چالاکيی دایکانی ئاشتی لەسەر سنووری سێمێڵکا بەردەوامە

دایکانی ئاشتی ماوەی ٢٦ ڕۆژە بەردەوامن لە چالاکییەکەیان لە دەروازەی سنووری سێمێڵکا و جارێکی دیکە بانگەوازیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەبوو و وتیان: "تەرمی ڕۆڵەکانمان بدەنەوە!".

چالاکییەکانی دایکانی ئاشتی بۆ داوای وەرگرتنەوەى تەرمی گەریلا شەهیدەکانی هەپەگە 'نەسرین تەمەر و یوسف ئیبراهیم'، کە لە ئەنجامی بۆسەیەکی چەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە خەلیفان شەهید بوون، ماوەی ٢٦ رۆژە لە دەروازەی سنووریی سێمێڵکا بەردەوامە.

ئەو دایکانە لە دەروازەی سنوور چادریان هەڵداوە و بەردەوامن لە چالاکییەکەیان و خەڵکی حەسەکە، قامیشلۆ، دربەسی، تربەسپی، دێرک و تل تەمر پشتیوانی لە چالاکییەکە دەکەن و دەستە دەستە دەڕۆن بۆ شوێنی چالاکییەکە.

دوێنێ لە ٢٥هەمین ڕۆژی چالاکییەکەدا دایکان وتیان: 'با ئیدی خوێنی خوشکان و برایان نەڕژێنرێت' و بانگەوازیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بڵاوکردەوە و داوایانکرد، تەرمەی رۆڵەکانیان پێ بدەنەوە.

چەتەکانی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ٢٩ی ئابدا لە خەلیفان لە باشووری کوردستان، بۆسەیان بۆ دەستەیەک لە گەریلاکانی هەپەگە دانا. لەو بۆسەیەدا ٥ گەریلا شەهید بوون و گەریلایەکیش بریندار و ١ گەریلای تریش رزگاری بوو.

هەرچەندە دوو مانگ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا تەرمی ئەو گەریلا شەهیدانە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان  (پەدەکە)ەوە دەستی بەسەردا گیراوە و تەرمەکانی رادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە.

ژ.ت