بەرخۆدانی گەلان دوایی بە پیلانگێڕان دەهێنێت!

بە بەشداری دەیان هەزاران کەس لە شارەکانی کۆبانێ، عەین عیسا و سرینێ کانتۆنی فورات پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا.

بە دەیان هەزار کەس لە هاو وڵاتیان و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجانی شاری کۆبانێ و کۆچبەرانی شاری داگیرکراوی گیرێ سپی لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد کۆبوونەوە و ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

لە گۆڕەپانەکەدا، ئەو گەنجانەی کە ماوەی ٣ ڕۆژ لە ڕێدا بوون، بەشداری ڕێپێوانەکە بوون و تا ناوەندی شاری کۆبانێ و گوندی هلنجێ ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

لە میانەی ڕێپێوانەکەدا مەهاباد کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) قسەی کرد و وتی: "پیلانێکی جیهانی لە دژی گەلانی هەرێمەکە بوو، گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان درێژەپێدەری هەمان پیلانگێڕییە، چونکە پیلانگێڕەکان نەیانتوانی ئامانجەکەیان بەدەست بهێنن".

مەهاباد لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "گەلانی هەرێمەکە بەرەو ئاسایش هەنگاو دەنێن. بیرۆکەی ئازادیی کە لە ڕێبەر ئۆجالان وەریانگرتووە ڕێگا تاریکەکەیان ڕۆشن دەکاتەوە. بەو میراتە ڕێگای ژیانیان هەڵبژارد و زنجیرەکانی کۆیلایەتییان شکاند.بۆیە سیستەمی پیلانگێڕی، بۆ ئەوەی ڕێگا لەو ڕووناکییە بگرێت گۆشەگیری بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا دەسەپێنن، بەڵام هێشتا سەرناکەون".

فەزا محەمەد، ججگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کانتۆنی گرێ سپی، ڕایگەیاند: پێویستە گەلانی هەرێمەکە پەرە بە چالاکییەکانی خۆیان بدەن و دیواری زیندانی ئیمرالی بشکێنن، کاتێک ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بەدیهات، ئەوکات گەلانی هەرێمەکە و هەرێمەکەشمان ئازاد دەکرێت".