'پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردان ئەرکی هەموو حزبەکانە'

ئەندامی کەنەکە ئەسرین قادری عەبدوڵا باسی لەوەکرد، کە دەوڵەتی ئێرانیش وەک دەوڵەتی تورک ستەم لە گەلی کورد دەکات و وتی، "پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردان ئەرکی هەموو حزبەکانە".

ئەندامی کۆنگرەی نەتوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەسرین قادری عەبدوڵا ئەوەی خستەڕوو کە دەوڵەتی ئێران و تورکیا کاتێک بابەتەکە دێتە سەر گەلی کورد، لەسەر یەک هێڵ یەکدەگرن.

ئەسرین قادری عەبدوڵا دەستنیشانی کردە کە لە پرسی کردەوەکانی قڕکردندا لەسەر کوردان سیستمی هەردوو دەوڵەتەکە وەک یەکە و وتی، "ئێرانیش، تورکیاش ستەم لە کورد دەکەن، بەڵام گەلی کورد بێدەنگ نەبووە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان ێزی پێسمەرگە و حزبەکان بوونیان هەیە کە داوای مافی خۆیان دەکەن. لە تورکیاش حزبەکان هەبوون و ئەوانیش بە هەمان شێوە تێکۆشان. ئەو دوو حکومەتە فاشیست و تۆتالیتەرن. هەرگیز رێگەیان نەدا کە گەلی کورد بگاتە ئازادی. بەلای منەوە ئەوەی گرنگە پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد. ئەرکی هەموو حزبەکان، کەسایەتیە سەربەخۆکان و رێکخراوە مەدەنیەکان پارێزگاری لەو دەستکەوتانەیە".

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە

ئەسرین قادری ئاماژەی بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کرد کە دوو ساڵە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و وتی، "لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بەدواوە تێکۆشانی ژنان بەردەوام هەبووە. ژنانی ئێرانی بەتایبەتی ژنانی کوردستانی بۆ تاکە یەک رۆژیش بێدەنگ نەبوون. دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو شارەکانی ئێران سەرهەڵدانێکی گەورە دەستیپێکرد. ئێمە لە دژی رژێمی تۆتالیتەر و فاشیست تێدەکۆشین. هەربۆیە دوای دەستپێکردنی چالاکی و خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکان لە ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەموو جارێک بابەتەکە پەردەپۆش کرد. لەبەر ئەوەش چالاکیی و خۆپیشاندانەکانی گەل، بەتایبەتی چالاکییەکانی ژنان تاڕادەیەک نەبینران. ئەمە بەو واتایە نایات کە شۆڕشەکە بەردەوام نییە. ئێستاش لە شارەکانی کوردستان و لە هەندێک شاری ئێران لە دژی بابەتی حیجابی زۆرەملێ تێدەکۆشن و ئەوەش بابەتێکی گرنگە لەئێران. ئێستاش لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە".

هـ .ب