بەهۆی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاواوە ٢ ملیۆن مرۆڤ بێ کارەبا بوون

دەستەی وزەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند بەهۆی هێرشی سێ ڕۆژی دوایی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ٢ ملیۆن مرۆڤ بێ کارەبا بوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١٢ ی کانوونی دووەمەوە هێرش دەکاتە سەر ناوەندەکانی کارەبا و ئاو و نەوت و گازی هەرێمەکە. هەروەها ماڵی هاوڵاتیان بۆردوومان دەکات.

بەگوێرەی دەستەی وزەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وێستگەی سوێدای دێرک بە تەواوی لەکارکەوتووە، کە پێویستی گاز و کارەبای کانتۆنی جەزیرەی دابین دەکرد. هەروەها لە کانتۆنی جەزیرە و فورات ٧ وێستگەی کارەبا لەکارکەوتوون.

هاوسەرۆکی ئۆفیسی وزە، زیاد ڕۆستەم ڕایگەیاند لە تربەسپی و قامیشلۆ و عامودا و دەرباسیە و عەین عیسا و کۆبانێ و تەل تەمر وێستگەکانی کارەبا بەهۆی هێرشەکانەوە لەکارکەوتوون. تەواوی دێرک، ٧٠٪ ی قامیشلۆ و ناوچەکانی چلاغا و تەل کۆچەر و تربەسپی و تەل حەمیس و عامودا و دەرباسیە و تەل تەمر، لە کانتۆنی فوراتیش لە ناوچەی عەین عیسا و لە سەدان گوند، هاوڵاتیان لە کارەبا بێبەشبوون.

بەقسەی زیاد ڕۆستەم، لەم شار و شارۆچکە و زیاتر لە ٨٠٠ گوندە، نزیکەی ٢ ملیۆن مرۆڤ بێ کارەبا بوون.

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە بەردەوامە، بەپێی سەرچاوەکان لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی شەڕکەرەوە هێرشکراوەتە سەر ٥٦ ناوچە. لە هێرشەکاندا ٦ کەس برینداربوون، ٢ مناڵ و ڕۆژنامەوانێکیان تێدایە، هەروەها ٥ سەربازی شام کوژراون.