هێزەکانی رزگاری عەفرین: لە هێرشە ئاسمانیەکاندا ٥ شەڕڤانمان شەهید بوون

هێزەکانی رزگاری عەفرین رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لەدژی دەڤەرەکانی کۆچبەران لە عەفرین، ٥ شەڕڤانیان شەهید بوون و دوو هاوڵاتیش بریندار بوون.

هێزەکانی رزگاری عەفرین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و و گوتی، " دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک دوای داگیرکردنی عەفرین لەدژی گەلی کۆچبەرمان بێوەستان هێرش ئەنجام دەدات. لەم دواییانەدا شەوی ١٩ی تشرینی یەکەم، زۆر هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکران. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی کرانە ئامانج."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

" لە هەمان کاتدا هێرشی ئاسمانی فراوان لەدژی هەرێمەکانی تەل رەفعەت، شەرا، گوندەکانی بێلونی، شێخ عیسا، منج، شەوارخا و زۆر شوێنی دیکە کە کۆچبەرانی لێ دەژین کرانە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٥ شەڕڤانمان شەهید بوون. هەروەها دوو هاولاتی مەدەنیش بریندار بوون. هەروەها لە هێرشەکاندا چەندین بارەگای سوپای سوریا کرانە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیاتر لە ٢٠ سەربازی سوریا کوژراون و زیاتر لە ٢٠ سەربازیش بریندار بوون.

ئێمە وەک هێزەکانی رزگاری عەفرین هەروەک چۆن تاوەکو ئێستا گەلەکەمان لە بەرانبەر هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک پاراستووە، لەئیستاش بەدواوە بە بڕیارێکی گەورەتر، گەلەکەمان و هەرێمەکەمان دەپارێزین. ئەم هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەرانبەر هەرێمەکە و گەلەکەمان بێ وڵام نامێنێتەوە.

سەرەخۆشی لە هەموو گەلەکەمان و خانەوادەی شەهیدان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەموو برینداران دەخوازین."
ف.ق