چالاکییەکانی ٨ ی ئاداری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

لە چەند شارێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حەلەب و دیمەشق بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکارەوە، چالاکی ئەنجامدرا.

لە چەند شارێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حەلەب و دیمەشق بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکارەوە، چالاکی ئەنجامدرا.

هۆل

کۆنگرەی ستاری ناوچەی هۆل برۆشوری دەربارەی ٨ ی ئادار لە دوکان و ماڵ و دانیشتووانی ناوچەکە بڵاوکردەوە. لە برۆشورەکەدا تیشک خراوەتە سەر مێژوو و گرنگی ڕۆژەکە لە تێکۆشانی ژناندا.

دێرەزۆر

لە شارۆچکەی کیسرای ڕۆژئاوای دەیرەزۆر خێمەیەکی فۆلکلۆری دانرا، تێیدا جلوبەرگی فۆلکلۆری و کاری دەستی ژنان پیشاندرا بۆ تیشکخستنە سەر ڕەسەنێتی کەلتووری هەرێمەکە و ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی کەلتوورەکە.

هاوسەرۆکی مەجلیسی مەدەنی دێرەزۆر فاتمە ئەلمەروان ڕایگەیاند شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پرۆژە نیشتیمانییەکەی ڕۆڵی ژنان ژیاندەوە و شۆڕشی ژنانی گەیاندە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی.

وتەبێژی مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، خود ئەلعیسا ژنان بەشداربوون لە بەدەستهێنانی دەسکەوتەکانی شۆڕشەکەمان، ئێستەش ژنان لە هەموو بوارەکاندا خۆیان دەسەلمێنن.

چالاکییەکە بە پیشاندانی شانۆگەرییەک دەربارەی ڕۆڵ و تێکۆشانی ژنان کۆتایی هات.

حەلەب

لە حەلەب ئەندامانی کۆمیتەی چالاکییەکان و مەجلیسی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار بە جلوبەرگی فۆلکلۆرییەوە لەبەردە ناوەندی کۆنگرەکە لە گەڕەکی شێخ مەقسود کۆبوونەوە و ڕوویانکردە ناوەندەکانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و پاراستنی جەوهەری و فیدراسیۆنی برینداران و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و ڕۆژی ٨ ی ئاداریان لێیان پیرۆزکرد.

هەروەها لە بازگەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکە دار چێنرا.

هەروەها تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (دەڤ-دەم) شەوەکۆڕێکی شیعری ڕێکخست. تێیدا هاوسەرۆکی مەڵبەندی ڕۆشنبیری حەلەب، لەیلا خالید باسی گرنگی ٨ ی ئاداری کرد.

پاشان بەدەم کەمان و سازەوە، ژنان شیعریان دەربارەی ژنانی بەرخۆدەر خوێندەوە، کۆمەڵەی ژنانی شەهید سۆسەن بیرهات هەڵپەڕکێی فۆلکلۆریان پێشکەش کرد.

شەهبا

لە شەهبا و ناوچەی شێراوا سەدان کۆچبەری عەفرین و دانیشتووانی شەهبا چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەی ناوچەی تەل ڕەفعەت بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، نازیلە ڕەشۆ گوتی: "ژنان لەسایەی فیکری ڕێبەر ئاپۆ دژی سیستەمی پیاوسالاری تێکۆشان".

هەروەها بانگەوازی کرد بۆ بڵندکردنەوەی ئاستی تێکۆشان.

چالاکییەکە بە هەڵپەڕکێ و سروودی شۆڕشگێڕی کۆتایی هات.

دیمەشق

کۆنگرەی ستار لە دیمەشقی پایتەختی سوریا زنجیرە چالاکییەکی ڕێکخست. تێیدا ژنان تیشکیان خستەسەر شۆڕشی ژنان و تێکۆشان دژی زیهنیەتی باوکسالاری.

بەشداربووان ڕایانگەیاند ژنانی کورد لەسایەی فیکری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە تێکۆشان دەدەن و بەڵێنیان دووپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە شوێنکەوتنی فیکری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دۆزی ئازادی ژنان.

چالاکییەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.