قەسەدە: فەرماندە رۆنی وڵات شەهیدبوو

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند، فەرماندە رۆنی وڵات لە رۆژهەڵاتی دێرەزور لە ئەنجامی هێرشێکی 'تیرۆریستی'دا شەهید بووە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە راگەیەندراوێک ناسنامەی رۆنی وڵات یەک لە فەرماندەکانی خۆی ئاشکرا کردووە کە لە دێرەزور شەهید بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"بە سەربەرزی و بڕوامەندبوون بە سەرکەوتن، فەرماندەیی گشتیی قەسەدە شەهیدبوونی ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی و ئەندامی فەرماندەیی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور فەرماندە رۆنی وڵات/ شێروان حەسەن رادەگەیەنێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە فەرماندە رۆنی وڵات لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی ترسنۆکانە لە رۆژهەڵاتی دێرەزور و لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی و ئەخلاقیەکەیدا شەهیدکرا.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، شەهید رۆنی لە یەکەمین فەرماندەکان بووە کە بەشداربووە لە دامەزراندن و پێکهێنای هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن و رۆڵی کارای لە پەروەردەکردنی شەڕڤانان و رێکخستنی ئەو هێزە گێڕاوە. مێژوویەکی پڕ لە گیانبازی هەیە و لە گۆڕەپانەکانی بەرخودان بە قارەمانێتی، زانابوون و دەستپێشخەرییەکانی دەناسرا و رۆڵی لە پەرەپێدان بە گیان و بنەماکانی برایەتی گەلان و پوچەڵکردنەوەی فیتنە و ئاژاوەی هەندێک لایەن لە دێرەزور هەبووە.  

بەو بۆنەوە فەرماندەیی گشتیی قەسەدە سەرەخۆشی لەسەرجەم شەڕڤانان، گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بنەماڵەی شەهید کردووە.

قەسەدە بەڵێنی وەفاداری و پابەندبوون بە ئامانجەکانی شەهیدانی دوپاتکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە، کە ئەو تیرۆریستانەی شەهید رۆنی وڵاتیان تیرۆرکردووە لە سزا قوتاریان نابێت و بە سزا دەگەیەندرێن.

زانیاری لە سەر ناسنامەی شەهید بەم جۆرەیە:

ناوی بزوتنەوە: رۆنی وڵات

ناو و پاشناو: شێروان حەسەن

ناوی باوک: حسێن

ناوی دایک: هەدیە

شوێن و کاتی لەدایکبوون: قامیشلۆ/ ١٩٧٩

شوێن و کاتی شەهیدبوون: دێرەزور/ ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣".

هـ .ب