خەڵکی کۆبانێ لە دژی هێرشە کیمیاییەکان رێپێوانیان کرد

بە هەزاران کەس لە دانیشتووانی کۆبانێ بە رێپێوانێک لە دژی هێرشە کیمیاییەکانی سوپای تورک وەستانەوە. خەڵکی کۆبانێ داوایان لە هەموان کرد کە دژی ئەو دڕندەییە بێدەنگ نەبن.

خۆپیشاندانەکە بە بەشداری هەزاران کەس لە دانیشتووانی هەرێمی فورات لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد دەستی پێکرد و بەرەو گۆڕەپانی شەهید عەگید بەردەوام بوو. لە خۆپیشاندانەکەدا هێرشە کیمیاییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەرمەزار کران، کە دوێنێ فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ناسنامەی ١٧ گەریلای ئاشکرا کردبوو کە بە چەکی کیمیایی شەهید بوون.

خۆپیشاندەران وێنەکانی هەر ١٧ شەهیدەکانیان بەرزکردبووە.

لە گۆڕەپانی شەهید عەگید هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ژینگە لە هەرێمی فورات عارف بالی بەم جۆرە قسەی کرد: " ٤٥ ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر ستەم و زۆرداری شەڕی شکۆ دەکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا روودەدات دووبارەبوونەوەی شێوازەکانی داعشە. :بالی باسی لەوەشکرد کە کۆتایی هەموو داگیرکەرەکان وەک ئەوەی سەدام دەبێت.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ بە هەزاران کەس بۆ ئازادی و پشتیوانی لە گەریلا لە گۆڕەپانەکاندان  و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "ئێمە وەک گەلانی هەرێمەکە داوا لە هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان دەکەین کە هێرشە کیمیاییەکان لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ببینێت و بەرامبەر بە گەلی هەرێمەکە دووڕوویی نەکات".

خۆپیشاندانەکە بە وتنەوەی دروشم لە دژی بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کۆتایی هات.

هـ . ب