گەنجانی حەلەب: هێزە دەسەڵاتدارەکان لە کەسایەتی ژناندا شەڕی کۆمەڵگا دەکەن

گەنجانی حەلەب سڵاویان بۆ راپەرینی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نارد و تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتیان شەرمەزار کرد و رایانگەیاند کە هێزە دەسەڵاتدارەکانی لە کەسایەتی ژناندا شەڕی کۆمەڵگا دەکەن.

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێری سوریا و یەکێتی ژنانی گەنج لە گەڕەکی شێخمەقسودی حەلەب بە دروشمی ' بە گیانی ژینا ئەمینی شۆڕشی گەلان سەردەکەوێت' خۆپیشاندانیان کرد و بە سەدان کەس بەشداریان کرد.

جەماوەر لەبەردەم هۆڵی گەنجان لە رۆژئاوای گەڕەکەکە کۆبوونەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. خۆپیشاندەر تاوەکو دووڕیانی سەرۆک ئاپۆی هەرێمی جبێنات رێپێوانیان ئەنجامدا.

لە چواڕیانەکە فاتمە سلێمان ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر قسەی کرد و وتی، " لە مێژە ئەشکەنجە و کوشتن لەبەرانبەر ژنان بەڕێوە دەبریت. لەبەرئەوەی دەسەڵاتداران ژنان وەک مەترسی لەسەر هەبوونیان دەبینن."

فاتیمە سلێمان ئەوەی خستەڕوو، " هێزە دەسەڵاتدارەکان لە کەسایەتی ژناندا شەڕی کۆمەڵگا دەکەن. ئەگەر ئیرادەی ژن بشکێنن دەتوانن بە ئاسانی کۆمەڵگا بشکێنن."

خۆپیشاندانەکان بە بەرزکردنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی' ، ' بێ سەرۆک ژیان نابێت' کۆتایی هات.

ف.ق