هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک سەدان ماڵ و قوتابخانەی لە عاموودا بێ ئاو و کارەبا کردووە

بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە ئێستادا سەدان ماڵ و قوتابخانە لە گوندەکانی عاموودای ڕۆژئاوای کوردستان بێبەش بوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، کە سەرەکییترینیان ئاو و کارەبایە.

لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆ سەر ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەشێکی بەرچاوی دامیشتوانی عاموودا و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بێ بەش بوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆخێکی خوڵقاندووە، کە بەهۆیەوە دانیشتووانی سەدان گوند لە عاموودا بەبێ ئاو و کارەبا دەژین، بۆیە شارەوانی ناوچەکە وەک چارەسەرێکی سەرەتایی، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاو بەسەر گوندەکان و قوتابخانەکاندا دابەش بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە، ٢٠٠ گوند و ٤٦ قوتابخانەی سنووری عاموودا لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون، هەروەها لە کانتۆنی جەزیرەش هەزار و ٢٢ قوتابخانە بێ بەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بەردەوامە لە هێرش و داگیرکارییەکانی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ژێرخانی مرۆیی و دامەزراوە مەدەنیی و خزمەتگوزارییەکان دەکاتە ئامانج، بە مەبەستی چۆڵکردنی ئەو ناوچانە و بەرپاکردنی سیاسەتیی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ناوچەکە.

سەرباری ئەو هێرشانە لەلایەکەوە بەرخودانی گەل و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دامودەزگاکان، رێگری کردووە لەوەی دەوڵەتی تورک بتوانێت پیلان و پلانەکان بباتە سەر.

هـ . ب