'خاوەنداری لە میراتی ژنانی تێکۆشەر دەکەین'

پەیامنێری ژن تیڤی خەزان جەلال بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە وتی: "بۆ خاوەنداریکردن لە میراتی ژنانی تێکۆشەر و ئەو ژنانەی کە لە کارگەکاندا گیانیان بەختکرد، بەردەوامی دەدەین بە تێکۆشانمان."

بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار، پەیامنێری ژن تیڤی لە کانتۆنی فرات خەزان جەلال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

دەسەڵاتداری لە فکری ژن دەترسێت

خەزان ئاماژەی بەوەدا لە مێژوودا ژن خوداوەند بوو، بە دەرکەوتنی سیستەمی پیاسالاری هەموو مافێک لە ژنان وەرگیرایەوە و وتی: "بەڵام بەرخۆدانی ژنان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافیان هیچ کاتێک کۆتایی نەهاتووە. هەموو کاتێک بۆ مافەکانیان لە خەباتدا بوون."

خەزان لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد ژنان هەموو کاتێک لە ناو کار و خەباتدا بووە و وتی: "لە ٥ هەزار ساڵ پێش ئێستاوە هەتا ئێستا زهنیەتی پیسی پیاوسالاری لە دژی ژن بەکاردەهێنرێت. هەرکاتێک ژنان بۆ مافەکانیان سەرهەڵدانیان دەکرد، دەبوونە ئامانجی پیاوسالاری. ترسیان لە فکری ژنان هەبوو و لە هێزی ژن دەترسان. سیستەمی پیاوسالاری هەموو کاتێک هیرشی سەر ژنانی تێکۆشەر دەکات و خواسێتی ژن وەک ئامرازێک بەکار بهێنێت. لە ڕێبازی شەڕی دەرونی و جەستەی، خواستێتی ژنان لە ماف و ناسنامەی خۆیان دابڕێت."

دەبێت هەموو ڕۆژێک ببێت بە ڕۆژی ژنان

خەزان درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "٨ی ئادار لە کارگەیەکی شاری نیۆرک کۆمەڵیک ژن بەمەبەستی باشترکردن و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەستیانکرد بە خەبات، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتداری پیاوەوە سوتێنران. بەڵام ئیرادە و هێزی ژن لەوکاتەوە مەزنتربوو. ژن لە بەرامبەر نادادپەرەوەریدا سەری دانەخست. هەموو کاتێک لەناو سەرهەڵدان و شۆڕشدابوون. چەندین ژن بوون بە پێشەنگ و مۆری خۆیان لە مێژوودا. هەموو کاتێک ژنان درێژەیان بە خەباتیان دەدا، دواتر ٨ی ئادار بوو بە ڕۆژی ژنان و ژنان خۆیان سەلماند و لە دژی فکری پیاوسالاری وەستانەوە."

خەزان لە بەردەوامیدا وتی: "ئەوانەی زۆرترین کار بۆ کۆمەڵگا دەکەن ژنە، ئەوانەی کۆمەڵگاش پێش دەخەن ژنە. بە دەرکەوتنی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان ژنان زیاتر خۆیان ناسیەوە و دەستیان بە تێکۆشان کرد. ژنان باشتر ئاشنای ٨ی ئادار بوون و لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم ڕۆژەدا دەرکەوتن. و هەموو ساڵیک بە چالاکی جۆرا و جۆر پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەن."

لە ٨ی ئاداردا ژن تیڤی دەست بە وەشانی  تێستی نوێ دەکات

خەزان لە کۆتایدا ئەوەی دەرخست، وەک ڕۆژنامەوانانی ژن هەموو کات دەنگی ژنان دەگەینن بە جیهان و وتی: "وەک ژنانی ڕۆژنامەوان هەموو کاتێک لە تێکۆشان دەبین و خاوەنداری لە میراتی ژنانی تێکۆشەر دەکەین. ژن تیڤی بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە دەستی بە وەشانی خۆیکردبوو. دەنگ و ڕەنگی ژنی لە ناو کۆمەڵگادا بڵاوەدەرکردوە. هەموو کات لە کارداین بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگ و ڕەنگی ژنان."