دەیان هەزار کەس بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد ڕژانە گۆڕەپانەکان

لە شارەکانی حەلەب و ڕەقە و حەسەکە و تەل بەراک و شەدادی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەزاران کەس بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە گۆڕەپانەکان.

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پاش بومەلەرزەکەی دوێنێ لە دەریای مەڕمەڕە، بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی ئەنجامدرا.

حەلەب

بۆ ئەو مەبەستە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب چالاکی ئەنجامدرا.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم هۆڵی ٨ ی ئادار دەستی پێ کرد، پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پانکارتی "کات، کاتی ئازادییە" و "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەرزکرانەوە. بەردەوام درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ" دەگوترایەوە.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی شێخ مەقسود گۆڕا بۆ گردبوونەوە. وتەبێژی دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە حەلەب ئەمینە خدرۆ، ڕایگەیاند، دەیانەوێت دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زانیاریان دەسکەوێت.

ڕەقە

لە شاری ڕەقەش بەبەشداری سەدان کەس ڕێپیوانێک ئەنجامدرا. درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "نا بۆ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی" و "بە گیان بە خوێن لەگەڵتین ئەی سەرۆک" بەرزکرایەوە.

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی ڕەقە، عەبیر ئەلخەلیل، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ژنان کرد، دووپاتی کردەوە فیکری وی، چارەسەرێکە دژی زیهنیەتی باوکسالاری.

عەبیر بانگەوازی لە هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد، بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجام بدەن.

پاشان ئەندامی دەستەی کاروباری ئایینی، شێخ یەحیا ئەبوبەرا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە گۆشەگیری پەیوەندی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ دەرەوە ببڕێت.

چالاکییەکە بە گوتنەوەی درووشمەکان کۆتایی هات.

حەسەکە

بەهەمان ئامانج ڕێپێوانێک لە حەسەکە بەڕێوەچوو.

ئەندامی مەجلیسی گشتی پەیەدە، عەبدولخانی عوسۆ، ڕایگەیاند، هێزە نێونەتەوەییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارن لە ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

چالاکییەکە بە درووشـمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.

تەل بەراک

لە ناوچەی تەل بەراکی کانتۆنی حەسەکە، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. بەردەوام درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزدەکرایەوە.

هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی تەل بەراک، وەعد ئەل لەویز، بانگەوازی کرد بۆ فراوانکردنی تێکۆشان لەپێناو ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

چالاکی بە درووشـمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.

لە ناوچەی شەدادی کانتۆنی حەسەکە، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج، ئیقبال ئەلعەبدۆ قسەی کرد، دووپاتی کردەوە دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە گۆشگیری پەیوەندی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ گەلان ببڕێت.

پاشان بەڕێوەبەری پەیەدە، فازڵ ئەلئەحمەد، بانگەوازی لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرد، دەمودەست ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکات.

ئەندامی فیدراسیۆنی زەحمەتکێشان، ئەحمەد ئەل عەلی، گوتی: "ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەیەوێت، پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و ژیانی هاوبەش و دادپەروەری بەدی بهێنێت. ئێمە قەرزاری سەرۆکایەتیین. مافمانە ڕەوشی تەندروستی وی بزانین".

چالاکییەکە بە درووشمی سڵاوکردن لە بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی هات.