کۆنفڕانسی 'دەستپێشخەری سوری بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان' دەستیپێکرد

بە دروشمی 'پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان لە رووی ماف و دادپەروەرییەوە لە دۆسیەی رێبەر عەبدووڵا ئۆجالان' یەکەمین کۆنفرانسی 'دەستپێشخەری سوری بۆ ئازادی عەبدووڵا ئۆجالان' لە رەقا دەستیپێکرد.

کۆنفڕانسەکە لە ٧٥ەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ سازکرا. دروشمی ئەمساڵی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، بریتیە لە 'شکۆمەندی، ئازادی و دادپەروەری بۆ هەموان'.

لە کۆنفڕانسەکەدا سیاسەتمەداران لە سەرجەم هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، پارێزەران لە حومس، حەما و لازقیە، ئەندامانی یەکێتی پارێزەرانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەندامانی یەکێتی پزیسکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەشدارن.

هەروەها چالاکوانانی بواری یاسا، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەندامانی دەستپێشخەری سوری بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، ریشسپی و کەسایەتی هۆزەکان، ئەندامانی گردبوونەوەی ژنانی زنوبیا، ئەندامانی خۆبەڕێوەبەری مەدەنی دیموکراتیکی رەقا و تەبقا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا فەریدە ئەتێ و سکرتێری گشتیی پارتی سوریای پێشەڕۆژ سیهام داوودیش بەشدارن.

بڕیارە مافناسان و سیاسەتمەداران لە میسر و یونان و هەروەها پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا بکەن.

هاوسەرۆکی یەکێتیی پارێزەرانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنوەر ئەل ئەسیر وتاری سەرەتایی و بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.

کۆنفڕانسەکە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و لە هەر دانیشتنێکدا دوو بابەت تاوتوێ دەکرێن. لە دانیشتنی یەکەمدا ' پەڕاوەکانی پەیوەست بە رێبەرایەتی' و 'پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و دادگاییکردنی رواڵەتی' هەڵدەسەنگێندرێن. لە دانیشتوانی دووەمدا 'سیستمی ئیمراڵی' لە لایەن پارێزەر خەدیجە بدەوی هەڵدەسەنگێندرێت و بابەتی ' دۆخی تەندروستی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان' لەلایەن پارێزەر مستەفا عەبدولکەریمەوە دەخرێتە بەرباس. هەروەها جانەت جانیش پارێزەری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە رێگەی ئۆنلانەوە هەڵسەنگاندن بۆ 'سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی و پێشێلکارییەکان لەوێ' دەکات.

کۆنفڕانسەکە بە خوێندنەوەی ئەنجامنامە کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.

هـ . ب