لە حەسەکە مەراسیمی جەماوەری بۆ دوو شەهید بەڕێوەچوو

تەرمی شەڕڤانی قەسەدە (ئەحمەد شەهاب) قەندیل شەدادێ لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە شاری حەسەکە بەخاک سپێردرا. هەروەها شەهید خەلیل حەمید ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی بە مەراسیمێک بە بیر هێنرایەوە.

دانیشتوانی شار و گوندەکانی حەسەکە تەرمی قەندیل شەدادێ (ئەحمەد شەهاب) شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) کە لە ١٥ی کانوونی یەکەمدا لە شاری حەسەکە شەهید بوو، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیە بە خاک سپارد.

هەر لە مەراسیمەکەدا شەهید خەلیل حەمید ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش بەبیرهێنرایەوە، کە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە شاری حەسەکە شەهید بوو.

لە میانەی مەراسیمەکەدا، مستەفا عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان، سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهید دەربڕی و وتی:" شەهید گیانی بۆ پاراستنی خاک و دەستکەوتەکانی شۆڕش بەخت کرد و وتی شەهید ئەحمەد شەهاب بوو بە پێشەنگێکی قارەمان و نموونەی قارەمانێتی بۆ گەلەکەی."

هەروەها زیاد حەسەکە، یەکێک لە فەرماندەکانی ئەنجومەنی سەربازی کانتۆنی جزیر قسەی کرد و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانی دا.

دوای وتارەکان ناسنامەی هەر دوو شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، دواتر تەرمی شەهید قەندیل شەدادێ بە دەم هەلهەلەی دایکان و دروشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.