لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ٨٩٠ هەزار و ٦٨٠ خوێندکار بە زمانی دایکیی دەخوێنن

لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ٤ هەزار و ١٦٠ خوێندنگە ٨٩٠ هەزار و ٦٨٠ خوێندکار بە زمانی دایکیی پەروەردە دەکرێن. ٤١ هەزار و ٨٦٧ مامۆستا بە کوردی، عەرەبی و سوریانی وانە بە خوێندکاران دەڵێنەوە.

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەمیرا حاج عەلی ئاماژەی بە پرۆگرامەکانی خوێندن بە سێ زمان کرد و دەستنیشانی کرد کە سەرجەم گەلان مافی ئەوەیان هەیە کە بە زمانی دایکیی بخوێنن.

دوابەدوای شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١١ سیستمی پەروەردە و فێرکاری سەرلەنوێ داڕێژرایەوە. پێش ئەو شۆرشە لە شارەکانی وەک حەلەب، کۆبانێ، عەفرین و قامیشلۆ و شارەکانی دیکە پەروەردە بە زمانی کوردی بە نهێنیبوو، بەڵام دوای شۆڕش پەروەردە بە شێوەی ئاشکرا و فەرمی ئەنجامدرا. لەگەڵ شۆڕشی رۆژئاوا ژیانەوەی زمانی دایکیی روویدا، گەلان بە زمانی دایکی خۆیان دەستیان بە پەروەردە کرد.

یەکەم خوێندنگەکانی پەروەردەی کورد

لە کۆبانێ لە ٩ی ئەیلولی ٢٠١١ لە خوێندنگەی شەهید عوسمان سلێمان، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ لە گوندی بەستاسوسی دێرک خوێندنگەی شەهید دیجلە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ لە گەڕەکی عەنتەریەی قامیشلۆ خوێندنگەکانی شەهید رەشۆ و شەهید مستەفا گولۆ، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١١ لە عامودێ لە خوێندنگەی رەشیدێ کورد دەست بە پەروەردە بە زمانی کوردی کرا. بەم جۆرە لە کانتۆنەکانی عەفرین، جزیر و کۆبانێ یەک لە دوای یەک لە خوێندنگەکان دەست بە پەروەردە بە زمانی کوردی کرا.

لە ساڵی ٢٠١٢دا لە ٩٧ خوێندنگەی کۆبانێ دەست بە پەروەردە بە زمانی کوردی کرا

دەزگای زمانی کوردی کە پێشتر بە نهێنی و لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ کۆنفڕانسەکانی خۆی لە حەلەب و کۆبانێ سازکردبوو، لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٢دا سێهەم کۆنفڕانسی خۆ بەست و دوای تاوتوێکردنی پرسی پێگەیاندنی مامۆستا و پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، دەستی بە ئامادەکاری بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی پسپۆری زمانی کوردی کرد. دوای کۆنفڕانسەکە لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا لە کۆبانێ لە ٩٧ خوێندنگە دەست بە خوێندنی کوردی کرا. لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٢ لە جزیرە پەروەردە بە زمانی کوردی دەستیپێکرد. دەزگای زمانی کوردی لە ٢٠١٣دا بڕیاریدا ئەکادیمیا و پەیمانگە بکاتەوە.

کردنەوەی ئەکادیمیا و پەیمانگە

لە جزیرە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ دوای کردنەوەی ئەکادیمیای جەلادەت بەدرخان، ئەکادیمیاکانی شەهید نالین، شەهید دۆرشین و شەهید عەزیز کرانەوە. لە عەفرین لە ١ی ئابی ٢٠١٣دا ئەکادیمیای شەهید فەرزاد کەمانگەر، دواتریش ئەکادیمیای شەهید زۆزان یوسف، شەهید ئارین میرکان کرانەوە. لە کۆبانێش لە ٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ دوای ئەکادیمیای شەهید ڤیان ئامارا ئەکادیمیاکانی شەهید رۆسیار و شەهید ئامارا حسێن کرانەوە. هاوکات پڕۆسەی پێگەیاندنی مامسۆتایانی شارەزای کوردی کە لە ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٢ بناغەی پرۆژەکە دانرابوو، لە نێوان ٢٠١٣ – ٢٠١٥ بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە لە عەفرین ٧، لە جزیرە ١٥ و لە کۆبانێ ٧ پەیمانگا کرانەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ش کۆمیتەی پرۆگرام و سەرچاوەی خوێندن دامەزرا.

زانکۆ کرانەوە

یەکەم زانکۆ لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بە انوی زانکۆی عەفرین کرایەوە. لە ٥ی تەمووزی ٢٠١٦ لە قامیشلۆ زانکۆی رۆژئاوا و لە کۆبانێ لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٧ زانکۆی کۆبانێ و ساڵی ٢٠٢١ لە رەقا زانکۆی ئەل شەرق کرایەوە.

گەلانی دیکەش بە زمانی دایکیی دەخوێنن

هاوشێوەی گەلی کورد گەلانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاش لە سایەی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١١ەوە دەرفەتیان بۆ رەخسا کە بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن و دامودەزگای پەروەردەی تایبەت بە خۆیان هەبێت. لەوانە ئاسوری، ئەرمەنی، سوریانی، چەرکەس و تورکمان.

سوریانی و ئاسوریەکان کە پێشتر لە دێرەکانیان دا پەروەردەیان دەبینی، ئیتر لە دوای شۆڕشی رۆژئاواوە لە خوێندنگەکان و لە دامەزراوە و ئەنجومەنەکانی خۆیان فێری زمانی خۆیان دەبوون. بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی سوریانی و پێگەیاندنی مامۆستا لە ساڵی ٢٠١٤دا لە قامیشلۆ دەزگای ئۆلاف تائۆ کرایەوە کە سەر بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریایە و لە قامیشلۆ، دێرک، تربەسپی و حەسەکەش لقی هەیە.

چەرکەس و تورکمانەکانیش لە منبج لە ژێر چەتری کۆمیتەیەکی سەر بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دەستیان بە پەروەردە بە زمانی دایکیی خۆیان کردووە.

پرۆگرامی خوێندنی بەعس مێژووی پێچەوانە دەکرد

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکاری خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا سەمیرا حاج عەلی، ئاماژەی بە سەردەم دەسەڵاتی رژێمی بەعس کرد کە بەهۆیەوە گەلانی کورد، عەرەب، سوریان، ئەرمەن و چەرکەس لە ناو هەلومەرجێکی زۆر دژواردا دەژیان، بە تایبەتی لە دژی گەلی کورد سیاسەتێکی تایبەت پەیڕەو دەکرا و خوێندن، قسەکردن و گۆرانی وتن بە کوردی قەدەغەبوو. لە خوێندنگەکان تواندنەوەی کولتوری ئەنجام دەدرا و مێژوو پێچەوانە دەکرا و بەو جۆرە دەوترایەوە. پڕۆگرام و سەرچاوەکانی خوێندن پڕ لە شۆڤینیزم، نەژادپەرستی و نەتەوەپەرستی رژێمی بەعس بوو. هەروەها ئەو مرۆڤانەی کە بە دڵی رژێمی بەعس نەبوون، نەیاندەتوانی بە ئاسانی بچنە زانکوە.

خوێندن بە زمانی دایکی لە دوای شۆڕشی رۆژئاوا

لە درێژەی قسەکانیدا سەمیرا حاج عەلی ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون و هەنگاوەکانی پەروەردە بە زمانی دایکیی کرد لە دوای شۆڕشی رۆژئاوا و ئەوەی خستەڕوو، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کۆمیتەی پرۆگرام و سەرچاوەکانی خوێندن دامەزراوە و بە حەوت کەسەوە کە لە کۆمیتەکەدابوون دوای بڕینی رێگەیەکی دژوار و چەندین تەنگوچەڵەمە گەیشتوونە ئەو ئاستەی کە پڕۆگرامی خوێندن بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و سوریانی بەردەست بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کە پرۆگرامی خوێندن لە ٧ کانتۆن رێکدەخرێن و بۆ زاڵ بوونی مامۆستایان لە سەر پرۆگرامەکانی خوێندن بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و سوریانی لە پەیمانگا و کۆلێژەکانی پێگەیاندنی مامۆستایان لە سەرجەم کانتۆنەکان خول و راهێنان کراوەتەوە.

پڕۆگرامی خوێندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر بە سێ زمانە

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەمیرا حاج عەلی لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕوو کە منداڵانی کورد، عەرەب و سوریان پێکەوە لە یەک خوێدننگەدا بە شێوەی هاوکات بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە دەبن و هەر منداڵێک بە زمانی دایکیی خۆی پەروەردە دەکرێت و ئەو شانسەشی هەیە کە فێری زمانی گەلانی دیکە بێت. سیستمی پەروەردە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سیستمێکە کە لە سەر بنەمای سەرلەنوێ بونیادنانەوەی مرۆڤ دامەزراوە. بۆ ئەوەی بە کولتور و مێژووی خۆی کەسایەتی ئەو کۆمەڵگایە بونیادبنێتەوە. سیستمی نەتەوە دەوڵەتەکان مرۆڤی بەو جۆرە دەخوڵقێنن کە بچنە ناو سیستمی پەروەردەی ئەوانەوە. سیستمی پەروەردەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک تەنیا وانە و تاقیکردنەوەی کلاسیک نییە، بە پێچەوانەوە بە پاڕادایمی نەتەوەی دیموکراتیک کۆمەڵگا دەخوڵقێندرێت، لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا عەرەب، کوردی و سوریانی وەک زمانی فەرمی دەستنشان کراون و پەروەردە بەو سێ زمانەیە، بەڵام جیالەوەش گەلانی ئەرمەن و چەرکەسیش هەمان مافیان هەیە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن".

هـ . ب