و کەلوپەلی پزیشکیش لە نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان دەست ناکەون.

هـ . ب