خەلیل داغ لە قامیشلۆ یادکرایەوە

خەلیل داغ کە ١ ی نیسانی ٢٠٠٩ شەهید بوو، لە قامیشلۆ یادکرایەوە.

خەلیل داغ کە ١ ی نیسانی ٢٠٠٩ شەهید بوو، لە ناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆ لە قامیشلۆ یادکرایەوە. یادەکە بە پێشەنگایەتی کۆمۆنەی فیلمی ڕۆژئاوا ڕێکخرا، سینەماکار و هونەرمەند و ڕێکخراو و گەلی شارەکە بەشداربوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی شەهیدان، یادەکە بە پێشکەشکردنی سینڤزیۆنێک دەربارەی ژیان و خەباتی خەلیل داغ بەتایبەت ساتەوەختی ئامادەکردنی فیلمەکان دەستی پێ کرد.

پاشان هاوڕێکانی یادەوەرییەکانی خۆیان لەگەڵ خەلیل داغ گێڕایەوە. دواتر دەرهێنەری سینەمایی و ئەندامی کۆمۆنەی فیلمی ڕۆژئاوا نوعمان خەیات ڕایگەیاند شەهید خەلیل لە ئەڵمانیا لەدایکبوو، لە ئەزمیر ژیا، هەروەها لە کەناڵی مەد تیڤی کاری کرد، پاشان ڕوویکردە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و بە خۆشەویستییەوە بۆ ژیانی گەریلایەتی چووە ڕیزەکانی گەریلاوە.

ئەندامی کۆمۆنەی فیلمی ڕۆژئاوا و دەرهێنەری سینەمایی ژینا ئاسمین باسی تایبەتمەندییەکانی شەهید خەلیلی کرد و ڕایگەیاند لە دڵی زۆرینەی گەلدا جێگەی خۆی کردەوە، سینەمای شۆڕشگێڕی پێشخست و میراتێکی مەزنی جێهێشت، فیلمی بێریتان نموونەیەکە بۆ ئەوە.

دەرهێنەر ئەمین ئەگیزەک گوتی: "شەهید خەلیل دەیویست ڕۆحی بەرخۆدان و قارەمانێتی لای گەلی کورد دەربخات. لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو فیلمانەی لەسەر گەلی کورد دەرکراون باس لە زوڵم و ستەمی سەر کوردان دەکەن، شەهید خەلیل دەیویست بەرخۆدانی ئەم گەلە پیشان بدات".