کۆبانێ؛ لە دژی لە سێدارەدانی چوار گەنجی کورد و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک رێپێوان بەڕێوەچوو

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات لە دژی لە سێدارەدانی چوار گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەڕێمەکانی پاراستنی مێدیا، رژانە گۆڕەپانەکان و رێپێوانیان کرد.

چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فەتاحی دوای ١٩ مانگ دەستبەسەری رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە سێدارەدران. هەروەها دوێنێ هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی پێنج گەریلای ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی هێرشی سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغە شەهید کرابوون. لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و لە سێدارەدانی چوار گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات رژانە گۆڕەپانەکان و خۆپیشاندانیان کرد.

رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد دەستیپێکرد و تا گۆڕەپانی ئاشتی بەردەوام بوو. لە رێپێوانەکەدا بەردەوام درشمەکانی "بژی بەرخودانی گەریلا" و "بەرخودان ژیانە" وترانەوە.

دوای گەیشتنی خۆپیشاندەران بە گۆڕەپانی ئاشتی، بۆ بەرزگرتنی یادی گیانبەختکردووانی ئازادی خولەکێک بە بێدەنگی وەستان. دواتر هاوسەرۆکی دەستەی ژینگەی کانتۆنی فورات عارف بالی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، "چی دەبێت با ببێت، کەس ناتوانێت ئیرادەی ئازاد بشکێنێت. بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ و شەڕڤانانی ئازادیی کوردستان لە چوار پارچەی کوردستان، تێکۆشانی درێژخایەن دەستیپێکردووە. لە ئەنجامی پەیمانی شوومی لۆزاندا کوردستان دابەش بوو. ئەم رێپێوان و گەشتەی ئازادی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە لە سایەی رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی کوردستان کە کۆمەڵگەی کوردیان سەرلەنوێ وشیارکردەوە، خراوەتەڕێ. بە سەدان ساڵە گەلی کورد لە بەرامبەر داگیرکەران خۆڕاگری دەکات و لەئێستاش بەدواوە، نە ئێران و نە تورکیا ناتوانن کۆتایی بەم شۆڕشە بهێنن".

هـ . ب